دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەمەڕ شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی ئاسایش لە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
زیاتر لە دوو مانگە لە بەغدادی پایتەخت و پارێزگاکانی باشوور چەندین خۆپیشاندانی ئاشتیانەی مەدەنی بەڕێوە دەچێت بۆ داواکردنی مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان لە پێناو ژیانێکی شایستە بۆ عێراقییەکان، لە دەرئەنجامی خۆپێشاندانەکان چەندین ڕووداوی کارەساتباری لێکەوتەوە کە بووە هۆی شەهید بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتی سڤیل و کەسانێک لە هێزەکانی ئاسایش.
ئێمە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ بنەماڵەی شەهیدەکان و هیوای زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، لە هەمان کاتدا هاو خەمی و سەرەخۆشی سەرۆک مەسعود بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە قوربانیەکان ڕادەگەیەنین و ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری پێویست لە پێناو کەم کردنەوەی خەم و ئازارەکانیان.
ئێمە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی نارەزای و ناڕەحەتی خۆمان ڕادەگەیەنین لە قوربانی بوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سیڤیل، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هەموو هەوڵێک بدەن لە پێناو ڕێزگرتن لە پرەنسیپە مرۆییەکان.
لەهەمان کاتدا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کار بکەین لە پێناو درێژکردنی دەستی هاوکاری بۆ ئەوانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە، هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکاری تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراقیمان کردوە بە بێ هیچ جییاوازیەک لە تەواوی پارێزگاکان، وە ڕۆڵێکی باڵامان بینیوە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە هەرێمی کوردستان، بەڵێن بە گەلی عێراق و بە تایبەی گەنجان دەدەین کە پارێزەری ڕێبازی بارزانی نەمر بین و بەردەوام بین لە پەیڕەو کردنی ڕێبازەکەی لە پێناو خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.