لە ٢٣/١٠/٢٠١١ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧ ریشتەر شاری وانی لە وڵاتی تورکیا هەژاند و سەدان خەڵکی سیڤیلی ئەو شارە و دەورووبەری بوون بە ژێر دیوار و سەقفی خانووەکانیانەوە و گیانیان لە دەستدا و سەدانی تریش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانەکان کران و چەندین ماڵ و باڵەخانە رووخان و کارەساتێکی مرۆیی گەورە روویدا. گەورەیی کارەساتەکە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و میدیاکانی جیهان مەرگەساتەکەیان بۆ جیهان دەگواستەوە. مردنی مرۆڤەکان و بێ خانە و لانەبوونی خەڵکی سیڤیل دڵی خەڵکی هەرێمی کوردستانی داخورپاند و هەموانی دڵتەنگ کرد و رۆحی بەهاناوەچوونی خەڵکی کوردستانی وروژاند.
بەمەبەستی بەهاناوەچوونی خەڵکی کارەساتباری وان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیاند و داوای لە خێرخوازانی کوردستان کرد هاوکارییەکانیان لە رێگەی دەزگاوە بگەیەننە خەڵکی زیان لێکەوتووی شاری وان و دەوروبەری. هەڵمەتەکە یەک مانگی خایان، لەو ماوەیەدا کوردستانیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە پیر بانگەوازەکەی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی) یەوە هاتن، خەمخۆرانە پشکداریان لەم پرۆژە خێرخوازییە گەورەیەدا کرد و بەپێی کڕین و پێداویستییەکانی درووستکردنی (کەرەڤانە) لەلایەن کەسایەتی و خاوەن کۆمپانیا و خێرخوازانەوە بڕی (هەشتا و پێنج ملیۆن و دووسەد و هەشتاو پێنج هەزار) دۆلار تەرخانکرا و کۆی خەرجی هاوکارییەکانی بریتی بوو لە (نۆ سەد و چل و نۆ هەزار و دووسەد دۆلار).
هاوکارییەکان بریتی بوو لە ٤٠٠ کەرەڤانە بە هەموو پێداویستییەکانی ماڵەوە لە لایەن (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی وان ئامادەکرا.
رێکەوتی ١٧/١١/٢٠١١ لە مەراسیمێکدا لە ژێر چاودێری رێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی بۆڕدی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتان و خەڵکی خێرخواز و هاریکاربەخش لە هەولێری پایتەخت، کاروانی یەکەمی هاوکارییەکان بەرەو شاری وان بەڕێکەوت.