نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا، ڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی 10\8\2025 لە واشنتن، سیمینارێكی لەژێر ناونیشانی “لە سێبەری چیاکاندا، لەژێر ڕۆشنایی مێژوودا، ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا”، ئەنجام دا.
لە پانێلێكی ئەو سیمینارەدا، تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، باسی لە پێگەی ئافرەتانی کورد لە کایەی سیاسی و حوكمڕانی کرد، کە چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پێگەی ئافرەت بەرز بنرخێنێت و هاوشێوەی پیاوان دەرفەت بە ئافرەتانیش بدرێت، لە حوكمڕانیدا بەشدار بن.
شاهین مافی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازا، یەکێکی دیکە بوو لە پانێلیستەکان و باسی لە گرنگیی پەروەردە و خوێندن بۆ ژنان و کچان کرد. هاوکات تارا عەزیزی، وەک پارێزەرێک لە ڕووی یاساییەوە باسی دادپەروەری و نایەکسانی لە کۆمەڵگەدا کرد.
خووناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لەئەمریکا، وەك ڕێكخەری سێمینارەکە، جگە لەوەی تیشكی خستە سەر ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا، هاوكات باسی کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو کرد و هانی خێرخوازان و ڕەوەندی کوردی دا، کە هاوكاری و پاڵپشتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەن، لە پێناو بەردەوامیدانی دەزگا بە کارە مرۆیی و خێرخوازییەکانی لە کوردستان و ئەو وڵاتانەی کاری تێدا دەکات.









