ڕێوڕەسمی ناساندنی پەرتووكی “كاری خێرخوازی ڕێگاكانی بنیادنانی نەتەوە ڕووناك دەكاتەوە” لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە چوو

“كاری خێرخوازی ڕێگاكانی بنیادنانی نەتەوە ڕووناك دەكاتەوە”، نووسینی بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سەرۆكایەتی دەزگا ناساندنی بۆ كرا، نووسەر لەم بەرهەمەیدا لە ئەزموونی خۆی لە ماوەی نۆزدە ساڵ كاری مرۆیی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كەڵكی وەرگرتووە و بە شێوەیەكی بابەتییانەش پێناسەی كاری خێرخوازی كردووە. هەروەها تیشكی خستووەتە سەر بەشێك لە پەیام و وتە بەنرخەكانی بارزانیی نەمر و شیكاریی وردبینانەی بۆ ڕوانگەی جیهانی بەرانبەر بە كاری خێرخوازی كردووە.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە كەسایەتیی ئایینی و چالاكانی مەدەنی و نووسەران و خێرخوازان، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ١٢/١٠/٢٠٢٥ لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ناساندنی كتێبی “كاری خێرخوازی ڕێگاكانی بنیادنانی نەتەوە ڕووناك دەكاتەوە”، لە نووسین و ئامادەكردنی بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەكە بە ساتێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێكرد و دواتر بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز، لە ناساندنی پەرتووكەكەیدا، سەرەتا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و دواتر ئاماژەی بە ڕەهەندەكانی كاری خێرخوازی و نۆزدە ساڵ ئەزموونی كاركردنی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد. سەبارەت بە چۆنیەتی یەكەم بەرهەمی نووسرۆاویشی وەك پەرتووك گوتی: “بڵاوكردنەوەی ئەم پەرتووكە بۆ ڕێزگرتنە لە گەشتێك كە پڕ بووە لە خزمەت و میهرەبانی و باوەڕی پتەو و گێڕانەوەی ئەم گەشتە مرۆییەمان دەخاتەڕوو. هەموو خزمەتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرچاوەی لە وتەیەكی بارزانیی نەمر وەرگرتووە، كە فەرموویەتی: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”.
ئەوەشی خستەڕوو كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە كاتی دیدارێكی لەگەڵ كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی فەرموویەتی: “ئێوە پردی ستراتیژیی نێوان مێژووی ڕێبازی بارزانیی نەمر و میللەتن”، هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ئەم وتەیە بەرپرسیارییەكی گەورە بوو لەسەر شانی هەر یەك لە ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمەش پاڵنەری نووسینی ئەم پەرتووكە بوو”.
وەك باسی كرد ئەو پەرتووكە لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی یەكەمیان پێناسەی كاری خێرخوازی دەخاتەڕوو و باس لە فەلسەفەی كاری خێرخوازی دەكات، بەشی دووەمیش شیكردنەوەی كاری خێرخوازییە لە نێوان هەڵوێستی شارستانی و مرۆڤایەتی و قەبارەی پەرتووكەكەش مامناوەندیی و ١٠٥ لاپەڕە لە خۆی دەگرێت.
دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، دەستخۆشی لە بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز كرد بە بۆنەی ئەو بەرهەمە بەنرخ و جوانەی و هاوكات گوتی: “خوای گەورە ئێمەی خۆش دەوێت، كە ئەم كارە جوانەی بە نەسیبی ئێمە كردووە كە كاری خێرخوازییە. كۆمەڵگە و مرۆڤی ئێمە دەوڵەمەندە بە كاری مرۆیی و بە بێ دوودڵی و بە جورئەتەوە دەڵێم: هەموو ئەو ماوەیە كە ئێمە لە بواری مرۆیی كارمان كردووە و ئەزموونمان وەرگرتووە، هیچ میللەتێك بە قەد خەڵكی كوردستان دەست كراوە، دڵ كراوە، بەخشەر و میوانپەروەر نییە بۆ مرۆڤایەتی و ئەمەش قسەی هەموو ئەو گەڕیدە و نووسەر و كەسایەتی و سیاسییانەیە كە بە هەر هۆكارێك بێت هاتوونەتە كوردستان و كۆمەڵگەی كوردییان بینیوە، كاتێكیش دەڕۆنەوە زۆر بە بەرزی باسی ئەو ئاكار و هەڵوێستانەی خەڵكی كوردستانیان كردووە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوەش كردەوە كە “بە شانازییەوە ئەركێكی گەورەمان پێ سپێردراوە، كە ئەویش كاری خێرخوازییە و شانازی دەكەین كە كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە ئەركی خۆیان چوونەتە ناو ڕۆحی فەلسەفەی بەخشین و كاری مرۆیی، كە زۆر جار لە بۆنە و جەژنەكان و زۆر شەو و ڕۆژشیان بە هۆی كار و چالاكی دوور لە خێزانەكانیان بەسەر بردووە”. لە كۆتایی وتەكانیشیدا جارێكی دی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە نووسەری پەرتووكی “كاری خێرخوازی ڕێگاكانی بنیادنانی نەتەوە ڕووناك دەكاتەوە”.
لە بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكە بەڕێز سابیر ڕەشید نووسەر و چیرۆكنووسی كورد، خوێندنەوەیەكی بۆ ئەو پەرتووكە كرد و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو بەرهەمە لە كتێبخانەی كوردیدا جێی خۆی دەكاتەوە و هەندێك تێبینی و پێشنیاریشی خستەڕوو بۆ ئەوەی لە چاپی دووم جاریدا ڕەچاو بكرێن.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest