دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوێکی ئەڵمانیا کار بۆ چارەسەری تووشبوانی تالاسیمیا دەکەن

شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەڵمانیا، لەگەڵ گرووپی هاوکاری ئایفڵ (Hilfsgruppe Eifel) کۆبوونەوە، وێڕای باسکردن لە کارە هاوبەشەکانیان، تاوتوێی چارەسەری تووشبووانی تالاسیمیا کرا لە رێگەی چاندنەوەی مووخ بۆ تووشبووان.
رۆژی 29/4/2023 لە میانەی سەردانەکەیان بۆ ئەڵمانیا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ویلی گرول سەرۆکی گرووپی هاوکاری ئایفڵ (Hilfsgruppe Eifel) و شاندی هاوڕێی کۆبوونەوە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پای کارە مرۆییە هاوبەشەکان و پشتیوانیی رێکخراوەکە، رێزلێنانی تایبەتی دەزگای بە سەرۆکی رێکخراوەکە پێشكەش كرد.
هەروەها سەرۆکی رێکخراوی (Hilfsgruppe Eifel) لەپای هاوبەشی و هەماهەنگیی بەردەوامیان خەڵاتی رێزلێنانی بە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تاوتوێی پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوولا کرا، بە پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان، لە رێگەی چاندنەوەی مووخ بۆ تووشبووان، کە تەکنیکێکی نوێی پزیشکییە، بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی تالاسیمیا.
هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان بە جێبەجێکردنی پرۆژە هاوبەشەکەیان دەربڕی و هیواخوازبوون لە ئایندەیەکی نزیک، پرۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest