دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٢٣ ترێلە هاوكاری دەگەیەنێتە رۆژئاوای كوردستان

موسا ئەحمەد: داوا لە خێرخوازان و كۆمپانیاكان و رێكخراوە جیهانی و مرۆیی و هەرێمایەتییەكانیش دەكەین پاڵپشتیمان بكەن بۆ گەیاندنی هاوكاری زیاتر بە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان

پاش دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزییەكان و هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری سووریا، كە لەدەرەنجامدا سەدان هەزار كەس لە شارە كوردنشینەكانی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی نائارامی و هەڕەشەكانەوە ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و روویان لە شوێنە ئارامەكانی دیكەی ناو وڵاتی سوریا كرد، لەپێناو رووبەڕووبوونەوە و بەرگرتن لە سەرهەڵدانی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان، بڕیاریدا (317.42) تۆن لە خۆراك و پێداویستی ناوماڵە لەڕێگەی (23) ترێلەو بە ستافێكی فراوان لە كارمەندانیەوە بچێتە رۆژئاوای كوردستان و هاوكاری بەپەلە بگەیەنێتە ئاوارەكان و سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانیش داوا لە وڵاتانی كۆمەك بەخش و كەسایەتی خێرخواز و خاوەنكارو و رێكخراوە جیهانییەكان دەكات هاوكاری بەپەلەی ئاوارەكان لەناوخۆی سوریا بكەن.

سەرەتای ئاڵۆزییەكان

پاش دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەسنووری توركیا و باكووری سوریا كە شارە كوردییەكانی گرتۆتەوە و بەهۆی تۆپبارانی وڵاتی توركیا و بەردەوامی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكان لەنێوان هێزە كوردییەكانی رۆژئاواو سوپای توركیاو سوپای ئازادی سوریا، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەو شارانە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و روو لە شارە ئارام و دوور لە شەڕەكانی بكەن. بۆ ئەمەش پێویستییەكی زۆریان بە هاوكاری و فریاگوزاریی خێرا هەیە، لەو میانەشدا نەتەوەیەكگرتووەكان زەنگی سەرهەڵدانی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بەهۆی شەڕەوە لێدا، ئەمەش وایكرد ئامادەكاری بكرێت لەڕووی چۆنێتی گەیاندنی هاوكاری بۆ ئەو خەڵكانەی ئاوارەی شارەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان بوون.

هەنگاوەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

لەسەروبەندی تێكچوونی دۆخی ئەمنی و دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا و سوپای ئازادی سووریا بۆ سەر شارە كوردنشینەكانی باكووری سووریا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لێكۆڵینەوەی تەواوی لەسەر دۆخی خەڵكی شارەكان و هەروەها چاودێریی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی گەورەی ئاوارەبوونی دەكرد كە بەشێكی زۆری ئەو ئاوارانە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوەبوو ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی شارەكانی سەرێ كانی و قامیشلۆ و كۆبانێ و ناوچەكانی تر روویان لە شاری حەسەكەو چەند ناوچەیەكی دوور لە شەڕ و ئاڵۆزییەكان كرد، هاوكات بەڕێژەیەكی كەمتر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. ئەمەش وایكرد دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری جۆراوجۆر بۆ رۆژئاوای كوردستان بە دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و چەند رێكخراوێكی رۆژئاوا و هەر زوو دەستیكرد بە ئامادەكاری تەواو بۆ ناردنی هاوكارییەكان و پێكهێنانی ستافێكی گەورە لە كارمەندان و بەڕێوەبەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان.

317 تۆن خۆراك و پێداویستی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش بەدواداچوونەكانی بۆ دۆخی مرۆیی خەڵكی ئاوارەی ئەو شارانەی شەڕ و ئاڵۆزی و تۆپبارانی تێدا روویداوە، بڕیاریدا هاوكارییەكانی كە پێكهاتووە لە (317.42) تۆن لەڕێگەی 20 ترێلەی بارهەڵگری گەورەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان بەڕێبكەوێت.

سەبارەت بە جۆری هاوكارییەكان و ئەو پێداویستیانەی ئاوارەكانی رۆژئاوا پێویستی زۆریان پێیەتی، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشكرای دەكات، پاش بەدواداچوونمان بۆ دۆخی مرۆیی ئاوارەكان كە لە بەشێكی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچە دوور لە شەڕەكان ئاكنجی بوونە، بۆمان دەركەوت كە ئەو خوشك و برایانە پێویستی زۆریان بەهاوكاری فریاگوزاریی خێرا هەیە لەڕووی دابینكردنی خۆراك و پێداویستی منداڵان.

هاوكاری خۆراكی

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەدا، لەبەر ئەوەی ئەو خوشک و برایانەمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، پێویستیەكی زۆریان بە خۆراك هەیە، بۆیە ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیارماندا (150) تۆن خۆراك كە خۆی لە (5000) پارسێلی خۆراكی (20كغم)ی دەبینێتەوە كە نزیكەی 15 جۆر خۆراكی تێدایە، بگەیەننە رۆژئاوای كوردستان، كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆری ئاوارەكان لادەبات و رووبەڕووی قەیرانی بەدخۆراكی نابنەوە، ئەوەی ئێمە پێمان بكرێت لە گەیاندن و دابەشكردنی هاوكاری دیكە لە قۆناغەكانی دیكەشدا درێغی ناكەین و داوا دەكەین خێرخوازان و خاوەنكار و كۆمپانیاكان و رێكخراوە جیهانی و مرۆیی و هەرێمایەتییەكانیش پاڵپشتیمان بكەن بە گەیاندنی هاوكاری و پێداویستی دیكە بۆ ئاوارەكانی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان.

هاوكاری ناوماڵە

جگە لە دابینكردنی خۆراك كە سەرچاوەی سەرەكی ژیان و بەردەوامبوونی مرۆڤە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەچوارچێوەی هەڵمەتە گەورەكەی بۆ رۆژئاوای كوردستان، بیری لەدابینكردنی پێداویستی ناوماڵە كردۆتەوە، لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا: هەروەك ئاشكرایە بەرەو وەرزی زستان هەنگاو دەنێین و ئاوارەكانیش پێویستیەكی زۆریان بە خۆگەرمكردنەوەو پاراستنیان هەیە لە سەرما و تووش بوون بە نەخۆشییەكان، بۆیە زۆر بە باشمان زانی لەچوارچێوەی هاوكارییەكانماندا (بەتانی)یش بۆ ئاوارەكان ببەین، كە نزیكەی (40) تۆن لە خۆدەگرێت لە (20.000) بەتانی (2كغم) پێكهاتووەو سەرجەمیان بەسەر ئاوارەكان لە رۆژئاوای كوردستان دێتە دابەشكردن.

ئاوی خواردنەوە

یەكێكی تر لەهۆكارەكانی مانەوەی مرۆڤ لەژیان بێگومان ئاوی خواردنەوەیە، كە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی چەند شارێكی كوردستان لە باكووری سووریا، كێشەی كەمئاوی و دەستكەوتنی ئاوی خاوێن بۆتە گرفتێكی گەورە. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەمبارەیەوە رایگەیاند: كۆمەك و هاوكارییەكانمان بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان جۆراوجۆرن، لەوانە ئاوی خواردنەوەشی لەخۆگرتووە، كە هۆكاری سەرەكییە بۆ پاراستنی مرۆڤ لەو نەخۆشیانەی كە بەهۆی ئاوی پیس و ژەهراوییەوە تووشی دەبن، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە لە كاروانەكەماندا ئاوی خواردنەوەش ببەین، بۆیە (90) تۆن كە خۆی لە (10.000) سێت ئاوی خواردنەوەی (9كغم)ی دەبەینە رۆژئاوای كوردستان و بەسەر ئاوارەكاندا دابەشی دەكەین، هەروەها رایگەیاند: هەرچەند ئەم هەوڵەی ئێمە وا دەكات ئاوارەكان تا نزیكەی بیست رۆژ پێی بژین لەڕووی خۆراكییەوە، بەڵام پێویستمان بەوەیە هاوكاری جدی بكرێین لەپێناو بەردەوامبوون و گەیاندنی هاوكاری زیاتر بۆ ئاوارەكان لە سووریا.

شیری منداڵان

یەكێكی تر لەو سێكتەرانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەوردی كاری لەسەر دەكات، دابینكردنی خۆراك و پێداویستی منداڵانە، كە هەروەك ئاشكرایە منداڵان قوربانی یەكەمی شەڕ و ناكۆكییەكانن، بۆیە لە رۆژئاوای كوردستانیش بەداخەوە كێشەی نەبوونی خۆراكی پێویست هەیە بۆ منداڵان، و تووشی گرفتی بەدخۆراكی و نەخۆشی جۆراوجۆر دەبنەوە. موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا: دۆخی منداڵان لەكاتی شەڕ و ئاڵۆزییەكاندا زۆر مەترسدار دەبێت، كە بەگشتی گرفتی دەستكەوتنی خۆراكی پێویستیان هەیە، لەبەر ئەوەی منداڵان توانای خواردنێكیان نیە كە لەگەڵ جەستەو توانایاندا بگونجێت، بۆیە پێویستیان بە خۆراكی تایبەت بە خۆیان هەیە. رایگەیاند: ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم هەڵمەتەماندا بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان، (2.42) تۆن كە (252) كارتۆن شیری (7كغم) بۆ منداڵان پێكهاتووە، لە هەگبەی هاوكارییەكانمادایە و لە قۆناغەكانی دیكەشدا هەوڵدەدەن پێداویستی دیكەی خۆراكی بۆ منداڵان رەوانە بكەین.

پێداویستی تەندروستی

لەگەڵ گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاوارەكانی سەرێكانی و گرێسپی و ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان كە لە حەسەكە و دەوروبەری نیشتەجێن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی سێ ئۆتۆمبێلی دەرمان و فریاگوزاری تەندروستی دەبات و هاوكاری و پشكنین و چارەسەری تەندروستی پێشكەشی ئاوارەكان دەكات.

پارسێلی تەندروستی

جگە لە خۆراك، كە پێكهاتەی سەرەكی مانەوەی مرۆڤە لە ژیان، هاوكات گرنگیدان بە لایەنی تەندروستیش بەشێكی دانەبڕاوی مانەوەی مرۆڤ و پاراستنیەتی لە تووشبوون بە نەخۆشی و پەتا بڵاوەكان. بارودۆخی سووریا بەهۆی ئاڵۆزییەكان و هەروەها بەردەوامی شەڕ و پێكهەڤچوونەكانی چەند شارێكی رۆژئاوای كوردستان لەنێوان سوپای توركیا و هێزە كوردییەكان، دۆخی تەندروستی مرۆڤەكان دەكەوێتە مەترسییەوە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵیداوە لە قۆناغی یەكەمدا پێداویستی پاكوخاوێنی تەندروستی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لەناو خاكی سووریا دابین بكات و لە هەگبەی كاروانە (20) ترێلەییەكەیدا (2.42) تۆن كە (252) كارتۆنی (9.600كغم) دەبینێتەوە دەگەیەنێتە ئاوارەكان لە رۆژئاوای كوردستان. موسا ئەحمەد لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەدا، لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگیمان پێدا دابینكردنی پارسێلی پاكوخاوێنییە كە چەندین بابەتی پاكوخاوێنی وەكو (سابون، شامپۆ، دیتۆڵ، خاولی، هەویری ددان و فڵچە و …هتد) دەبینێتەوە لەگەڵ خۆمان بیبەینە رۆژئاوای كوردستان.

سەبارەت بە بەردەوامی هەڵمەتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان، كە ئێستاكە سەرقاڵی گەیاندنی یەكەمین كاروانی هاوكارین، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا: بێگومان ئەوەی لەتواناماندا بێت درێغی ناكەین و بەردەوام دەبین لە گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان و بەبێ جیاوازییەكان هاوكارییەكان بەسەر خەڵكی ئاوارەو لێقەوماوی شارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دابەش دەكەین و هەوڵدەدەین بەهاوكاری رێكخراوە جیهانییەكان و وڵاتانی كۆمەكبەخش و خێرخوازانی ناوخۆ هەڵمەتی دیكەی هاوشێوەی ئەم هەڵمەتە رێكبخەین و بەپەلە رەوانەی ئاوارەكان لە سووریا بكەین.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest