دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ژێر رۆشنایی وتەی بارزانیی نەمر (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت) کار و چالاکییەکانی لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی درێژە پێدا. لەم راپۆرتەدا خاڵ لەسەر گرنگترین پرؤژەکانی دەزگان لەو ساڵەدا دادەنێین.
پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەرەکانی ( خۆراکی، ناخۆراکی، هەماهەنگی، پاک و خاوێنی، تەندروستی، یارمەتی نەختێنەیی، پاراستن، پەناگە، پەروەردە، ژیانەوانی و پەرەپێدان) جێبەجێکراون، تیایاندا 4،194 چالاکی ئەنجامدراوە و 4،952،568 کەس سوودمەند بوون.
چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی ٢٠١٩دا سنوورەکانی عێراقی تێپەڕاندووە و لە کۆی ژمارەی سودمەندبووان 11,800 کەس لە وڵاتی بەنگلادش و 107,048 کەس لە وڵاتی سوریا سودمەند بوون.
كردنەوەی بنكەی تەندروستی لە بەنگلادش
لە 20/ 5/ 2019 لەناو کەمپی کوتوپالۆنگی شاری کۆکس بازاڕ لە بەنگلادش بنكەیەكی تەندروستی بۆ پەنابەرەكانی بۆرما لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی مێد گڵۆباڵ و Helpers OBAT ـەوە كرایەوە. كە بەهۆی پەڕاگەندەبوونیانەوە كێشەی تەندروستی و مەترسی لەسەر ژیانی 700 هەزار پەنابەر دروستكردبوو. شایانی ئاماژەپێدانە بنكەكە لە توانایدابوو رۆژانە پشكنین و چارەسەری تەندروستی بۆ 500 نەخۆش ئەنجام بدات و بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو و تیایدا 11،810 كەس سوومەندبوون، لەو رێژەیە 80.1 ٪ سوودمەندبووان لە بەتەمەنەكان بوون و هەروەها9.19 ٪ یان منداڵ بوون.
پێشوازیكردن لە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان
بەهۆی بەردەوامی نائارامیەكانی رۆژئاوای كوردستان و هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر باكووری سوریا لە 15/ 10/ 2019 شەپۆلێكی تری پەنابەران روویان لە هەرێمی كوردستان كرد كە خەڵكی شارەكانی (عەفرین، گرێ سپی، كۆبانێ، تلتەمەر و عامودا. ) بوون. ژمارەیان هەتا كۆتایی ساڵی 2019 گەیشتە 18،848 كەس كە زۆربەیان لەكەمپی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێ كران.
لەساتەوەختی پەنابەربوونیاندا رۆژانە لەهەردوو خاڵی سنووری (وەلیدیە – سحێلان) لەلایەن تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پێشكەشكردنی خۆراكی ئامادە و ئاو و جلوبەرگ و پێداویستی منداڵامن پێشوازیی دەكران. لەماوەی 45 رۆژ لەكاتی گەیشتن و دوای گەیشتنی پەنابەران بە کەمپەکان توانرا 188،568 ژەمی خۆراكی ئامادە پێشكەشیان بكرێت، هەتاکوو لەرێككەوتی 1/ 11/ 2019 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەفەرمی بەڕێوەبردنی کارگێڕی کەمپی بەردەڕەشی وەرگرت و لەرێگەی تیمێكی راهێنراو بە پاڵپشتی پارێزگای دهۆك و كۆمیسیۆنی بااڵی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR ئەو ئەرکەی جێبەجێ کرد.
كۆنفرانسی ئاییندەی پێكەوەژیان دوای داعش
لە رۆژی جیهانی ئاشتی21/ 9/ 2019 دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆنفرانسی (ئاییندەی پێكەوەژیان لە دوای داعش) بە ئامادەبوونی ژمارەیەك كەسایەتی ئەكادیمی و وەزیر و پەرلەمانتاران و نوێنەرو قونسوڵخانەی وڵاتان و بەرپرسانی ئیداری و مامۆستایانی زانكۆ و نوێنەری رێكخراوەكان بەڕێوەبرد. دوای وتاری وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، وتاری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشكرا و پاشان دوو توێژینەوەی مەیدانی خرانەڕوو لەسەر (ئاییندەی كریستیانەكان لەعێراق) و (44 ئافرەتی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش)، دوای پێشكەشكردنی دوو پەنەل، پێشنیارو راسپاردەكانی كۆنفرانس پێشكەشی لایەنە پەیوەندارەكانی كۆماری عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و نەتەوەیەكگرتووەكان كرا.
گەیاندنی كاروانی هاوكاری بۆ سوریا
پاش دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزییەكان و هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری سووریا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانی لەرێگەی 6 كاروانی مرۆیی كە (861) تۆن لە پێداویستی )چادر، دۆشەك، سێت مەدبەخ، دەرمان، خۆراك، كارتۆنی تەندروستی، فلتەری ئاو، بەتانی، شیر، پێداویستی پزیشكی، مافور، بالیف، كیسەی خەو و جلوبەرگ) پێكهاتبوون لەرێگەی (165) بارهەڵگری گەورە بگەیەنێتە شارەكانی (عامودا، قامیشلۆ، حەسەكە و كەمپی واشوكانی لە حەسەكە) لەرۆژئاوای كوردستان. هاوكارییەكان بە پاڵپشتی چەندین كۆمپانیا و رێكخراوی نێودەوڵەتی ئەنجامدران. یەكەم كاروانی هاوكارییەكان لە 15/ 10/ 2019 دەستی پێكرد و هەتا كۆتایی ساڵی 2019 گەیاندنی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان بەردەوام بوو.
بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر کار و پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی ٢٠١٩دا دەتوانن خوێنەری راپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ی دەزگا بن