دەزگای خێرخوازیی بارزانی خولێكی تایبەت لەسەر زیرەکی دەستکرد دەكاتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ١٩/٤/٢٠٢٦، خولێكی تایبەتی لەسەر “زیرەکی دەستکرد لە کاری مرۆیی” كردەوە، کە تێیدا مامۆستا ئالان ستار، وەک پێشکەشکار بە شێوەیەکی زانستی و ورد بابەتەکەی ڕوون کردەوە.
لەو خولەدا، موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، بەڕێوەبەری بەشەکان و بەرپرسانی هۆبەکان بەشدارییان کرد، کە هەموویان گرنگیی زۆریان بە بابەتەکە دا و گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەسەر ئەنجامەکانی هەبوو.
خولەكە لە چەند تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو، کە بریتی بوون لە:
ناساندنی زیرەکی دەستکرد و گرنگییەکانی لە سەردەمی ئێستا و بوارەکانی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لە کار و ژیانی ڕۆژانە، کاری خێرخوازی و پەیوەندییەکەی بە زیرەکی دەستکرد و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لێی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
مامۆستا ئالان ستار، باسی لەوە کرد کە زیرەکی دەستکرد (AI) یەکێکە لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی سەردەمی ئێستا، کە دەتوانێت کارەکان خێراتر، وردتر و کاریگەرتر بکات. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم تەکنەلۆژیایە لە بوارە جیاوازەکان وەک پزیشکی، پەروەردە، بازرگانی و کارگێڕیدا بەکاردهێنرێت و ڕۆڵێکی گرنگ لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەگێڕێت.
هەروەها لەسەر کاری خێرخوزیی، ئاماژە بەوە کرا کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیی بەكارهێنەر بدات، بۆ ناساندنی پێویستییەکانی کۆمەڵگە، ڕێکخستنی سەرچاوەکان و گەیاندنی خزمەت بە شێوەیەکی خێراتر و دادپەروەرانە.
لە کۆتاییدا، بەشداربووان ڕای خۆیان دەربڕی و جەختیان لەسەر پێویستیی فێربوون و گەشەپێدانی توانا لە بوارەی زیرەکی دەستکرد کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەکی باشتر لە کار و ژیانی ڕۆژانەدا سوودی لێوەربگیرێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest