لەژێر چاودێریی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی د. ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بۆتان تەحسین بەڕێوەبەری دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و كەسایەتی ئەكادیمی و چالاكانی مەدەنی، ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی ١٤/١٠/٢٠٢٥ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا، ناساندن بۆ ڕۆمانی “آخر معارك الجنرال” كرا.
“آخر معارك الجنرال” لەلایەن نووسەر و رۆماننووسی دیاری کورد جان دۆست، نووسراوە، کە حەڤدەیەمین بەرهەمی ڕۆمانی ئەو نووسەرەیە، ناوەڕۆکەکەشی بۆ باسكردن لە خەباتی مستەفا بارزانیی نەمر تەرخان كردووە.
“آخر معارك الجنرال” واتە (کۆتا شەڕەكانی ژەنەڕاڵ)، وەك لە پشت بەرگی ڕۆمانەکەدا نووسراوە: “ئەم ڕۆمانە چیرۆکی ناسراوترین ژەنەڕاڵی کورد لە مێژوودا دەگێڕێتەوە، مەلا مستەفا بارزانی، ئەو ڕابەرەی کە شوێنەوارێکی نەسڕاوەی لە خەباتی رزگاریخوازی کورد لە پێناو ئازادیدا لە سەدەی بیستەم بەجێهێشت”.
هەروەها هاتووە: “ئەم ڕۆمانە تەنیا لە بارەی یەک کەس نییە، بەڵکو لە بارەی نەتەوەیەکە کە خەباتە بەردەوامەکەی لە کەسایەتییەکی کاریزمادا بەرجەستە بووە و لە کۆتاییدا گۆڕاوە بۆ ئەفسانەیەکی ڕاستەقینە”.
جان دۆست (Jan Dost)، شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد، لە ساڵی ١٩٦٥ لە کۆبانێ لە ڕۆژئاوای كوردستان لەدایک بووە. لە زانکۆی حەلەب بەشی بایۆلۆجی تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی. سەرەتا بە نووسینی شیعر دەست بە کاربووە و یەکەمین دیوانی بە ناوی (قەڵای دمدم) لە ساڵی ١٩٩١ لە ئەڵمانیا بڵاو کردەوە، پاشان لە هەمان ساڵدا لە ئەستەمبووڵیش بڵاوی کردەوە، هەروەها (دیوانی جان)ی لە دوبەی و ئەستەنبووڵ چاپ کردووە، چەندین کتێبی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە، وەک مەم و زینی ئەحمەدی خانی کە ناوی ناوە (الدر الثمین فی شرح مم و زین)، بە چوار چاپ لە دیمەشق، بەیروت و دهۆک بڵاو بووەتەوە، پاشان کتێبی (عادات و ڕسووماتنامەی ئەکرادییە)ی مەلا مەحموودی بایەزیدی و ڕۆمانی (میرنامە) و ڕۆمانی (لابیرەنتا جنان – متاهە الجن)ی حەسەن مەتی بۆ پڕۆژەی ئەلکەلیمە کردوونەتە عەرەبی و لە ئەبوزەبی چاپ کراون، ئەمانە و جگە لە وەرگێڕانی ڕۆمانی (مژاباد) و (مارتینی بەختەوەر) بۆ زمانی عەرەبی، پاشان نووسینی دوو ڕۆمان بە زمانی عەرەبی بە ناوی (دم علی المئذنە) و (عشیق المترجم)، هەروەها کۆمەڵێک شیعری سەییاب و هەردوو ڕۆمانی (مهاباد بەر بە ئۆڵەمپیادا خودێ) و (پەڕ)ی سەلیم بەرەکاتی کردوونەتە کوردی، پاشان کتێبی (الحدیقە الناصریە)ی لە فارسییەوە کردووە بە عەرەبی و (قاموس بدائع اللغە)ی لە فارسییەوە کردووە بە کوردی. حەڤدەیەمین ڕۆمانیشی بریتییە لە(آخر معارك الجنرال) و ناوەڕۆکەکەشی بۆ باسكردن لە خەباتی مستەفا بارزانیی نەمر تەرخان كردووە.
ئا: سالار بابەشێخ
















