بەشێك لە كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە مانگی ئازاری ساڵی 2026 لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە مانگی ئازاری ساڵی 2026 لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پڕۆژە و كاری فریاكەوتن و خزمەتگوزاری و هاریكاریی مرۆیی ئەنجام داوە، لێرەدا پوختەی ئەو چالاكییانە دەخەیەنەڕوو.
لە یەكەم ڕۆژی ئەم مانگەدا
نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەک نەریتێکی ساڵانە و وەفایەک بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر، هاوكات لەگەڵ 47ـەمین ساڵهاتی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر و لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، پڕۆژەی “بارزانیی نەمر سومبلی پێکەوەژیانی” ڕاگەیاند. وەك سەرەتای پڕۆژەكە هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكییان بەسەر 30 خێزانی هەژار و كەمداهاتی شاری کەرکووک دابەش كرد.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، خولێكی تۆپی پێی بۆ لاوانی عەفرین و ئەشرەفیە كردەوە. لەو خولە هەشت یانە و  120 یاریزان بەشدار بوون.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دهۆك، چالاکییەکی تایبەت و دڵخۆشکەرانەی بۆ 100  منداڵی ئازیز ڕێکخست.
هەر لەم ڕۆژەدا منداڵانی ئازیز لە كەلار دڵخۆش كران و جلوبه‌رگ و پێڵاو بۆ 47  منداڵی ئازیز دابین كرا.
لە ڕۆژی دووەمی مانگی ئازار
تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە قامشلۆ، سەردانی ماڵ بە ماڵی گەڕەكێكیان كرد و هاوكاریی جۆراوجۆریان پێشكەش بە 600 خێزانی خۆجێیی كرد.
نووسینگەی گەرمیانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبەتەی خۆراکی بەسەر 130 خێزانی هەژار و کەمداهات لە قەزای کفری دابەش کرد.
بە هاوكاریی ڕێكخراوی (shelter now)، لە كەمپی شاریا لە سنووری پارێزگای دهۆك، هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی بەسەر 163 ئافرەتی بێهاوژین دابەش كران.
 لە ڕێكەوتی 3/3/2026 لە گەڕەکی هیمۆ لە قامشلۆ هاوكاریی جۆراوجۆر پێشكەش بە 700 خێزانی خۆجێیی كران.
هەر لەم ڕۆژەدا سەبەتەی خۆراک بەسەر 150 خێزانی هەژار و کەمداهات لە شارۆچكەی خانەقين دابەش کران.
لە کەرکووک بە هاوكاریی بەخشەرێک، هاوكاریی دارایی بە سەر (300) خێزانی هەژار و کەمداهات دابەش كرا. هەر خێزانێک(100) دۆلاری  پێدرا.  و كۆی پارەی دابەشكراو 30 هەزار دۆلار بوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساڵانە پڕۆژەی دابەشکردنی هاوکاری دارایی(پارەی زەکات) جێبەجێ دەكات، كە سەرمایەداران و خواپێداوان ئەو پارەیە بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەسپێرن و ئەم دەزگایە بە دەستێكی ئەمین و پردێكی متمانپێكراو دەزانن، كە لە بواری هاریكاریی مرۆیی ڕابردوویەكی درەوشاوەی هەیە.
لە ژێر دروشمی “هاوکاری و برایەتی”، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی مانگی ڕەمەزان، پرۆژەی پێشکەشکردنی نانی بێبەرانبەری بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستپێكرد.
لە ڕێكەوتی 4/3/2026 بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەولێر، سەبەتەی خۆراك و كارتۆن بەرهەمەكانی(كۆمپانیای زۆن)ی بە سەر خێزانی سەربەرزی شەهیدان دابەش كران.
لە ڕێکەوتی 5/3/2026 دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوکاری و پشتگیریی خەڵکی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 500 کارتۆن خواردن و 12.5 تۆن ئاردی بەسەر خێزانە خۆجێییەکانی گوندی واریت لە ناوچەی دێرك لە ڕۆژئاوای کوردستان دابەش کرد.
لە ڕێکەوتی 7/3/2026 لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکاریی خۆراکی و ناخۆراكی لە گوندەكانی دەوروبەری قامشلۆ بە سەر 470 خێزان دابەش كران.
هەر لەم ڕۆژەدا لە شێلادزێ و کۆمەڵگەی سیریێ لە سنووری پارێزگای دهۆك هاوكاریی خۆراكی بەسەر 200 خێزانی كەمداهات دابەش كران.

لە ڕێکەوتی 8/3/2026  لە گوندەكانی دەوروبەری قامشلۆ 375 خێزانی دیكە لەو سنوورە لە هاوکارییەكان سوودمەند بوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان (8 ی مارس) لە قامشلۆ، پیرۆزبایی لە كچان و ژنانی خۆبەخشانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کارمەندانی هەیڤا سۆری كوردی دەكات.
هەر لە ڕێکەوتی 8/3/2026 نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە شارەدێی شۆڕش، سەربە شارۆچكەی چەمەچەماڵ، هاوكاریی دارایی بەسەر 136 خێزانی زیانلێكەوتووی لافاو دابەش كرد. هەر خێزانێك 400 هەزار دیناری پێدرا.
هەر لەو ڕۆژەدا تیمە مەیدانییەکانی دەزگا، ژەمە خۆراكی گەرمیان بەسەر 700 كەسدا لە قامشلۆ دابەش كرد.
لە ڕێكەوتی 9/3/2026 نووسینگەی هەڵەبجەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، 1000 سەبەتەی خۆراكی بەسەر خەڵكی هەژار و كەمداهات لە هەڵەبجە دابه‌ش كرد.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، هاوکاریی دارایی بەسەر 30 خێزانی دانیشتووی کەمپی کەفەڕوم دابەش کرد.
هەر لەم ڕۆژەدا تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند محەمەد شیخۆ کرد.
 هاوكات هاوکاریی خۆراکی و ناخۆراكی لە گوندەكانی دەوروبەری قامشلۆ بە سەر 450 خێزان دابەش كران.
لە شاری زاخۆ سەبەتەی خۆراك و نان پێشکەش بە 400 خێزانی هەژار و کەمداهات کران.
لە كەلار سەبەتەی خۆراك بە خاوەن پێداویستییانی تایبەت پێشكەش كرا و 114 خێزان لێی سوودمەند بوون.
هەر لەم ڕۆژەدا نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، هاوكاریی دارایی بە سەر خێزانەكانی هەژار و کەمداهات لە كەمپی كەفەڕوم دابەش كرد.
هەروەها لە هەڵەبجە، هاوكاریی دارایی بە سەر (50) خێزانی هەژار و کەمداهات دابەش كرا.
لە گەڕەكی توڕەق لە هەولێر 500 سەبەتەی خۆراك بەسەر خەڵكی هەژار و كەمداهات دابەش كران.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گرووپی كۆمپانیاكانی گەلیاوە، جگە لە سەبەتەی خۆراك، ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا لە پاركی شاری هەولێر، ڕۆژانە خوانی بەربانگ بۆ 1000 كەس ئامادە دەكەن.
هەر لە ڕێكەوتی 10/3/2026
دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبەتەی خۆراكی بە سەر 400 خێزانی سەربەرزی شەهیدان دابەش كرد. هاوكات بە هاوكاریی خێرخوازێك، هاوكاریی داراییان پێشكەش كرا، (بۆ هەر خێزانێك 100 هەزار دینار) بوو.
هاوكات لە چوارچیوەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییانی تایبەت، 10 کورسیی جووڵاو(ویلچەر) بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەولێر پێشكەش کران.
لە ڕێکەوتی 11/3/2026
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە کەمپی کەفەڕوم لە عەفرین، سەبەتەی خۆراك و شیری قوتوو و كارتۆنی پاككەرەوەی  بەسەر 47 خێزانی دانیشتووی کەمپەکە دابەش کرد.
لە ئاكرێ 300 سەبەتەی خۆراک و لە بەردەڕەش 200 سەبەتەی خۆراکی پێشکەش بە خێزانە هەژار و کەمداهاتەكان لەو دەڤەرە كران.
لە ڕێكەوتی 2026/3/12 دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری سلێمانی، هاوكاریی دارایی بە سەر 100 خێزانی كەمداهات دابەش كرد و هەر خێزانێك بڕی 200 هەزار دیناری پێشكەش كرا. هاوكات هاوكاریی دارایی بە سەر 100 خانەوادەی دیكە لە هەمان سنوور دابەش كران، كە لە لایەن خالید خۆشناو دابین كرابوو. هەر خانەوادەیەك بڕی 200 دۆلاری پێدرا.
لە ڕێكەوتی 14/3/2026 دەزگاى خێرخوازیی بارزانی، بە بۆنه‌ی تێپەڕبوونی 123 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی بارزانیی نەمر، لە قامشلو جلوبەرگی بەسەر 2،000 منداڵ دابەش کرد.
هاوكات لە “سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و گەشەپێدان” لە عەفرین، كۆڕێكی ئەدەبی و هونەری ساز كرا.
ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەند و هۆزانەوان  و كەسایەتی و چالاكانی مەدەنی، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون و بە بەرهەمەكانی خۆیان، تیشكیان خستە سەر شكۆمەندیی بارزانیی نەمر لە بواری هاریكاریی مرۆیی و پێكەوەژیان و ئاشتەوایی ئەو زاتە خۆنەویستە، كە هەموو وێستگەكانی ژیانی بۆ خزمەتكردنی گەل و نیشتمانەكەی تەرخان كرد.
هەر لە ڕێكەوتی 2026/3/14 لە هەڵەبجە، هاوكاریی دارایی بە سەر 40 خێزانی كەمداهات دابەش كرا و هەر خێزانێك بڕی 200 دۆلاری پێشكەش كرا. كۆی گشتی پارەی دابەشكراو 8،000 دۆلار بوو.

لە ڕێكەوتی 15/3/2026 دەزگاى خێرخوازیی بارزانی، بە بۆنه‌ی پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جلوبەرگی نوێی بۆ 4،050 منداڵ لە ڕۆژئاوا دابین کرد. لەو هاوكارییە منداڵانی قامشلۆ، دێرک، عامودا و کەمپی سەرێ کانی سوودمەند بوون.
هەر لەو ڕۆژەدا نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، بە هاوكاریی دەزگای ئازار (Azar foundation)، بە بۆنەی پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جلوبەرگی نوێی بۆ منداڵانی سەنتەری ئۆتیزم لە زاخۆ دابین كرد
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەركووك، هاوكاریی جۆراوجۆری بەسەر 40 خێزانی هەژار و کەمداهات دابەش كرد. هاوكارییەكان بریتی بوون لە دوو سەبەتەی خۆراك، پاكەتێكی پاككەرەوە، مریشک و گۆشتی سوور و پێداویستیيەکانی جەژن)، هەر خێزانێکیش 250 هەزار دیناریان پێشكەش كرا
تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی – نوێنەرایەتی ئامێدیی، لە ڕێكەوتی 15/3/2026 گەیشتنە ناحیەکانی(شێلادزێ و دێرەلوک)، کۆمەڵگەکانی (سیریێ و قەدش) و گوندەکانی دەوروبەری ئامێدی، بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بەو خێزانانەی کە داهاتیان سنووردارە. ئەم هاوكارییانە 30 خێزانی ناوچەکەی گرتەوە، هاوکارییەکانیش پێکهاتبوون لە: سەبەتەی خۆراکی، جلوبەرگ، بەتانی، کەرەستەی پاککەرەوە، پێداویستیی ناوماڵ(سۆپە و قاپ و قاچاغ).
لە ڕێكەوتی 16/3/2026  لە سەرۆکایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کۆتایی پڕۆژەی «خەندەی ئازیزان» ڕاگەیەندرا و  خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ 60 منداڵ دابین کرا.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری بایت، چارەسەری تەواوی ددان بۆ هەموو منداڵە ئازیزەکان ئەنجام درا. هەروەها لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، سەبەتەی خۆراک پێشکەش بە خێزانەکانیان کرا.
لە لایەکی دیكەوە، کۆمپانیای زۆم بۆ شیرەمەنی، بە پێشکەشکردنی پاکێجی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی، لە دڵخۆشکردنی منداڵەکان بەشداربوو.
هەر لەم ڕۆژەدا پڕۆسەی دابەشکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان لە پارێزگای حەسەکە ئەنجام درا. لەم چالاکییە، 500 سەبەتەی خۆراك پێشكەش بە دانیشتووانی كەمپی سەرێ كانی كران لە پارێزگای حەسەكە، ئەو خێزانانەی بە هۆی لافاو تووشی زیان بوون و پێویستیان بە هاوکاریی خێرا هەبوو.
هەروەها نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دهۆك، هاوكاریی دارایی بە سەر 41 خێزانی كەمداهات دابەش كرد و هەر خێزانێك بڕی 200 دۆلاری پێشكەش كرا. كۆی گشتیی پارەی دابەشكراو 8،200 دۆلار بوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساڵانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی زەكات، بە هاوكاریی
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە نەینەوا، هاوكاریی دارایی بە سەر خێزانی كەمداهات لە سنووری پارێزگای نەینەوا دابەش كرد.
لەو هاوكارییە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی 10،000،000 دينارى بەسەر 50 خێزاندا دابەش كرد. هەرخێزانێك بڕی 200،000 دیناری پێشكەش كرا.
هاوكات 30 خێزان لە هاوكاریی دارایی بەخشەری ناسراو (خالید خۆشناو) سوودمەند بوون، كە هەر خێزانێك بڕی 200 دۆلاری پێدرا.
نووسینگەی شنگالی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ناحیەی زوممار 750 سەبەتەی خۆراکی پێشکەش بە خێزانە هەژار و کەمداهاتەکانی ئەو دەڤەرە کرد.
نووسینگەی هەولێری دەزگاش، هاوكاریی دارایی بە سەر 300 خێزانی كەمداهات دابەش كرد و هەر خێزانێك بڕی 300 دۆلاری پێشكەش كرا.
لە ڕێكەوتی 2026/3/17 نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەرمیان، بە هاوكاریی خێرخوازێك، هاوكاریی دارایی بە سەر 15 خێزانی كەمداهات دابەش كرد. هه‌ر خێزانێك بڕی 100،000 هه‌زار دیناری پێدرا.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەركووك، هاوکاریی دارایی بە سەر  50 خێزانی کەمداهات دابەش کرد. لەو هاوكارییە هەر خێزانێك 200 دۆلاری پێشكەش كرا.
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاكرێ، هاوكاریی دارایی بە سەر خێزانی كەمداهات و كەسانی نەخۆش دابەش كرد.
هاوكارییەكان بەمجۆرە دابەش كران:
24 خێزان، هەر خێزانێك بڕی 200 دۆلاری پێدرا.
18 خێزان، هەر خێزانێك بڕی 200 هەزار دیناری پێدرا.
40 خێزان هەر خێزانێك بڕی 100 هەزار دیناری پێدرا.
لەو هاوكارییانە 82 خێزان سوودمەند بوون.
هەر لەم ڕۆژەدا بە ئامادەبوونی سروە ساڵح بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی و سامان حسێن بەڕێوەبەری ڕێكخراوی یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان، لە سلێمانی، هاوكاریی خۆراكی بەسەر 250 خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش كران.
نووسینگەی شنگالی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکاریی دارایی بە سەر خێزانی کەمداهات لە سنووری قەزای شنگال، دابەش کرد.
لەو هاوکارییە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی 5,000,000 دیناری بەسەر 50 خێزاندا دابەش کرد. هەر خێزانێک بڕی 100,000هەزار دینار پێشکەش کرا.  هاوکات 20 خێزان لە هاوکاریی دارایی بەخشەری ناسراو (خالید خۆشناو) سوودمەند بوون، کە هەر خێزانێک بڕی 200 دۆلاری پێدرا.
هاوكات نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئامێدی، هاوكاریی دارایی بە سەر 43 خێزانی كەمداهات و كەسانی نەخۆش دابەش كرد.
هاوكارییەكان بەمجۆرە دابەش كران:
13 نەخۆش، هەر كەسێك بڕی 200 دۆلاری پێدرا.
30 خێزانی كرێچی، هەر خێزانێك بڕی 100 هەزار دیناری پێدرا.
هەر لە ڕێكەوتی 17/3/2026 لە سلێمانی 400 سەبەتەی خۆراكی بەسەر خەڵكی هەژار و كەمداهات دابەش كران.
لە ڕێكەوتی 18/3/2026 سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی میدیایی، داتا و زانیاریی چالاكییەكانی دەزگای لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی ساڵی  خستەڕوو، ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە حەوت سێكتەری جیاواز كاریان كردووە، تێچووی هاوكارییەكانیش لەم مانگەدا 4 ملیار و 577 ملیۆن و 635 هەزار دینار بووە.
 هەر لەم ڕۆژەدا نووسینگەی دهۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكاریی دارایی بە سەر  100 خێزانی كەمداهات و كەسانی بێسەرپەرشت دابەش كرد. هەر خێزانێك بڕی 100 هەزار دیناری پێدرا. كۆی پارەی دابەشكراو 10 ملیۆن دینار بوو.
هاوكات یەکەی ئازیزان و بێهاوژینانی نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە سەر بە ماڵی ئازیزانە، بە هاوبەشی لەگەڵ خێڕخوازێك، هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكییان بە 50 خێزانی ئازیزان پێشكەش كرد.
هاوكارییەكان بریتی بوون لە 50 سەبەتەی خۆراك بۆ خێزانی ئازیزان و هاوكات 100 منداڵی ئازیز جلوبەرگی نوێیان بۆ دابین كرا.
هەروەها نووسینگەی هەڵەبجەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکاريی دارايی و سەبەتەی خۆراكی  بەسەر ژمارەیەک لە منداڵانی ئازیز لە سنووری هەڵەبجە دابەش كرد.
نووسینگەی دهۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سێمیل 420 سەبەتەی خۆراكیان بەسەر خەڵكی هەژار و كەمداهات دابەش كرد.
لە ڕێكەوتی 19/3/2026
یەکەی ئازیزان و بێهاوژینانی نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە سەر بە ماڵی ئازیزانە، بە هاوكاریی ڕێکخراوی بیدار جلوبەرگی نوێی بۆ 40 منداڵی ئازیز لە كەمپی بەحركە1 لە سنووری پارێزگای هەولێر دابین كرد.
لە ڕێكەوتی 21/3/2026
نوێنەرایەتيی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەشداری لە کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز لە شاری نەشڤیلی ویلایەتی تێنیسی کرد.
تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی TKCC، چالاكییەكی دەستپێکرد بۆ ناساندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیشکی خستە سەر کۆی پڕۆژە و کارە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردی و گەیاندنی پەیامی مرۆڤدۆستانەی گەلی کورد بە جیهان.
لەم چالاكییە تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات، ئامانجی سەرەکيی دەزگایە بۆ خزمەتکردنی زیاتر.
هەر لە ڕێكەوتی 21/3/2026  تیمەكانی نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، بەپەلە بە هانای چەندین خێزانەوە چوون لە شارەدێی ڕزگاری لە سنووری پارێزگای دهۆك، كە بە هۆی لافاو زیانمەند بوون. وێڕای هەڵمەتی خاوێنكردنەوەی ماڵان، زیانەكانیشیان خەمڵاند و لە ڕێكەوتی 30/3/2026 بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگای دهۆك (DMCR)، هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكییان پێشكەش بە زیانبەركەوتووان كرد.
 هاوكارییەكان بریتی بوون لە (كەلوپەلی چێشتخانە، دوشەك، بەتانی، بالیف، سۆپا، مافوور، جلوبەرگ، سەبەتەی خۆراك و كارتۆنی پاككەرەوە و تەندروستی)، لەو هاوكارییانەش 60 خێزان سوودمەند بوون.
لە ڕۆژانی 23 و 24ی مانگی ئازاری ئەمساڵ(2026) دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە كەمپی خانكێ لە سنووری پارێزگای دهۆك، نەوتی سپی بە سەر 2،116 خێزان دابەش كرد.
هەر خێزانێك 100 لیتر نەوتی پێدرا. كۆی نەوتی دابەشكراو 211 هەزار و 600 لیتر بوو.
لە ڕێكەوتی 24/3/2026 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ئازار بۆ منداڵانی جیهان، خولێكی پەروەردەیی بۆ فێربوونی خوێندن و نووسین و گەشەپێدانی تواناکانی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی دۆخی ژیانیانەوە نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە کردەوە.
پڕۆژەی نوژین:
پڕۆژەی نوژین، كە ساڵانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئەنجام دەدرێت، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی دەزگای خێرخوازيی بارزانی و لە ساڵی 2021 تا ئێستا 64 خێزان لێی سوودمەند بوون، کە 12 خێزانی هی ئەمساڵن (2026)، لەو پڕۆژەیەدا، گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە ژیانیان كراوە، نیاز وایە پڕۆژەكە لە دوای ڕەمەزانیش بەردەوام بێت و خێزانی نیازمەندی زیاتر لێی سوودمەند دەبن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی نێودەوڵەتیی مرۆییە و جێی متمانەی بەخشەران و خێرخوازانی ناوخۆی کوردستان و دەرەوی کوردستانە و بەردەوام لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردووی تەمەنی، لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پڕۆژە و كاری فریاكەوتن و خزمەتگوزاری و هاریكاریی مرۆیی ئەنجام داوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لەوەی کە لە 10 سێکتەری جیاواز خزمەتی توێژی هەژاران و خەڵکی لێقەوماوی ئاوارە و پەنابەران دەکات، دەیان پڕۆژەی کورت ماوە و درێژ مەودای هەیە، لەوانە پڕۆژەی ماڵی ئازیزان (منداڵانی بێباوک) کە تا کۆتایی ساڵی 2025 بڕێ 82،340،078 دۆلاری بەسەر 23،463 منداڵی ئازیز دابەش کردووە.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest