كارمەندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبێتە بەڕێوەبەری تەندروستیی عەفرین

نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، ڕێوڕەسمێكی تایبەت بۆ كارمەندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێكدەخات، كە دوای سێ ساڵ خزمەتی پزیشكی لە دەزگا، لەوەبەدوا وەك بەڕێوەبەری تەندروستیی عەفرین ئەركی پێسپێردراوی ڕایی دەكات.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٥/١٠/٢٠٢٥ لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا، سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە بەڕێز د. جیهان بەكو كرد، كە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە پڕۆژەی نۆرینگەی گەڕۆك لە عەفرین و دەوروبەری خزمەتی پشكنین و چارەسەری بە سەدان نەخۆش كردووە.
لەم ڕۆژەدا كە دواڕۆژی كاركردنی بەڕێز د. جیهان بەكو بوو لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەبێتە یەكەم ڕۆژی كاركردنی وەك بەڕێوەبەری تەندروستیی عەفرین و ئەركی نوێی پێسپێردراوی ڕایی دەكات. هەر بەم بۆنەیەوە بە ناوی سەرۆكایەتی و كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پیرۆزبایی لێكرا و سوپاس و پێزانینی پێشكەش كرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەمین ڕێکخراوی جیهانی بوو، ھاوکاری بە شاری عەفرین گەیاند. جگە لە فریاكەوتن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە زیانبەركەوتووانی بوومەلەرزەكان و پێشكەشكردنی خواردەمەنی و ژەمە خۆراكی گەرم، ١٢٠٠ خێوەتیان به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ دابه‌ش كرد، كه‌ خانووه‌كانیان ڕووخابوون و بێ لانه‌ ببوون. تا ئێستاش خزمەتگوزارییەكانی دەزگا لە سووریا و بەتایبەتی لە سنووری عەفرین بەردەوامن و بایەخێكی زۆریش بە خولەكانی پیشەیی و پەروەردەیی و خزمەتكردنی خاوەن پێداویستییانی تایبەت و منداڵانی ئازیز (بێباوك) و كەرتی تەندروستی دراوە. لەو ماوەیەدا لە ٩٧ ناوچه‌ی جیاوازی عەفرین و شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكانیشی خزمەتگوزاری و هاریكارییەكان لە چەندین سێكتەر بەردەوام بووە. تا ئێستاش پڕۆژەی نۆرینگەی گەڕۆك لە گوندەكانی سنووری عەفرین بەردەوامە و ڕۆژانە دوای پشكنین، دەرمان و چارەسەری بۆ سەدان نەخۆش دابین دەكەن.
لە ڕۆژئاوای كوردستان لە نۆ سێكتەری كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٥٨،٤٨٥ خێزان (٢٢٨،٦٩٥ كەس) سوودمەند بوون.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest