دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆژی جیهانیی كاری مرۆیی بەرز ڕادەگرێت

بەهادانی زیاتر بە كاری مرۆیی و تاوتوێكردنی ئەو مەترسی و ئاستەنگانەی كە لەسەر ڕێگەی كاری مرۆیین، مژارێكی هەستیار و جەوهەرین. زۆرن ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە پێناوی هاریكاریی مرۆیی، بە خۆنەویستی و فیداكارییەوە، لە كاتی قەیرانەكان و شەڕ و كاولكاری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و كارەساتە سرووشتییەكانی وەك لافاو و بوومەلەرزە، گیانی خۆیان خستووەتە مەترسی، تەنیا لە پێناوی ئەوەی بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەو بوارەدا پشكی شێری بەر كەوتووە، كە دەكرێت نموونە بەوە بهێنیینەوە، كە ئەم دەزگایە و تیمەكانی، پێش هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی هاریكاریبەخش لە شوێنی كارەساتەكانی بوومەلەرزە لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و لە توركیا و سووریان ئامادە بوون و هاریكارییەكانیان بە سنوورێكی پڕ لە تیرۆریستاندا بە نیازمەندان گەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، تەنیا لە ساڵی 2022، زیاتر لە 475 كارمەندی مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان بەر پەلاماری تیرۆریستان و لایەنە توندڕەوەكان كەوتوون و كوژراون.
لە هەرێمی كوردستانیش لە دوای شەڕەكانی تیرۆریستانی داعش و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ناوەندێكی سەرەکیی بووە بۆ كاری مرۆیی و لە زیاتر لە 30 كەمپی ئاوارە و پەنابەران خزمەتی قوربانییانی شەڕی كردووە.
ڕۆژی جیهانیی كاری مرۆیی، تەنیا یادی ڕابردوویەك نییە، بەڵكو بانگەوازێكە بۆ خۆمان و داهاتوو، بۆ ئەوەی بەها و گرنگیی كاری مرۆیی بزانین و پاڵپشتییان بكەین. بانگهێشتێكە بۆ هەموومان بۆ هەڵسەنگاندنی بەرپرسیاریەتییە سیاسی و مرۆییەكانمان.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە:
ئایا داهاتووی كاری مرۆیی لەسەر هێڵی سیاسەتە، یان لەسەر بڕوا و بەهای مرۆیی؟
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای ئەوەی ڕۆژی جیهانیی كاری مرۆیی بەرز ڕادەگرێت، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە زۆر جاران خزمەتكارانی كارە مرۆییەكان، كەوتووەنەتە ژێر گوشاری هێزی چەكداریی جۆراوجۆر و بە ئامانج گیراون، یان ڕێگری لە گەیاندنی هاریكارییەكانیان كراوە.
خزمەتكارانی كارە مرۆییەكان، پاڵەوانی فلیمەكانی هۆڵیوود نین؛ ئەوان خۆبەخشێكی نادیارن، پزیشكێكی ناو خەمی ئاوارە و پەنابەرانن، كەسانێكن كە لە ناو قەیرانەكان بە بێدەنگی كاری مرۆیی دەكەن.
ئەگەر جیهان دەخوازێت، بەڕاستی یادی ڕۆژی جیهانیی كاری مرۆیی بكاتەوە، پێویستە هەموو وڵاتەكان بەرپرسیاریی خۆیان بسەلمێنن و پاراستنی هاریكاریبەخشان بۆ كاری مرۆیی لە ئەستۆ بگرن.
تیرۆری “سیرگیۆ ڤیرا دێ مێللۆ” و هاوكارانی لە بەغدا، نیشانەیەكی ڕوونە لەوەی كە كاری مرۆیی بێ مەترسی نیییە و پێویستە پلانێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانانە دابنرێت.
“سیرگیۆ ڤیرا دێ مێللۆ” نوێنەری پایەبەرزی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و 22 هاوكاری، لە ڕێكەوتی 19ی ئابی ساڵی 2003 و لە هێرشێكی تیرۆریستی و پیلانێكی بۆمبڕێژدا لە هوتێلی “كەناڵ”ی بەغدا كوژران. نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2009، بە فەرمی ئەم ڕۆژەیان وەك ڕۆژی جیهانیی كاری مرۆیی
(World Humanitarian Day) دەستنیشان كرد، بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێكی جیهان، یادی ئەو قوربانییانە بكرێتەوە، كە لە ڕێگەی كاری مرۆیی گیانیان لەدەست داوە.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest