زيارەتكاران سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەكەن

ماندانا خوڕەمی:
لە ئێرانیش زۆر جار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەیری كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، ئەم دەزگا پیرۆزە، خزمەتی زۆری بە مرۆڤایەتی كردووە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ چوارەمین ساڵە پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی دەكات، كە لە هەولێرەوە سەردانی شارە پیرۆزەكانی خوارووی عێراق دەكەن. ژمارەیەك لەو زیارەتكارانە لێدوانی تایبەت بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەدەن و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئاسانكاری و هاریكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەت و خەڵكی كوردستان دەردەبڕن.

لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 2025 و لە كەشێكی زۆر گەرمی چلەی هاوین، لە سپێدەوە تا نیوەشەو، پەیتا پەیتا كۆستەر و مینی پاسەكان دەگەنە گۆڕەپانی پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر و زیارەتكاران دادەبەزن، بۆ ئەوەی پشوویەك وەربگرن. لە نێو زیارەتكاراندا، منداڵ، گەورە، بەساڵاچوو، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری خاوەن پێداویستیی تایبەت دەبیندرێن.

شێخ بەشير عادل گولی، ئەمینداری گشتیی بونیادی ئەهلی ویلایەت و نوێنەری مەرجەعی دینی لە هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرەتا ئاماژەی بەوە كرد، كە زیارەتكاران زۆر ڕازین لە پێشوازیی خەڵكی كوردستان و بەتایبەت حكومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی. هەر لەو بارەیەوە گوتی: “لە ڕووی ئاسایش و خزمەتگوزاری و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە و خۆراك و دەرمان و لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو باشتر پێشوازی لە زیارەتكارانی ئیمام حسین كراوە. بۆیە بە ناوی زیارەتكاران و شیعەكانی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی حكومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، كە ئەو هەموو ئاسانكاری و خزمەتگوزارییەیان بۆ پەیڕەوانی مەكتەبی ئەهلی بەیت دابین كردووە، ئەوەشی لە هەرێمی كوردستان كراوە، زۆر شوێنی دیكە لەو ئاستەدا نەبووە. خوای گەورە پاداشتی هەموویان بداتەوە”.
فاتیمە عەلیمورادی، ئافرەتێكی بەساڵاچووی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، سەر تا پێ ڕەشپۆشە و بەیداخێكیشی بە دەستەوەیە، لەسەری نووسراوە “یا حسین ابن علی”، كاتێك پرسیارمان كرد، بەو گەرمایە و بەو حاڵەیەوە چۆن دەتوانێت سەفەری وا دوور بكات؟ لە وەڵامدا گوتی: “ئیمام حسێن، گیانیشی بە قوربان بكەین، هێشتا كەمە. من ساڵی پاریش هاتم و هەر لێرەوە چووم بۆ بەغدا و نەجەف و كەربەلا”. سەبارەت بە ئاستی ڕازیبوونی لە ئاسانكاری و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “خوای گەورە و پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت و ئیمامانی پاكمان سڵاویان لێ بێت، پشتیوانتان بن، ئێوە(دەزگای خێرخوازیی بارزانی) هەموو ئاسانكارییەكتان كردووە و خوا لێتان ڕازی بێت”.
ماندانا خوڕەمی، كچێكی نەوجەوانی تەمەن 17 ساڵە و وەك خۆی باسیكرد، دانیشتووی شاری(ورمێ)یە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە تاچەند لە خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕازیت؟ گوتی: “من لە ئێرانیش زۆر جار سەیری كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، لە گووگڵ و یوتووب و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەم دەزگایە پیرۆزە و خزمەتی زۆری بە مرۆڤایەتی كردووە”.
غوڵام ڕەزا حوسێن زادە، دانیشتووی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێرانە و یەكێكە لەو هەزاران زیارەتكارەی كە سوپاسی خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: “مەوكب(تیم)ـەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ماندووبوونی زۆیان كێشاوە، خوایان لێ ڕازی بێت. لەم شوێنی حەوانەوەیە جگە لە خواردن و خواردنەوە، پزیشك و دەرمانیش هەیە، هەوڵەكانیش سەرەڕای ئەوەی زۆر گەورەن، بەڵام زۆر فێنكن و دەستیان خۆش بێت. بەڕاستی سوپاسی دەزگاكەتان و خەڵكی كوردستان دەكەین، زۆر هاوكاریی ئێمەیان كردووە”.
پیاوێكی زیارەتكار خۆی بە “حاجی ناسر” دەناسێنێت و دەڵێت: “بە گشتی سوپاسی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین. زۆر سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە ئاسانكاریی زۆر باشیان بۆ هاتوچۆی زیارەتكاران كردووە. هەروەها زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، بەڕاستی ئەركی زۆریان بۆ خزمەتكردن قبووڵ كردووە. ماوەی چوار ساڵە ئەم سنوورە كراوەتەوە بۆ زیارەتكاران، كە لێرەوە بە ئاسانی دەتوانین زیارەتی مەزاری ئیمامە پیرۆزەكانمان بكەین. هەروەها دابینكردنی شوێنی وا گەورە و بەرین و بە هەموو خزمەتگوزارییەكانەوە لەم پیشانگە نێودەوڵەتییەی هەولێر لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڕاستی جێی دەستخۆشی و سوپاسگوزارییە. سەروەری شەهیدان ئیمام حوسین سڵاوی لێ بێت، پشت و پەناتان بێت”.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەفتەیەك پێش هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماتەمێنی چلەی ئیمام حسێن، دەستیان بە ئامادەكاری كرد و، لە پیشانگەی نێودەوڵەتی لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر، شوێنی حەوانەوەیان(بە خورادن و خواردنەوە و خزمەتگوزاریی تەندروستی) بۆ دابین كردن.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساڵی ڕابردووش پێشوازی و خزمەتی زیاتر لە 150 هەزار زیارەتکاری ئێرانییان كرد، كە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماتەمێنی چلەی ئیمام حسێن، دوای حەوانەوەیان لە هەولێری پایتەخت، سەردانی (بەغدا و كەربەلا)یان كرد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest