لە ڕۆژی 21/9/2019 لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنفرانسی (ئایندەی پێكەوەژیان دوای داعش) بە بەشداری رێكخراوەكانی بیانی و ناوخۆیی كوردستان و كەسایەتی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتیەكانی پێكهاتە دینیەكان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، دوای پێشكەش كردنی دوو پەنەل و دوو توێژینەوە كۆنفرانس بە باشی زانی ئەم پێشنیارو راسپاردانە بخاتە بەردەم بەڕێزتان:
- یەكەم / پێویستە رێكخراوە مرۆییەكان و لایەنە حكومیەكان كاری جدی بكەن بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی بیری توندڕەوی لەناو پێكهاتەكان. هەروەها نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لە ناوچەی كەمە نەتەوایەتیەكان دەبێت چەك تەنها بە دەستی دەوڵەت بێت، ئەمەش پێویستی بە كاراكردنی یاسای قهدهغهكردنی ههڵگرتنی چهك و، پشكنینی شوێنەكان و دەست بەسەرداگرتنی چەك و پاراستنی خەڵكی سڤیل هەیە.
- دووەم / لایەنی پەیوەندار لە پەرلەمان و حكومەت بەرنامەیەك بۆ ساڕێژكردنی ئەو برین و ئازارانەی كە لە قۆناغە جیاكاندا رووبەڕووی پێكهاتەكان بۆتەوە دابڕێژن كە هاندەربێت بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی ژیانێكی ئاسایی و دوورخستنەوەیان لە ئازار و ناسۆریەكان.
- سێیەم / له دوای ئهو زیانه گهورهی بهر پهیوهندی نێوان پێکهاته جیاوازهکان کهوت بههۆی داعش و هێزه توندڕهوهکانی ترهوه، پێویسته کاری جیدی لهسهر ئاشتکردنهوهی ههموو پێکهاتهکان بکرێت بۆ ئهوهی ههمووان بتوانن بگەڕێنهوه شوێنهکانی خۆیان و به ئاشتی پێکهوه بژین.
- چوارەم / رێكخراوەكان گرنگی زیاتر بدەن بەو پرۆژانەی کە پاڵپشتن بۆ پەرەپێدانی پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكان لە هەموو ئەو ناوچانەی كە دووچاری توندوتیژی بوونەتەوە. لەگەڵ خێراكردن لە نۆژەنكردنەوەی ناوچە و شارهكانی كەمە نەتەوایەتیە خاپووربووەكان و بەرەوپێشبردنی بارودۆخە خزمەتگوزاریەكان و ئابووری و راگرتنی دابەشكردنی زەوی لەم شوێنانە.
- پێنجەم / پتەوكردنی پەیوەندی نێوان رێكخراوە مرۆییەكان و وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لەرووی ئەنجامدانی كاری هاوبەشی پەیوەست بە پتەوكردنی زیاتری رۆحی پێكەوەژیان لەنێوان نەتەوە و ئایینەكاندا بۆ ژیاندنەوەی ئەو رەگ و ریشانەی تیرۆریستان هەوڵی وشککردنیان دەدا.
- شەشەم / بایەخی زیاتر بدرێت بە پێكەوەژیان و لهناوەندەكانی خوێندن بەشێوەی مەنهەج باسی ئایینەكان بكرێت و بخوێندرێن بۆ ئەوەی نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان لەسەر بنەمایەكی پتەوی پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن رابهێنرێن و رێز لە نەتەوە و ئاین و بیروباوەرە جیاكان بگرن، هەروەها لەڕێگەی راگەیاندنەكانەوە رۆشنبیری تەواو بە خێزانەكان بدرێت و رێگە نەدرێت درز و كەلێن لەنێوان نەتەوەكاندا دروست ببێت.
- حەوتەم / دەزگا پەیوەندیارەكان گرینگی زیاتر ئەنجامدانی توێژینەوە زیاتر بۆ دیاریكردنی ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەتی تایبەت بە پەرەپێدانی پێكەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو كە بەدڵی هەموو پێكهاتەكان بێت بەبێ جیاوازی.
- هەشتەم / تەرخانكردنی وتارە ئاینیەكان لە ناوەندە ئاینیەكان بۆ ئاشنابوون بە کولتوری پێکەوەژیان و لێبوردەیی، بەجۆرێك رێگە بەدروستبوونی بیری توندڕەوی و جیاكاری ئایینی نەدرێت. هەروەها لەڕێگەی مزگەوت و كڵێساو پەرستگای ئێزدی و سەرجەم ئۆل و مەزهەب و نەتەوەو ناوەندە رۆشنبیرییە جیاوازەكان كار بۆ پاراستنی پێكەوەژیان بكەن.
- نۆیەم / بەپێویستی دەزانین کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناوخۆی و جیهانیەكان هەوڵی زیاتر بدەن لەپێناو مانەوەی کەمە نەتەوەییەکان لە زێدی خۆیان و هاندانیان بۆ دەستپێكردنەوەی ژیانێكی نوێ و دووركەوتنەوە لە بیرۆكەی جێهێشتنی وڵات .
- دەیەم / هەوڵدان بۆ برەودان بە تێگەیشتنی كوردانە لە دەقەكانی ئایین و بوژاندنەوەی رێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مەلا و شێخ و عاریفانی رەسەنی كوردستان لەبارەی پێكەوەژیانی نەتەوەو ئایینەكان لە كوردستان و عێراق. هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتانەی كە فرە ڕەنگ و فرە دەنگ و فرە ئایین و ساڵانێكە كێشەی توندوتیژی نەژادی و ئایینیان تێپەڕاندووە.
- یازدەیەم / هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی یاسا دەرچووەكان لە پەرلەمانی كوردستان وەك یاسای ژمارە (5ی ساڵی 2015) كە ناسراوە بە (یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستان ــ عێراق). لەگەڵ داواكردن بە هەمواركردنەوەی بڕگەكانی دەستوور بۆ ئەوەی ماف و ئازادی گشتی لە خۆ بگرێت، و هەوڵبدرێت لە دەستووردا هەموو پێناسی لایەنەكانی تێدابێت و بە یەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكان بكات.
- دوازدە / پاڵپشتیكردنی پاراستنی (فیعلی) بۆ شوێنكەوتوانی ئایینەكان و كاركردن لە سەر دۆزینەوەی زەمینەیەكی تەواو و پێگەیشتوو بۆ تێگەیشتن لە نێوان پێكهاتەكان و لەپێش هەموویانەوە لێبوردەیی و قبوڵكردنی بەرامبەر.
- سێزدە / دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش لە دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەتدا یان لە ڕێگەی دادگایەکی تێکەڵی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، لەسەر ئەو تاوانانەی کە دژ بە پێکهاتەکانی عێراق ئەنجامیان داوە و بوونەتە هۆی زیان گەیاندن بە بەیەکەوە ژیانی نێوانیان.
- چواردە / داڕشتنی یاسایەکی تایبەت بە جەخت کردنەوە لەسەر بەیەکەوە ژیان و سزادانی هەر رەفتار و کردەوە و بیروبۆچوونێک کە زیان بە بەیەکەوە ژیانی نێوان عێراقیەکان بگەیەنێت.
كۆنفرانسی ئایندەی پێكەوەژیان دوای داعش
هەولێر 21/9/2019