له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی هاوكاری ده‌گه‌یه‌نرێتە 1000 خێزانی لێقه‌وماوی لافاو له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا

موسا ئه‌حمه‌د: ئۆفیسه‌كانمان له‌شاره‌كانی كوردستان راسپاردووه‌ ده‌ست به‌ناونووسینی ئه‌و خێزانانه‌ بكه‌ن كه به‌هۆی لافاوه‌وه‌ زیانیان به‌ر ده‌كه‌وێت

راپۆرت: زانکۆ محەمەد

پاش ئه‌وه‌ی رۆژی هەینی ٧ی ١٢ی ٢٠١٨، زوھێر ئەعرەجی، قایمقامی شاری مووسڵ، داوای لە سەرۆک بارزانی کرد، بە ھانای شاری مووسڵەوە بچێت و یارمەتی ئاوارەکان و خەڵکی لیقەوماو بدات بەهۆی لافاو و بارانبارینەکانی ئەم دواییه‌وه‌ تووشی هاتوون و ژماره‌یه‌كی زۆر خێزان زیانمه‌ندبوون و ئاواره‌بوون. پاشان سەرۆک بارزانی بەدەم ئەو بانگەوازەوە ده‌چێت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی راده‌سپێرێت، تاوەکو به‌شێوه‌یه‌كی خێرا بە ھانای ئاوارە و لێقەوماوانی لافاوەکانی ئەم دواییەی شاری مووسڵەوە بچن.

لافاو دوو كه‌مپی ئاواره‌كان له‌ناو ده‌بات

به‌هۆی باران بارینی به‌خوڕ كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی گرتۆته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ رووداوی سروشتی و لافاو دروستبووه‌و ژیانی هه‌زاران كه‌سی خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، له‌و میانه‌شدا پارێزگای نه‌ینه‌وا پشكی گه‌وره‌ی لافاوی به‌ركه‌وت و تیایدا له‌ هه‌ردوو كه‌مپی (نه‌مرود و سه‌لامیه‌) نزیكه‌ی 1600 خێزان په‌ڕاگه‌نده‌بوون و ماڵ و حاڵیان له‌نێو خێوه‌تگه‌كانیان لافاو بردوونی، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پاڵپشت به‌ راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی لافاوه‌كه‌، ده‌ستبه‌جێ تیمێكی گه‌وره‌ی پێكهێنا كه‌ خۆی لی کاروانێکی گەورەی هاوکاری و کۆمەککردنی بەپەلە كه‌ پێكهاتبوون له‌ (خۆراكی خێرا، پارسێلی ته‌ندروستی، ئاوی خواردنه‌وه‌، جلوبه‌رگ) گه‌یانده‌ دانیشتووانی خێمەکانی (نەمردوون و سەلامییە) و دابه‌شی كردن.

هاوكاری زیانلێكه‌وتووان ده‌كه‌ین

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: ئێمه‌ به‌رده‌وام به‌هانای ئه‌و خێزان و كه‌سانه‌وه‌ ده‌چین كه‌ رووبه‌ڕووی كاره‌ساتی سرووشتی و لافاو ده‌بنه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ زیانێكی گه‌وره‌یان پێده‌گات، له‌سه‌روبه‌ندی هاتنی وه‌رزی زستاندا، له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان و عێراق لافاو خه‌ڵكی ناوچه‌كانیان زیانمه‌ند كردووه‌، بۆیه‌ سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌ فریاگوزارییه‌كانمان له‌ شێخان و كه‌مپی دۆمێز و پارێزگای دهۆك بوو، كه‌ هاوكاری و پێداویستی ناوماڵه‌كان بۆ زیان لێكه‌وتووان دابینكرد. دواتر له‌ شارۆچكه‌ی مه‌نده‌لی و شه‌رگات و حاجی ئۆمه‌ران و چۆمان به‌هه‌مان شێوه‌ رووداوی لافاو روویداو به‌هۆیه‌وه‌ به‌سه‌دان خێزان رووبه‌ڕووی ئاواره‌یی و په‌ڕاگه‌نده‌یی بوونه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ ئه‌ركی خۆی زانی به‌هانای لێقه‌وماوانه‌ بچێت و به‌بێ جیاوازی هاوكاری و پێداویستی پێشكه‌شكردن، هه‌روه‌ها له‌ساڵانی رابردووش له‌ ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌هه‌مانشێوه‌ هاوكارییمان پێشكه‌شی زیانلێكه‌وتووانی لافاو كردووه‌. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش به‌بیر بێنمه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ساڵی 2013 گه‌وره‌ترین كاروانی هاوكاری خۆراكی و ناخۆراكیمان گه‌یانده‌ زیان لێكه‌وتووانی لافاو له‌ پارێزگاكانی زیقار و میسان و واسیت و هاوكاریمان پێشكه‌شی 750 خێزانی زیانمه‌ندی لافاو كرد.

هاوكاریكردنی 1000 خێزان

له‌باره‌ی ئه‌م هاوكارییه‌ بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن قایمقامی ناوه‌ندی پارێزگای نه‌ینه‌وا هاوارنامه‌یه‌كیان بۆ سه‌رۆك بارزانی نارد كه‌ پێویستی زۆریان به‌هاوكاریی هه‌یه‌و دوو كه‌مپی ئاواره‌كان لافاو زیانی پێگه‌یاندوون و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌بوون، بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ پاش راسپاردنی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌ركه‌، ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانمان كه‌وتنه‌ ئاماده‌باشی له‌پێناو گه‌یاندنی هاوكاری خێرا بۆ لێقه‌وماوان. بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م هاوكارییه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌ پارسێلی خۆراك، پارسێلی ته‌ندروستی، جلوبه‌رگ، ئاوی خواردنه‌وه‌، وه‌كو هاوكاری فریاگوزاری پێشكه‌شی لێقه‌وماوانی هه‌ردوو كه‌مپی نه‌مرودو سه‌لامییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ژماره‌یان 1000 خێزان ده‌بێت.

چی بۆ ناوخۆی كوردستان ده‌كرێت؟

له‌باره‌ی گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هه‌ر خێزانێك كه‌ به‌هۆی لافاواوه‌ له‌ناوخۆی كوردستان زیانی پێ بگات، موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بكه‌ین، بێگومان له‌ناوخۆی كوردستانیش به‌هۆی لافاوه‌وه‌ رووداوی جۆراوجۆری لێكه‌وتۆته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئۆفیسه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌شاره‌كان راسپاردووه به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان ده‌ست به‌ناونووسینی ئه‌و خێزانانه‌ بكه‌ن كه زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات هاوكارییان پێشكه‌ش بكه‌ین.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest