رێككەوتی 4/10/2020 لە سەرۆكایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێوڕەسمێكی شایستە بۆ خەڵاتكردن و رێزلێنان لە 23 قوتابی ئازیزی قۆناغی 12 ئامادەیی بەڕێوەچوو كە توانیبویان لەو قۆناغەدا تێكڕای نمرەی سەرووی (90)یان بەدەست هێنابوو.
رێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی (ئالان حەمە سەعید) وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و (د.فرسەت سۆفی) پارێزگاری هەولێر و (د. سەلاح) نوێنەری وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و ژمارەیەك خاوەنكار و كۆمپانیا و سپۆنسەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو.
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئێمە بەردەوام جەختمان لە خزمەتكردنی كەرتی پەروەردە و قوتابیان كردووە و بەپشتیوانی ئێوەی خۆشەویست بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی ئەم سێكتەرە
لەمیانی رێوڕەسمەكەدا، پاش وەستانی ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان، وتاری كردنەوەی رێوڕەسمەكە لەلایەن بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەچەند تەوەرێكی گرنگی كاری خێرخوازیی و مرۆیی و بایەخدان بە نەوەكانی داهاتوو خستەڕوو و رایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو ئەو باوكەی ئێمە رۆژانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەبینین كە كۆنمرەی منداڵانی خۆی زۆر بە شادییەوە بڵاوی دەكاتەوە، ئەمڕۆ شادومان و بەختەوەرە كە دەبینێت رێز لەوم پۆلە قوتابیە دەگرین كە تێكڕای نمرەیان لەسەرووی نەوەدەوە بەدەستهێناوە. ئێمە بەردەوام جەختمان لە خزمەتكردنی كەرتی پەروەردە و قوتابیان كردووە و بەپشتیوانی ئێوەی خۆشەویست بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی ئەم سێكتەرە. یەكێك لەو سێكتەرانەی كە ئێمە كاری لەسەر دەكەین بەشی ئازیزانە، ئێستا 16806 ئازیزی لەخۆگرتووەو هاوكارییان پێشكەش دەكرێت و هەوڵمانداوە ساڵ بەساڵ ئەم پرۆژەیە گەورەتر و فراوانتر بكەین. جێگەی خۆیەتی سوپاسی سەرمایەداران بكەین كە نزیكەی 11 ساڵە پشتیوان و پاڵپشتی ئێمە بوونە لەم پرۆژەیەدا پشكداربوونە و شانازییان پێوە دەكەین. سەرەڕای بارودۆخە سەختەكان بەردەوام بوون لە هاوكاریكردنی ئەم پرۆژەو پرۆژەكانی دیكەی دەزگاكەمان.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە: دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆتە چەترێك بۆ هاوكاریكردنی چینی قوتابیان
دواتر (ئالان حەمە سەعید) وەزیری پەروەردە وتارێكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا: بەناوی وەزارەتی پەروەردەوە زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین بۆ هاوكاریكردنی كەرتی خوێندن و پاڵپشتیكردنی قوتابیانی ئازیز تاكو بتوانن گونجاوتر بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن و جێگەی شانازیی ئێمەیە. یارمەتیدانی قوتابیانی كوردستان چ لە بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆكان پابەندبوونێكی هەمە لایەنەیە، چونكە پێویستیان بە هاوكارییەكانە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆتە چەترێك بۆ هاوكاریكردنی چینی قوتابیان. داوا لە قوتابیان دەكەم خاك و خەڵكی خۆتان خۆش بوێت و هاوكاری گەلەكەتان بن. ئامانجی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەبووە رۆڵەیەك پێبگەیەنێت خزمەتی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بكات بەبێ جیاوازی.
د. سەلاح، نوێنەری وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: ئاگامان لە كارو چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە كە هەمیشە و بەردەوام بەبێ جیاوازی هاوكارییەكانیان گەیاندۆتە گشت خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت لە هەرێمی كوردستان و گشت پارچەكانی تری كوردستان
هاوكات (د. سەلاح) بەنوێنەرایەتی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا: ئێمە وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەردەوام ئاگامان لە كارو چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە كە هەمیشە و بەردەوام بەبێ جیاوازی هاوكارییەكانیان گەیاندۆتە گشت خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت لە هەرێمی كوردستان و گشت پارچەكانی تری كوردستان، لێرەوە دەمەوێ سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆك و دەستەی بەڕێوەبردن و گشت كارمەندانی ئەم دەزگایە بكەین. لەساڵی 2014 هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی بوو كە پاش بڕینی بەشە بودجەی كوردستان لەلایەن بەغداوە و ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر وەزارەتەكەمان كرد، ئێمە نەمانتوانی وەكو پێویست هاوكاری وەزارەتەكەمان بگەیەنینە خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت، ئەمەش بۆشاییەكی گەورەی دروستكرد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵكانی خێرخوازیی تر توانیان ئەم بۆشاییە تاڕادەیەكی زۆر باش پڕ بكەنەوە و جێگەیان دیارەو سوپاسیان دەكەین.
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر: لە زۆر قۆناغی سەخت ئەم دەزگایە بوێرانە و مەردانە هاتونەتە پێش و خزمەتێكی بەرچاویان پێشكەش بە چین و توێژەكان كردووە
هەر لە مەراسیمەكەدا (د.فرسەت سۆفی) پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەكرد: دڵنیام ئێوەی ئازیز ئەو كەسانەن كە بەهێزەوە لەسەر پێی خۆتان وەستاون، دڵنیام كە چۆن قۆناغی سەختی پۆلی 12ی ئامادەییتان تێپەڕاند، ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕوانی ئێوە دەكات، ئێوە ئایندەیەكی رووناكتان هەیە، سەربەرزین لە خزمەتی ئێوەداین، سەربەرزین كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاڵپشتی ئێوە بووە. لە زۆر قۆناغی سەخت ئەم دەزگایە بوێرانە و مەردانە هاتونەتە پێش و خزمەتێكی بەرچاویان پێشكەش بە چین و توێژەكان كردووە، بەیەكەوە دەتوانین ئەم وڵاتە ئاوەدان و پارێزراوتری بكەین. پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
خالید خۆشناو: خاوەنی كۆمپانیای هێمن گروپ: بە ئەركی خۆمان دەزانین لە هەر كوێیەك خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین
دواتر، بەڕێز (خالید خۆشناو) خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی هێمن گروپ وتەیەكی كورتی پێشكەشكردو رایگەیاند: بەناوی سەرمایەدارانی كوردستان بەئەركی خۆمان دەزانین لە هەر كوێیەك پێویست بە هاوكاری بێت، ئێمە خزمەتی خەڵكی خۆمان دەكەین، پیرۆزبایی لە قوتابیانی خۆشەویست دەكەم كە نمرەیەكی بەرزیان بەدەستهێناوەو دوارۆژێكی گەشیان هەیە. دووبارە سوپاس.
لەكۆتایی مەراسیمەكەدا لەلایەن میوانان و كۆمپانیاكانەوە خەڵات و رێزلێنان پێشكەشی قوتابیانی دەرچوو كرا.