لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی 40 ڕزگاركار بۆ فریاكەوتنی خێرا ئامادە دەكرێن

بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، عەقیدی مافپەروەر نالی نەوزاد بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، لە ڕێكەوتی 3\7\2025 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە هەولێر، خولی ڕاهێنانی فریاكەوتنی خێرا بۆ تیمی وەڵامدانەوەی خێرای پارێزگای هەولێر و تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆتایی هات.
خولەكە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و 40 كەس (20 كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و 20 كارمەندی تیمی وەڵامدانەوەی خێرا) تێیدا بەشدار بوون و لە بوارەکانی (بەرگریی شارستانی – فریاگوزاری سەرەتایی – سەرکردایەتیی تیم – چۆنیەتی بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی تیم) ڕاهێنانی تەواویان پێكرا.
ئامانجی خولەكە ئامادەباشی و بەهێزکردنی توانای وەڵامدانەوە و بەهاناوەچوون و ڕزگارکردن لەکاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی وەڵامدانەوەی خێرا (RRU) سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان/EJCC لە پارێزگای هەولێر، خولەكەی بەڕێوە برد و لە كۆتایی خولەكەش بەشداربووانی خولەكە بڕوانامەیان پێشكەش كرا.
سەرهید حەمید، بەڕێوەبەری تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە پارێزگای هەولێر، لەبارەی خولەكەوە تایبەت بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “ئێمە وەك تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە پارێزگای هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خولێكی سێ ڕۆژەمان بۆ ئەندامانی تیمی فریاكەوتنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەندامانی تیمی وەڵامدانەوەی خێرای پارێزگای هەولێر كردەوە، بە مەبەستی ئامادەباشی و بەهێزکردنی توانای وەڵامدانەوە و بەهاناوەچوون و ڕزگارکردن لەکاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، كە لە ڕێكەوتی 1\7\2025 دەستی پێكرد و ئەمڕۆ (3\7\2025) خولەكە كۆتایی هات”. لە ڕۆژی یەكەم بواری بەرگریی شارستانی و لە ڕۆژی دووەم بواری فریاگوزاریی سەرەتایی و لە ڕۆژی سێهەمیش بواری سەرکردایەتیی تیم – چۆنیەتی بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی تیم) بۆ بەشداربووانی خولەكە بە هەر دوو شێوەی تیۆری و پراكتیك پێشكەش كران و بە كردەیی بەشداربووانی خولەكە ئامادە كران، بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوە و بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنیان لەکاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو وەك بوومەلەرزە، لافاو و ئاگركەوتنەوە لە ڕووداوە سرووشتییەكان هەبێت”.
بەڕێوەبەری تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە پارێزگای هەولێر، جەختی لەوەش كردەوە، كە چالاكییەكانی خولەكە زۆر بە سەركەوتووانە ئەنجام دراون، بەشداربووانی خولەكەش بە شێوەی كرداری ئەزموونی باشیان وەرگرتووە. باسی ئەوەشی كرد، تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە پارێزگای هەولێر لە ساڵی 2018ـەوە دامەزراوە و، لەلایەن ڕاهێنەرانی ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا بۆ هاوكاریی تەكنیكی كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیایە، چەندین ڕاهێنانیان پێكراوە. گوتیشی: “ئەوە دووەم ڕاهێنانە بۆ تیمی وەڵامدانەوەی خێرای دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجامی دەدەین. بە پێویستیشی دەزانین لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانین لە پەیمانگەی بەرگریی شارستانی، ڕاهێنانێكی كرداری بۆ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر وەكو تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە پارێزگاێ هەولێر بەڕێوە بەرین”.
كارێز عومەر، پێشكەشكاری ڕێوڕەسمی كۆتایی خولەكە، كە خۆیشی ئەندامێكی بەشداربووی ئەو خولە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بووە، سەبارەت بە هەمان چالاكی دەڵێت: “وانەكان لە لایەن مامۆستایانی پسپۆڕ و شارەزا و بەئەزموون پێشكەش كران، لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا توانرا، تیمێكی ئامادە بۆ وەڵامدانەوە و بەهاناوەچوون و ڕزگارکردن لەکاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو دروست بكرێت. بۆ بەهێزكردنی تیمەكەش، پێویستە چەندین خولی دیكەی كرداری ببینن. بەڵام هیوادارم كەس نیازی بەو تیمانە نەبێت، واتە هەمووان لە ڕووداوە سرووشتییەكانی وەك بوومەلەرزە و ئاگركەوتنەوە و لافاو و جەنگەكان دوور بن”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest