لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە مرۆیی و تەندروستییەکان، نووسینگەی شنگالی دەزگا بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی HELFEN BRINGT FREUDE و Caritas Essen و بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا، لە 27ی ئایاری 2026 یەکەیەکی نوێی تەندروستیی ددانی لە سەنتەری تەندروستیی کۆمەڵگەی زوراڤا لە شنگال کردەوە.
ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، بە تایبەتی لە بواری تەندروستیی دداندا. بەپێی بەرنامەی کارکردنی یەکەکە، دانیشتووانی کۆمەڵگەی زوراڤا و زۆربەی گوندەکانی دەوروبەری، دەتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام سوود لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی وەربگرن.
خزمەتگوزارییەکان پشکنین، ڕاوێژکاری و چارەسەریی ددان لەخۆ دەگرن و بە بێ بەرانبەر (بە شێوەی خۆڕایی) پێشکەش دەکرێن، کە یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کێشەی ددانیان هەیە و توانای دارایی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی تایبەتیان نییە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە بایەخی جددی بە سێكتەری تەندروستی داوە. ئەم سێکتەرە گرنگیی تەواو بە کەرتی تەندروستی و جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی دەدات، لە ڕێگای دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی وەک پشکنینی پزیشکی، نەشتەرگەری، پێدانی دەرمان، دابینکردنی پزیشک، دروستکردنی بنکەی تەندروستی، پێداویستیی تەندروستی بۆ پاراستنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بە پێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO. دەزگای خێرخوازیی بارزانی کار لەسەر دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بنکەی تەندروستی و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەكان و دروستکردنی نەخۆشخانەی گەڕۆک دەكات.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگەی بەخشەر و وڵاتانی هاریکاربەخش و ڕێکخراوە جیهانییەکانەوە، ڕۆڵی گەورەی لە دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی بواری تەندروستی بووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پشتیوانیکردنی بواری تەندروستی و گەیاندنی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی بۆهەمووان بە بێ جیاوازی، بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامە مرۆییەکان؛ بۆیە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژە و چالاکییەکانی سێكتەری تەندروستی کە خزمەتی هاووڵاتییان و کۆمەڵگە دەکەن.
ئا: سالار بابەشێخ








