دەزگای خێرخوازیی بارزانی؛ فریادڕەسی ڕۆژە سەختەكانی ڕۆژئاوای کوردستان بوو

لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵمەتێکی بەرفراوانی مرۆیی بۆ کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکارییەکان دەستپێکرد. ئەم هەوڵە نیشتمانییە بە مەبەستی سووککردنی باری گرانی ئاوارەکان و خەڵکی خۆجێی ناوچەکە ئەنجام درا.

بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمە مەیدانییەکان، کاروانەکانی هاوکاری لە ڕێگەی دەروازەی سنووری “سێمالکا”وە گەیشتنە ڕۆژئاوا. تیمەکان شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک و لە ڕێکەوتی ٢٢/١/٢٠٢٦ بە هەماهەنگی لەگەڵ (هەیڤا سۆر) دەستیان بە دابەشکاری کرد. سەرەڕای تەنگیی کۆڵانەکان و ئاستەنگی هاتووچۆی بارهەڵگرە گەورەکان، تیمەکان کۆڵیان نەدا و هاوکارییەکانیان گواستەوە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووکتر، بۆ ئەوەی بە خێرایی بە دەستی خەڵکی شایستەبگات.

خزمەتگوزارییەکانی دەزگا تەنیا لە قامیشلۆ قەتیس نەمایەوە، بەڵکو شار و شارۆچکەکانی (حەسەکە، عامودا، گرکێلەکی، دێرک، تربە سپی، دێرباسیێ و عەفرین) و گوندەکانی دەوروبەریانی گرتەوە. بەتایبەتی گرنگییەکی زۆر بە ئاوارەکانی گەڕەکەکانی (ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود) لە حەلەب درا، کە چەندین جار تووشی ئاوارەیی ببوون.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانی لە ماوەیەکی پێوانەییدا ئەم ئامارانە تۆمار بکات:

  ٤١٥ بارهەڵگر هاوکاریی جۆراوجۆری خۆراکی و ناخۆراکی.

  ٢٩,٠٧٠ خێزان لە هاوکارییە مرۆییەکان سوودمەند بوون.

  ٣٧٠,٢٤٥ لیتر سووتەمەنی (مازۆت): بەسەر ٩,٦٨٢ خێزاندا دابەش کران.

  ٢٩,٠٧٠ ژەمە خۆراکی گەرم بۆ ئاوارەکان دابین كرا.

  ٨,٧٠٧ کەس لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەرمان. سوودمەند بوون

  ١,٤٨٣ کەس دەرفەتی کاریان پێدر.

جگە لە هاوکارییە ڕۆژانەکان، لە ڕێکەوتی ٢٥/٢/٢٠٢٦ زیاتر لە ٣ تۆن دەرمان بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی و نەخۆشخانەکانی عامودا دابین کرا. لە بواری خۆراکیشدا، ٢٠٠ تۆن ئارد بۆ فڕنەکانی قامیشلۆ دابین کرا، کە بووە هۆی بەرهەمهێنانی ٣ ملیۆن و ٣٦٠ هەزار نان و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کران. هەروەها لە مانگی ڕەمەزانیشدا، خوانی بەربانگ بۆ هەزاران کەس لە مزگەوت و قوتابخانەکان ئامادە کرا.

ئەم چالاکییە مرۆییە کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبوو، بەرئەنجامی بەخشندەیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو؛ لە سەرمایەدارەکانەوە تا ئەو منداڵانەی “دەخیلە”کانیان پێشکەش کرد.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی دڵنیایی دەداتە خەڵکی خۆشەویستی ڕۆژئاوا کە تا ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە و گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی جاران، لە خزمەتکردن و گەیاندنی کاروانەکانی هاوکاری بەردەوام دەبێت.

 

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest