بەشێك لە كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى

تيمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى، عەوداڵی خزمەتكردن و كاریی مرۆیین و ماوەی پتر لە بیست ساڵە شەو و ڕۆژیان سەر یەك خستووە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان بە بێ جیاوازی بە خەڵكی نیازمەند بگەیەنن. لێرەدا بەشێك لە چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٦ دەخەینەڕوو.

دەزگای خێرخوازیی بارزانى لە سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٦، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، كۆمەڵێك چالاكیی جۆراوجۆری ئەنجام دا.

نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، لە ڕێكەوتی ١/٥/٢٠٢٦ لە كەركووك، سەبەتەی خۆراك و پاكێجی پاككەرەوەی بە سەر ١٠٠ کرێکاردا دابەش كرد. هەروەها هاوکاریی خۆراکی و پاکێجی تەندروستی پێشکەش بە ١٠٠ ژینگەپارێز لە شاری کەرکووک کرد.

هاوكات نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، بە هاوكاریی خێرخوازێك سەبەتەی خۆراكی بە سەر ٥٠ كرێكاردا دابەش كرد.

دەزگای خێرخوازيی بارزانی، بە هاوکاریی (ئەمێریکان کۆرنەر)، باخچەیەکی تایبەتی لە ناو باخچەکانی زانکۆی دهۆک دروست كرد.

مەبەست لە دروستكردنی ئەو باخچەیە، زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و دابینکردنی میوەی تازە و خۆماڵی بوو، كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی “کوردیڤیا بۆ وشککردنی میوە” جێبەجێ دەكرێت.

هاوكاریی خێزانە زیانلێكەوتووەكانی گوندی بێسری كرا

لە ڕێكەوتی ٤/٥/٢٠٢٦  تیمەکانی دەزگا، هاوکاریی جۆراوجۆریان بە (١١) خێزان لە گوندی بێسری سەر بە قەزای دهۆک پێشكەش كرد، كە بە هۆی ڕووداوی سرووشتی (لافاو) زەرەرمەند بوون.  

دابەشكردنی هاوكاریی خۆراكی لە سنووری پێنجوێن

‎نووسينگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی، لە ڕێكەوتی ٤/٥/٢٠٢٦، لە گوندی گوڵان سەر بە شارەدێی ناڵپارێز لە سنووری پێنجوێن، ‎سەبەتەی خۆراكی بەسەر ٧٥ خانەوادە و مامۆستایانی ناو گوندەكە دابەش كرد.

دابینكردنی كورسیی جووڵاو بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە سلێمانی

لە درێژەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوكاریی دەزگای (LDS)ی ئەمریكی، لە ڕێكەوتی ٥/٥/٢٠٢٦ ، نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵی ڕۆژ، كورسیی جووڵاو(ویلچەر)ی بۆ ١١ كەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین كرد.

دابەشكردنی هاوكاریی دارایی و كەلوپەڵی ناوماڵ لە زاخۆ

نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، بە هاوكاریی نوێنەرایەتیی دەزگا لە ئەمریكا، لە ڕێكەوتی ٦/٥/٢٠٢٦ هاوكاریی نەختینەیان بە سەر پێنج خێزان دابەش كرد، كە نەخۆشیی درێژماوەیان هەبوو، دوو خێزانی هەژاریش كەلوپەلی ناوماڵیان بۆ دابین كرا. لەو چالاكییە حەوت خێزان سوودمەند بوون.

 

خولی پێشکەوتووی فریاگوزاری بۆ تەواوی کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرایەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساڵانە خولی ڕاهێنانی پێشکەوتووی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ کارمەندانی دەزگا دەکاتەوە. ئەم ڕاهێنانەپڕۆسەیەکی گشتییە و تەواوی کارمەندان دەگرێتەوە. تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، زیاتر لە ٧٠٠ کارمەندی دەزگا ئەم ڕاهێنانەيان وەرگرت. هەروەها لە نووسینگەکانی دەرەوەی وڵاتیش خول بۆ کارمەندان دەکرێتەوە. ئەم چالاکییانە نوێ نین؛ تا ئێستا لە ١٧ خێوەتگە و کەمپی پەرەپێدانی مرۆیی، خولی فریاگوزاری کراوەتەوە و ١،١٣٦ کەس تێیدا بەشدار بوون.

منداڵانی ماڵی گرنژین لە ئامێدی تابلۆكانیان بە ڕەنگەكانی بەهار دەنەخشێنن

منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ماڵی گرنژین لە ئامێدی، بە هاوكاریی ستافی سەنتەرەكە و نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئامێدی، چەندین تابلۆیان بە ڕەنگەكانی بەهار نەخشاندووە. ئەم چالاکییە كە لە ڕێكەوتی ٧/٥/٢٠٢٦ ئەنجام درا، بەشێکە لە بەرنامەی گەشەپێدانی لێهاتوویی كاری دەستی و دەربڕینی هەست، کە تێیدا منداڵەکان دەتوانن لە ڕێگای هونەرەوە هەست و هیواکانی خۆیان دەرببڕن و نیشانی بدەن.

 

قوتابيانى كۆلیژی دەرمانسازی لە هەولێر خۆبەخشانە هاوكاریی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن

قوتابيانى كۆلیژی دەرمانسازی لە هەولێر، لە كاتی ئامادەسازیی بۆ ناردنی بڕێكی زۆری دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ ناوەندەكانی تەندروستی، خۆبەخشانە هاوكاریی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن. ئەم چالاكییە ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ١٠/٥/٢٠٢٦ لە كۆگاكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر ئەنجام درا.

دابینكردنی كورسیی جووڵاو بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە كەلار

لە درێژەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوكاریی دەزگای (LDS)ی ئەمریكی، لە ڕێكەوتی ١٢/٥/٢٠٢٦ ، نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەرمیان، كورسیی جووڵاو(ویلچەر)ی بۆ پێنج كەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین كرد.

خولێکی تایبەت بۆ بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگ، لە ڕێكەوتی ١٢/٥/٢٠٢٦  لە چوارچێوەی   پرۆژەی ‘هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر’، خولێکی سێ ڕۆژەی بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە.

مەبەست لە كردنەوەی ئەو خولە ناسینی زیاتری مەترسی و جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر و چۆنیەتی بەرنگاربوونەیانە. ئەم هەڵمەتە، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامە و لە ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندن و بۆ مۆستایانی ئایینی و لەم دواییەش بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، سیمیناری تایبەتی پێشكەش كردووە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرمان و پێداویستيی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەكانی قامشلۆ دابین دەكات

نووسينگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قامشلۆ، لە ڕێكەوتی ٤/٥/٢٠٢٦ دەرمان و پێداویستیی پزیشكیی بە نەخۆشخانەی گشتيی قامشلۆ پێشكەش كرد. هاوكارییەكە بریتی بوو لە: (١٠ كارتۆن دەرمان،  شەش كارتۆن جلوبەرگی پزیشك و نەخۆشان، پێنج كارتۆن سرنگ و ١٠٠ دوشەك، ١٠٠ بەتانی، ١٠٠ بالیف و سەبەتەی خۆراك و لایتی شەحن).

 لە ڕێکەوتی ١٣/٥/٢٠٢٦ بە هاوكاریی كۆمپانیای ئاوا میدیکا بڕی ٢٠ كارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ کلینیکی هلێلیە لە قامشلۆ دابین کرد.

زیاتر لە سێ تۆن دەرمان بۆ نەخۆشخانەكانی عامودا دابین كرا

لە درێژەی چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری کوردی(هەیڤا سۆر)، لە ڕێکەوتی ٢٥/٢/٢٠٢٦ زیاتر لە سێ تۆن دەرمان بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی و نەخۆشخانەكانی عامودا دابین كرا.

لە زانکۆی تکریت گفتوگۆی تێزێکی دکتۆرای تایبەت بە کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو

شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرۆکایەتیی ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی ١٧/٥/٢٠٢٦ بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی گفتوگۆی تێزێکی دکتۆرا لە زانکۆی تکریت کرد، کە تایبەت بوو بە کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بواری پەرەپێدانی بەردەوام.

تێزی دکتۆراکە، لەلایەن قوتابی(سەڵاحەدین تەها موحسین) پێشکەش کرابوو، دوای گفتوگۆیەکی زانستی لە بارەی ناوەڕۆکی تێزەکە و سامپڵی سەرەکی، کە کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو لە بواری پەرەپێدانی بەردەوام، لەلایەن لێژنەی گفتوگۆ، بە پلەی “ئیمیتاز” پەسەند کرا.

دابەشكردنی هاوكاریی خۆراكی و دارایی لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای هەولێر
دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بە هاوكاریی گرووپی بەرانەتی، لە ڕێكەوتی ١٨/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی بەحرکە١لە سنووری پارێزگای هەولێر، سەبەتەی خۆراكی بەسەر ١٥٤ خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش كرد.
هاوكات بە هاوكاریی ڕێكخراوی (Islamic Relief)،  لە كەمپی خازرm١ هاوكاریی خۆراكی (دوو سەبەتەی خۆراك و دوو فەردەی ئارد) بە سەر ١٤٧خێزان دابەش كران.
هەر لە هەمان كەمپ و لە هەمان ڕێكەوت، بە هاوكاریی گرووپی بەرانەتی، هاوكاریی دارایی و خۆراكی (هەر خێزانێك ٨٠،٠٠٠ دینار و سەبەتەی خۆراك و ئارد) بەسەر ١٤٦ خێزان دابەش كران.
كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان سوپاسنامە پێشكەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات
حسێن فەریق مزوری، سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان و شاندی یاوەری، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ١٨/٥/٢٠٢٦ سەردانی سەرۆكایەتیی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یان لە هەولێر كرد و قەڵغانی ڕێزلێنان و سوپاسنامەی فەرمیی (كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان)یان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یاداشتنامەیەکی تێگەیشتنی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی SRM لە کەمپەکانی دهۆک واژۆ کرد
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یاداشتنامەیەکی تێگەیشتن لەگەڵ ڕێکخراوی VNG International و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان واژۆ کرد، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی “میکانیزمی وەڵامدانەوەی خزمەتگوزاری”(SRM)  لە چوار کەمپی پەنابەران لە پارێزگای دهۆک. پڕۆژەکە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی، شەفافییەت و لێپرسینەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، بە شێوەیەک کە دەنگی پەنابەران بە ئاسانی بگاتە ناوەندەکانی بڕیاردان.
دابەشكردنی هاوكاریی خۆراكی لە كەمپی حەسەن شام
دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بە هاوكاریی گرووپی بەرانەتی، لە ڕێكەوتی ١٩/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی حەسەن شام U٢لە سنووری پارێزگای هەولێر، سەبەتەی خۆراك و فەردە ئاردی بەسەر ٩٠ خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش كرد. هەر خێزانێك (دوو سەبەتەی خۆراك و دوو فەردە ئارد)یان پێدرا. هاوكات بە هاوكاریی ڕێكخراوی (Islamic Relief)، هاوكاریی خۆراكی (دوو سەبەتەی خۆراك و دوو فەردە ئارد) بە سەر ٩١ خێزان دابەش كران. لەو دوو چالاكییە ٨٦٨ كەسی دانیشتووی كەمپەكە سوودمەند بوون.
دابەشكردنی كورسیی جووڵاو بە سەر خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە دهۆك
نووسینگەی دهۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریی كەسانی خاوەن پێداوبیستیی تایبەت، بە هاوكاریی دەزگای (LDS) ی ئەمریكی، لە ڕێكەوتی ١٩\٥\٢٠٢٦ لە سەنتەری دهۆك و لە نووسینگەی دەزگا، كورسیی جووڵاو (ویلچەر)ی بە سەر هەشت خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش كرد.
موسا ئەحمەد لە دیداری ساڵانەی نووسینگەی کەرکووک:
هەمیشە لە خەمی ئەوەداین زۆرترین پڕۆژەی مرۆیی لە کەرکووک ئەنجام بدەین
بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ئیداری و ژمارەیەك لە میدیاكاران و نوێنەری ڕێكخراەكانی مەدەنی لە کەرکووک، دیداری ساڵانەی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەركووك بەڕێوەچوو و دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ژمارەیەک لە بەخشەرانی شارەکە كرد و ڕۆڵی کەناڵ و دامەزراوەكانی ڕاگەیاندنشیان لە ڕووماڵکردنی چالاکییە خێرخوازییەکان بەرز نرخاند.
خولێكی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی نووسینگەی دهۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرایەوە
بەشی سەرچاوە مرۆییەکانی نووسینگەی دهۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە  ڕۆژانی ١٧ تا ٢٠ی ٥ی ٢٠٢٦ ، خولێکی تایبەتی ڕاهێنانی لەسەر بابەتی “بەڕێوەبردنی کات” بۆ ١٤ كارمەندی نووسینگەی دهۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كردەوە.
دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك لە خانه‌قین، ڕزگاری، ده‌ربه‌ندیخان و كفری
نووسینگەی گەرمیانی دەزگاى خێرخوازيى بارزانى، سەبەتەی خۆراكی بەسەر ٣٠٠ خێزانى هەژار و کەمداهات لە سنووری خانەقین دابەش کرد. هەروەها لە سنووری قه‌زاكانی ڕزگاری و ده‌ربه‌ندیخان و كفری ٢١٠ خێزان لەو هاوكاریی سوودمه‌ند بوون.
دەزگاى خێرخوازيى بارزانى، لە هەموو جەژن و بۆنە ئایینیی و نیشتمانییەکان پڕۆژەی گەورەی مرۆیی هەیە. لە جەژنی قوربانی ئەمساڵیش جگە لە سەبەتەی خۆراك،  ١٢ هەزار كیلۆ گۆشتی قوربانی دابەش كرد.
جلوبەرگی نوێ بۆ منداڵانی كەمپی دیبەگە دابین كرا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی كەناڵی (الشرقیە)، لە ڕێكەوتی ٢١/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی دیبەگە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە بۆنەی پێشوازیی لە جەژنی قوربانی پیرۆز، جلوبەرگی نوێ بۆ منداڵانی كەمپەكە دابین كرا. لەو هاوكارییە ٤١٠ منداڵ سوودمەند بوون.
دابەشکردنی هاوكاریی خۆراكی لە كەمپی حەسەن شام
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی ڕێكخراوی (Islamic Relief)،  لە ڕێكەوتی ٢١/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی حەسەن شام U٣لە سنووری پارێزگای هەولێر، هاوكاریی خۆراكی بەسەر ٧٣١ خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش كرد. هەر خێزانێك دوو سەبەتەی خۆراك و ٢٠ کیلۆ ئاردیان پێدرا.
كۆمەڵەی UIMS و دەزگای خێرخوازیی بارزانی پلانی كاری پێكەوەیی تاوتوێ دەكەن
دکتۆر ئەحمەد محەمەد ئەلهیتی، سەرۆكی کۆمەڵەی پزیشکیی عێراقی یەکگرتوو بۆ یارمەتیدان و پەرەپێدان ( (UIMSو شاندی یاوەری، لە ڕێكەوتی ٢١/٥/٢٠٢٦، سەردانی (سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یان لە هەولێر كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
شاندی میوان، وێڕای بەرزنرخاندنی كار و چالاكی و پڕۆژەكانی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕابردوو، خوازیارى هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی لەگەڵ دەزگا بوون.
لە لای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و ئامادەیی دەزگاشی بۆ دانانى پلان و هەماهەنگی و كاری هاوبەش بۆ خزمەتكردن لە ڕەهەندەكانی یارمەتیدان و پەرەپێدان و هاریكاریی مرۆیی دەربڕی.
كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە كەمپی بەحرکە هاوكاریی داراییان پێشكەش دەكرێت
دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بە هاوكاریی گرووپی بەرانەتی، لە ڕێكەوتی ٢١/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی بەحرکە١لە سنووری  پارێزگای هەولێر، هاوكاریی دارایی بەسەر ١٤ خێزاندا دابەش كرد. هەر خێزانێک بڕی ١٠٠هەزار دیناری پێدرا، هاوكارییەكەش بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بوو.
لە كەمپی بەحرکە سەبەتەی خۆراك دابەش دەكرێت
دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بە هاوكاریی پەیمانگای (پێرس)ی ناحکوومی، لە ڕێكەوتی ٢١/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی بەحرکە١ لە سنووری  پارێزگای هەولێر، سەبەتەی خۆراكی بەسەر ١٨ خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش كرد.
هاوكاریی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە بلێ دەكرێت
لە درێژەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوكاریی دەزگای (LDS)ی ئەمریكی، نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بلێ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی٢١/٥/٢٠٢٦ پێداویستیی تایبەتی بە كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سنووری بلێ پێشكەش كرد.
هاوكاریی ٢٠٠ خێزانی کەم داهات لە شارۆژچكەی سێمێل
به‌ بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز، نووسینگەی دهۆکی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ٢١/٥/٢٠٢٦، سەبەتەی خۆراکی بەسەر ٢٠٠ خێزانی هەژار و کەم دەرامەتی قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک دابەش کرد.
دابەشکردنی وەجبەی هەشتەمی هاوکاریی دارایی و مرۆیی بۆ منداڵانی ئازیزان
لە بەردەوامیی پڕۆژە مرۆییەکان و بەسەرکردنەوەی منداڵانی ئازیزان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەجبەی هەشتەمی پڕۆژەی هاوکاریی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی پۆلەندا بۆ پشتگیریکردنی منداڵانی بێ باوک (ئازیزان) جێبەجێ کرد. هاوكارییەكان بریتی بوون لە:
دابەشکردنی بڕی ٥،٩٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەسەر منداڵانی ئازیز.
دابینکردنی سەبەتەی خۆراک لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خێزانەکانیان.
دابینکردنی جانتا و پێداویستیی پەڕاوگە لەگەڵ مێزی خوێندن بۆ منداڵان، بە مەبەستی هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی خوێندن.
لە پارێزگای نەینەوا جلوبەرگی جەژنی بۆ منداڵان دابین كرا
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پارێزگای نەینەوا، بە هاوکاریی زانکۆی “النور” لە پارێزگای نەینەوا، بە بۆنەی پێشوازی لە جەژنی پیرۆزی قوربان، لە ڕێكەوتی ٢٣/٥/٢٠٢٦  جلوبەرگی جەژنی بۆ ١٠٠ منداڵی بێ سەرپەرشتیار و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین كرد.
دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ناوەندەكانی تەندروستی لە قامیشلۆ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای(ئاوامیدیکا)، لە ڕێکەوتی ٢٣/٥/٢٠٢٦ پڕۆژەیەکی هاوبەشی مرۆیی لە بواری تەندروستیدا جێبەجێ کرد.
٩٦ کارتۆن دەرمان و پێداویستیی جۆراوجۆری پزیشکی پێشکەش بە ناوەندی تەندروستیی قامیشلۆ کرا.
٤٢ کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بە ناوەندی پزیشکیی میسلۆن و ٢٠ کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بە ناوەندی تەندروستیی خلیج پێشكەش كران.
ڕۆژی دواتر لە ڕێكەوتی ٢٤/٥/٢٠٢٦ بڕی ٧٦ کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بە ناوەندی پزیشکیی تربە سپی پێشكەش كرا.

٢٥٠ سەبەتەی خۆراک بەسەر ژینگەپارێزان و کارمەندانی ئەندازەی پارکەکاندا دابەش کرا
نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای گەلیاوە، لە ڕێکەوتی ٢٣/٥/٢٠٢٦ سەبەتەی خۆراکی بەسەر٢٥٠ ژینگەپارێز و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دابەش کرد.
دابەشکردنی ئارد خێزانی ئاوارە لە کەمپەكانی پارێزگای دهۆک
لە پێناو دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانی خێزانە ئاوارەکان و بەردەوامیدان بە کاروانە مرۆییەکانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦، لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا فەردە ئاردی بەسەر ٤،٨٠٠ خێزانی ئاوارە دابەش کرد کە لە ناو ١٣ کەمپی جیاوازی سنووری پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢٤/٥/٢٠٢٦ لە شارۆچكەی شەقڵاوە سەبەتەی خۆراک بەسەر ٢٠٠ خێزانی كەمداهات و هەژار دابەش كرد.
هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامە
لە چوارچێوەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی ٢١/٥/٢٠٢٦ تیمێكی هەڵمەتەكە لە شارۆچكەی شەقڵاوە چەندین چالاكیی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییانیان ئەنجام دا.
ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستی پێکردووە، ماوەی ساڵێکە بەردەوامە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی ٢٠٢٥ دەیان چالاکیی جۆراوجۆری وەک کۆڕ، سیمینار و وۆرک شۆپی هۆشیاری لە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن، کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران و بەتایبەتی بۆ مامۆستایانی ئایینی ڕێکخستووە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە، یەکخستنی هەموو چین و توێژەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارەی کە بە “تیرۆری سپی” ناسراوە.
لە كەركووك سەبەتەی خۆراک بەسەر ٤٠٠ ژینگەپارێزدا دابەش کرا
له‌ ڕێكه‌وتی ٢٤/٥/٢٠٢٦ نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبەتەی خۆراکی بەسەر ٤٠٠ ژینگەپارێزی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی کەرکووکدا دابەش کرد.
سەبەتەی خۆراک بەسەر کۆمەڵەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە دهۆک دابەش کران
لە ڕێکەوتی ٢٤/٥/٢٠٢٦ و به‌ بۆنه‌ی نێزیکبوونی جەژنی قوربانی پیرۆز و لە چوارچێوەی پڕۆژە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ٧٥٠ سەبەتەی خۆراک، بەسەر ٩ کۆمەڵەی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سەرانسەری دهۆک دابەش کران.
دابەشکردنی جلوبەرگی جەژن بەسەر ١٠٠ منداڵی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگای نەینەوا
لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦ نووسینگه‌ی مووسڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی ئەندازیار (ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، جلوبەرگی جەژنی بۆ ١٠٠ منداڵی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگاکە دابین کرد.
هەروەها بە هاوکاریی ئەندازیار ئەحمەد شێخ کنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، جلوبەرگی جەژن بۆ ١٠٠ منداڵی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین کرا.
بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر؛ ٣٠ کورسیی جووڵاو بەسەر کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش کرا
لە چوارچێوەی کارە مرۆییە به‌رده‌وامه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پاڵپشتیکردنی چین و توێژە جیاوازەکان، لە ڕێكه‌وتی ٢٥/٥/٢٠٢٦ پرۆسەیەکی تایبەتی هاوکاری لە کۆمەڵەی ژین بەڕێوە چوو، تێیدا ٣٠ کورسیی جووڵاو (ویلچەر) پێشکەش بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کرا.
ئەم دەستپێشخەرییە هاوبەشە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی به‌ هاوكاریی پارێزەر سەفین یاسین ئەنجام درا، پرۆسەی دابەشکردنەکەش بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو (پارێزگاری هەولێر) و فه‌رزین به‌گزاده‌، سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان و هۆبه‌ی یاسایی، بەڕێوە چوو.
دابه‌شكردنی ٦٢٥  سەبەتەی خۆراک بەسەر خێزانە کەمداهاتەكان له‌ كه‌ركووك
به‌ بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز و لە پێناو گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بە خێزانە نیازمه‌نده‌كان، نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦، لە هەڵمەتێکی دابەشکردنی خۆراک لە شاری کەرکووک ٦٢٥  سەبەتەی خۆراکی بەسەر خێزانە هەژار و کەمداهاتەكان لە سنوورەکەدا دابەش کرد.
دابینکردنی پێداویستیی جۆراوجۆر بۆ منداڵانی ئازیز بە هاوبەشی لەگەڵ قوتابیانی زانکۆی تیشک
بە هاوکاریی قوتابیانی قۆناغی یەکەمی زانکۆی تیشک، لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦، پڕۆژەیەکی خێرخوازی بۆ پشتگیریکردنی ١٥ منداڵی ئازیز بەڕێوەچوو.
لەم پڕۆژەیەدا، پاکێجێکی گشتگیری هاوکاری پێشکەش بە منداڵەکان کرا کە پێداویستییەکانی خوێندن و بژێوی لەخۆ دەگرت؛ لەوانە: جانتا، پەڕاوگەی تەواو، مێزی تایبەت بە وانەخوێندن و سەبەتەی خۆراک. هاوکات لە پێشوازیی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، جلوبەرگی نوێی جەژن بۆ هەر ١٥ منداڵەکە دابین کران.
دابەشكردنی جلوبەرگ و شیری منداڵ لە كەمپی حەسەن شام
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێكەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی (حەسەن شام U٣) لە سنووری پارێزگای هەولێر، جلوبەرگی بۆ ١٠٠ منداڵ دابین كرد و هەر منداڵێكیش چوار قوتی شیری پێدرا.
دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك بەسەر خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە سنووری مێرگەسۆر
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بلێ، بە هەماهەنگی لەگەل بنکەی چاودێریی گەشە پێدانی کۆمەڵایەتیی مێرگەسۆر، لە ڕێكەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦ سەبەتەی خۆراكی بەسەر ٢٠٠ كەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر دابەش كرد.
دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر بنەماڵەی ئازیزان لە پارێزگای هەولێر
لە چوارچێوەی پڕۆژە خێرخوازییەکانی تایبەت بە جەژنی قوربانی پیرۆزدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦، سەبەتەی خۆراکی بەسەر بنەماڵەی ئازیزان لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش کرد.
٢٠٠ سەبەتەی خۆراک لە ناحیەی پردێ دابەش کران
نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦، لە هەڵمەتێکی دابەشکردنی هاوکاریی خۆراكی لە سنووری پارێزگای کەرکووک، سەبەتەی خۆراکی بەسەر ٢٠٠ خێزانی هەژار و کەمداهات لە شارەدێی پردێ دابەش کرد.
لە ڕزگاری، دەربەندیخان و کفری؛ هاوكاریی خۆراکی دابەش کران
له‌ ڕێكه‌وتی ٢٥/٥/٢٠٢٦ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دابەشکردنی هاوکاریی لە سنووری چەند قەزایەک بەڕێوە برد و سەبەتەی خۆراکی بەسەر ٢١٠ خێزانی هەژار و کەمداهات لە سنووری شارۆچكەكانی (ڕزگاری، دەربەندیخان و کفری) دابەش کرد.
دابەشکردنی ٢٧٥ سەبه‌ته‌ی خۆراک بەسەر کرێکارانی ژینگەپارێز لە دەڤەری ئامێدی
لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦ نوێنەرایەتی ئامێدیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی،  ٢٧٥ سەبەتەی خۆراکی بەسەر کرێکارانی ژینگەپارێزی کۆمپانیای(هێزل) لە سنووری شارەوانییەکانی(شێلادزێ، دێرەلوک، ئامێدی، قەدش، سەرسه‌نگ) و هەروەها بەشێک لە خێزانە کەمدەرامەتەکانی ناوچەکەدا دابەش کرد.
لە هەولێر سەبەتەی خۆراکی بەسەر خێزانی کەمداهات و کەسوکاری ئازیزان دابەش کرا
لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦، نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ١٥٠  سەبەتەی خۆراکی بەسەر خێزانە کەمداهاتەكان و کەسوکاری ئازیزان لە سنوورەکە دابەش کرد.
دابه‌شكردنی ٥٠٠ سەبەتەی خۆراک له‌ شاری شنگال
لە ڕێکەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٦،  نووسینگەی شنگالی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ٥٠٠ سەبەتەی خۆراکی بەسەر خێزانە هەژار و کەمداهاتەكانی سنوورەکەدا دابەش کرد.
دابەشکردنی سه‌به‌ته‌ی خۆراك بەسەر كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە شاری سلێمانی
نووسینگەی سلێمانیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٦، لە هەڵمەتێکی دابەشکردنی خۆراک ٥٠٠ سەبەتەی خۆراکی بەسەر خانەوادەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەش کرد.
دابەشکردنی وەجبەی هەشتەمی هاوکاریی دارایی و مرۆیی بۆ منداڵانی ئازیزان لە قەزای شنگال
لە بەردەوامیی پڕۆژە مرۆییەکان و بەسەرکردنەوەی منداڵانی ئازیزان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێكەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٦  وەجبەی هەشتەمی پڕۆژەی هاوکاریی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی پۆلەندا بۆ پشتگیریکردنی منداڵانی بێباوک (ئازیزان) جێبەجێ کرد. هاوكارییەكان بریتی بوون لە:
دابەشکردنی بڕی ٣٥٥٠ دۆلاری ئەمریکی بەسەر منداڵانی ئازیز،
دابینکردنی سەبەتەی خۆراک لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خێزانەکانی ئازیزان،
دابینکردنی جانتا و پێداویستیی پەڕاوگە لەگەڵ مێزی خوێندن بۆ منداڵان، بە مەبەستی هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی خوێندن.

لە نەینەوا جلوبەرگی جەژنی قوربان بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین دەكرێت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوکاریی (یوسف عماد فکتور) و(بادر بحو یلدا)، لە ڕێكەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٦ جلوبەرگی جەژنی بۆ ٢٠ منداڵی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین کرد.
پشتگیریی منداڵان، بە تایبەتی ئەو توێژانەی پێویستییان بە گرنگیدان و هاوکاریی زیاتر هەیە، لە ئەولەوییەتە سەرەکییەکانی کار و چالاکییە مرۆییەکانی دەزگایە، ئەم هەنگاوەش جوانترین تابلۆی مرۆیی وێنا دەكات، كە مرۆڤەكان دەتوانن سەر بە هەر ئایین و ئایینزایەك بن، هاوكاری یەكدی بكەن.
له پارێزگای هەڵەبجە جلوبەرگ و پێداویستییەکانی جەژن بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت دابین كرا
نووسینگەی هەڵەبجەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی بەخشەرانی خێرخواز، لە ڕێکەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٦ جلوبەرگ و پێداویستیی جیاوازی جەژنی قوربانی بۆ منداڵانی ئازیز لە ناوچەکە دابین کرد.
دابەشكردنی گۆشتی قوربانی لە كەمپی بەحركە
دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بە هاوكاریی خێرخوازێك، لە ڕێكەوتی ٢٧/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی بەحرکە١لە سنووری پارێزگای هەولێر، گۆشتی قوربانی بە سەر ٥٥ خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش كرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەیەکی تەندروستیی ددان لە شنگال دەکاتەوە
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە مرۆیی و تەندروستییەکان، نووسینگەی شنگالی دەزگا بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی HELFEN BRINGT FREUDE و Caritas  Essen و بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا، لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦ یەکەیەکی نوێی تەندروستیی ددانی لە سەنتەری تەندروستیی کۆمەڵگەی زوراڤا لە شنگال کردەوە.
خزمەتگوزارییەکان پشکنین، ڕاوێژکاری و چارەسەریی ددان لەخۆ دەگرن و بە بێ بەرانبەر (بە شێوەی خۆڕایی) پێشکەش دەکرێن، کە یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کێشەی ددانیان هەیە و توانای دارایی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی تایبەتیان نییە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ١٢ تۆن گۆشتی قوربانی دابەش دەکات
موسا ئەحمەد: لە پڕۆژەکانی جەژنی قورباندا ١٣٥,٨٣٢ کەس سوودمەند دەبن
بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی مێگەل، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر و ژمارەیەک لە میدیاکاران؛ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژی یەکەمی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، پڕۆژەی گۆشتی قوربانی ڕاگەیاند.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لێدوانێکیدا لە ڕێوڕەسمەکەدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان، ئاماژەی بەوە کرد کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری و پاڵپشتیی بەخشەران و سەرمایەداران، ساڵانە پڕۆژەی گۆشتی قوربانی جێبەجێ دەکات، ئەمساڵیش لە جەژنی قورباندا، جگە لە دابەشکردنی ١٢ تۆن گۆشتی قوربانی، بە سێ پڕۆژەی دیکەش هاوکاریی خۆراکی و ناخۆراکی دابەش دەکرێت. هاوکات سوپاسی تایبەتی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە لەو پڕۆژەیەدا پشکدار بوون و هاوبەشییان کردووە.
جگە لە گۆشتی قوربانی سەبەتەی خۆراك و جلوبەرگ دابەش كران
بە هۆی ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەک پێویست لە کەمپەکاندا هاوکاریی نەكردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٣٤٠ تۆن ئاردی (بۆ هەر خێزانێک یەک فەردە) دابین کردووە، کە ٦،٨٠٠ خێزان لێی سوودمەند بوون. زیاتر لە ٣٢٥ منداڵیش (بەتایبەتی ئازیزان) جلوبەرگی جەژنیان بۆ دابین کرا و ١٣,٢٧٠ سەبەتەی خۆراکیش دابەش كران، کە هەر سەبەتەیەک لە ١١ ماددەی خۆراکی پێکهاتبوو.
لە کۆی پڕۆژەکانی جەژنی قورباندا ٢٦,٥٧٠ خێزان (١٣٥,٨٣٢ کەس) سوودمەند بوون.
دابەشكردنی گۆشتی قوربانی لە دەربەندیخان
نووسینگەی گەرمیانی دەزگاى خێرخوازيى بارزانى، لە ڕێكەوتی ٢٨/٥/٢٠٢٦   لە قەزاى دەربەندیخان زیاتر لە  ٨٠٠ کیلۆ گۆشتی قوربانی  بەسەر ٤٠٠ خێزانى هەژار و کەمداهاتی گەڕەکەکانى سەرا و کانى توو دابەش کرد.
دابەشكردنی گۆشتی قوربانی لە ناحیەكانی سیروان و بەمۆ
نووسینگەی هەڵەبجەی  دەزگاى خێرخوازيى بارزانى، لە ڕێكەوتی ٢٨/٥/٢٠٢٦ بڕی ٦٣٨ كیلۆ گۆشتی قوربانی بەسەر ٢٣٥ خێزانى هەژار و کەمداهات لە سنووری هەڵەبجە دابەش کرد.
دابەشكردنی  گوشتی قوربانی لە سنووری مێرگەسۆر
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بلێ، لە ڕێكەوتی ٢٩/٥/٢٠٢٦ گوشتی قوربانی بەسەر ٣٤٠ خێزان لە سێ ناحیە و نۆ گوندی سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر دابەش كرد.
دابەشكردنی ١٥٠٠ كیلۆ گۆشتی قوربانی لە پیرە مەگروون
 نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی، لە ڕێكەوتی ٢٩/٥/٢٠٢٦ لە شارەدێی پیرە مەگروون لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ٧٥٠ پشكی گۆشتی قوربانی دابەش كرد. هەر پشكێك دوو كیلۆ گۆشتی تێدا بوو. بڕی گۆشتی دابەشكراو ١٥٠٠ كیلۆ بوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری لە فیستیڤاڵی کوردی لە هۆڵەندا دەكات
بە ئامادەبوونی ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، قارەمان عوسمان بەرپرسی نووسینگەی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، ئاوات مستەفا نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا، شوکری بەرواری جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن و شەرمین پۆرئەرسەلان بەرپرسی ئۆفیسی ڕێکخستن و نادر دۆخاتی سکرتێری فیدراسیۆن لە ناوچەی تێگلن لە وڵاتی هۆڵەندا، فیستیڤاڵێکی فراوانی کولتووری و هونەری لە ڕێكەوتی ٣١/٥/٢٠٢٦ بەڕێوەچوو. 
ئاوات مستەفا، نوێنەری دەزگا لە ئەوروپا، وتارێکی بە نوێنەرایەتی سەرۆکی دەزگا پێشکەش کرد، کە تێیدا سوپاسی ڕەوەندی کوردی لە هۆلەندا و ئەوروپا بە گشتی کرد، بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی مرۆیی کە بەردەوام پاڵپشتیی دەزگایان کردوە. هەروەها ڕێکخەرانی ڤیستڤاڵ ڕێزلێنایان پێشکەش بە دەزگا کرد وەک سوپاسگوزارییەک بۆ کارە مرۆییەکانی دەزگا کە لە کوردستان و جیهان ئەنجامیان دەدات.
هەر لەم بۆنەیەدا ئامادەبووان خۆشحالی و ڕەزامەندی خۆیان بۆ کارەکانی دەزگا نیشان دا، واش بڕیارە پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ ئازیزان (منداڵانی بێباوك) ئەنجام بدرێت.
دابەشکردنی سەبه‌ته‌ی خۆراک لە ئاکرێ و بەردەڕەش
نوێنەرایەتیی ئاکرێی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ٢٤/٥/٢٠٢٦، لە هەڵمەتێکی بەرفراوانی دابەشکردنی خۆراک لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش
٥٠٠ سه‌به‌ته‌ی خۆراکی بەسەر خێزانە نیازمه‌ندەکان و منداڵانی بێسەرپەرشت(ئازیزان) دابەش كرد.
دابه‌شكردنی هاوكاریی خۆراكی لە پارێزگای هەڵەبجە
نووسینگەی هەڵەبجەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێکەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٦، بڕێ ٦٥٠ سەبەتەی خۆراکی بەم شێوەیە بەسەر سوودمەندان دابەش کرد:
ناوشاری هەڵەبجە: ٢٩٢ سەبەتەی خۆراک.
ناحیەی بەمۆ: ١٢٠ سەبەتەی خۆراک.
کارگوزارانی نەخۆشخانەکان: ٢٣٨ سەبەتەی خۆراک.
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ، لە ڕێكەوتی ٢٨/٥/٢٠٢٦ گۆشتی قوربانیی بەسەر ٢٧٠ خێزانی هەژار و كەمداهات لە زاخۆ دابەش كرد.
دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بە هاوكاریی ڕێكخراوی (شعاع الامل)، لە ڕێكەوتی ٢٨/٥/٢٠٢٦ لە كەمپی (خازرm١) گۆشتی قوربانیی بەسەر ١١١ خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش كرد.
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاكرێ، لە ڕێكەوتی ٢٨/٥/٢٠٢٦ گۆشتی قوربانیی بەسەر ٢٥٠ خێزانی هەژار و كەمداهات لە ئاكرێ دابەش كرد.
لە کەمپی دیبەگە گۆشتی قوربانی بەسەر زیاتر لە ٦٠٠ خێزانی نیشتەجێی کەمپەکەدا دابەش كرا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی مرۆڤدۆستان، پڕۆژەیەکی هاوبەشی بۆ دابەشکردنی گۆشتی قوربانی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەبرد.
لەم چالاکییە هاوبەشەدا کە لە ڕێکەوتی ٢٨/٥/٢٠٢٦ لە کەمپی دیبه‌گه‌ ئەنجام درا، گۆشتی قوربانی  بەسەر ٦٧٤ خێزان دابەش كرا.
عەفرین.. لە کەمپی كه‌فه‌ڕوم خولی بەهێزکردنی گونجانی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەكرێتەوە
 نووسینگەی عەفرینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کەمپی كه‌فه‌ڕوم (لە سنووری عەفرین) خولێكی درێژماوەی تایبه‌ت به‌ ڕاهێنان لەژێر ناونیشانی “کارامەییەکانی گونجانی دەروونی و کۆمەڵایەتی” و بە دروشمی “پێکەوە بەرەو تەندروستی و ئاسوودەیی” كردەوە. بەپێی بەرنامەی خولەكە ٢٠ ئافرەتی زیانلێکەوتووی ململانێکان لە ڕێگەی پێنج دانیشتنی هەفتانەوە ڕاهێنانیان لەگەڵ كرا. هەڵسەنگاندنەکان دەریانخست کە ئاستی کارلێک و سوودوەرگرتنی بەشداربووان باشتر بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر باری دەروونییان هەبووە.
لە عەفرین خولێكی پشتگیریی دەروونی بۆ قوتابیان دەكرێتەوە
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی  لە ڕێكەوتی ٢٤/٥/٢٠٢٦ لە سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و پەرەپێدان، خولێكی پشتگیریی دەروونی بە ناونیشانی نیگەرانیی تاقیکردنەوە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵی بۆ قوتابیانی پۆلی نۆیەم و باکلۆریا كردەوە. لەو خولە ٣٠ قوتابیی كچ و كوڕ سوودمەند بوون.
ئامانجی خولەكە، ناساندنی نیگەرانیی تاقیکردنەوە، هۆکار و نیشانەکانی، هەروەها پێشکەشکردنی ڕێگاچارەی پراکتیکی بۆ کەمکردنەوەی ئەو دۆخە بوو؛ لەوانە ڕێکخستنی کات، تەکنیکەکانی ئارامکردنەوە و بیرکردنەوەی ئەرێنی.
لە مانگی ئایار زياتر لە ٤٥٥ كەس لە خولەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرەڕای نەمانی هاوكاریی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی، پیشەیی، هونەری و…هتد، لەناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش لە كردنەوەی خولەكان بەردەوامە، ئەو خولانەش كاریگەریی بەرچاویان لە ژیانی بەشداربووانی خۆلەكان هەبووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ (٢٠٢٦)، جگە لە كردنەوەی خولەكانی فریاگوزاریی سەرەتایی و فریاكەوتنی خێرا بۆ زیاتر لە ٧٠٠ كارمەند لە هەموو نووسینگەكانی دەزگا و پێشكەشكردنی سیمینارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەركان كە سەدان كەس لێی سوودمەند بوون، لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش ٤٩ خولی پیشەیی، پەروەردەیی، هونەری و نەهێشتنی نەخوێندەواری كردووەتەوە، كە زياتر لە ٤٥٥ كەس لەو خولانە سوودمەند بوون.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest