ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانى ئاماری كار و چالاکییەکانی ساڵی 2018ی راگەیاند

سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانى بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماری كاروچالاكییه‌كانى ساڵى ڕابردووى دەزگا ده‌خاته‌ڕوو هه‌روه‌ها باس له‌ پرۆژه‌كانى ساڵى 2019ـەش ده‌كات.

بەڕێز موسا ئەحمەد سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانى لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا باسی لە کێشەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتى: “پێمان وابوو كێشه‌و ئازارى په‌نابه‌ران دواى شه‌ڕى داعش كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام ڕوو له‌ زیادبوونه‌”.

گوتیشی: “كلتورى میوان دۆستى له‌لایه‌ن كوردستانیانه‌وه، له‌سه‌رجه‌م كۆڕو كۆنگره‌و كۆنفراسه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌مرۆڤ و به‌هاكانى كه‌م كه‌س هه‌یه‌ ئه‌و كلتور و به‌ها مرۆڤیانه‌ى كوردو كوردستان نه‌زانێت كه‌ ئه‌مه‌شیان سه‌رچاوه‌ى مرۆڤ دۆستى سه‌رۆك بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و له‌ هه‌موویان دیارتر كلتورى كوردستانیان بووه‌ كه‌ خۆماندوكردنى به‌رده‌وامى پێشمه‌رگه‌ ئاساى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و كارمه‌ندانى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانى له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ى ده‌گرێت”.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماری کاروچالاکییەکانی دەزگای لە ساڵى 2018 خستەڕوو. بەڕێز موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا دەزگا توانیویه‌تى هەشت هەزار و نۆ چالاکی له‌سه‌رتاسه‌رى كوردستان و عێراق ئه‌و شوێنانه‌ى كارى تێداكردووه‌ ئه‌نجام بدا كه‌ توانیویەتی سود بە یەک ملیۆن 800 هەزار و 681 خێزان بگەیەنێت، کە ئەمەش بۆ کەس ده‌كاته‌ پێنج ملیۆن 667 هەزار و 508 كه‌س و گوژمه‌ى تێچوو له‌و چالاکییانە بریتی بووه‌ له‌ 50 ملیار و 76 ملیۆن 262 هەزار و 206 دیناری عێراقی.

سەبارەت بە پلانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ساڵی نوێ بەڕێز موسا ئەحمەد رایگه‌یاند: “ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانى گرنگیده‌دات به‌ پرۆژه‌ى ئازیزانى كوردستان كه‌ ژماره‌ى سودمه‌ندبووان له‌و پرۆژه‌ بریتیى بووه‌ له‌ 24 هه‌زار 235 كه‌س كه‌ چاوه‌رێ دەکەین له‌ ساڵى داهاتوو ژماره‌ى سودمه‌ندبووان بگات به‌ 29 هه‌زار 64 كه‌س كه‌ منداڵانى بێ دایك و باوكن”.

بەڕێز هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێم کوردستان لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا ئاماری ئاوارە و پەنابەرانی خستەڕوو و گوتی: لە کۆتای ساڵی ٢٠١٧ کە کۆتایی شەڕی داعش راگەیەندرا هیوایەک پەیدابوو کە کۆتایی بە قەیرانی مرۆیی لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی داعش کۆتایی پێبێت و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان، بەڵام بە داخەوە قەیرانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە بە هۆکار گەلی جیاواز. ژمارەی ئاوارە و پەنابەران کە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون بەمشێوەیە، کۆی گشتی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە یەک ملیۆن و چوارسەد و یازدە هەزار و پێنج سەد و سی و دوو کەس.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest