سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لە لاوانی تاراوگەی بەشداربووی كەمپی پەرەپێدانی مرۆیی دەكات

بارەگای بارزانی و كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، سەفەرێكی حەوت ڕۆژە بۆ ژمارەیەك گەنجی تاراوگە بۆ هەرێمی كوردستان دەڕخسێنن و لە كەمپی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازییان لێدەكرێت و بە شوێنە مێژوویی و كەلتوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشنا دەكرێن.

لە درێژەی چالاكییەكانی كەمپی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی 7/10/2025، بەشداربووانی كەمپەكە كە 106 لاوی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان و دانیشتووی تاراوگەن، سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێریان كرد و لەلایەن بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.

لاوانی میوان، سەرەتا سەردانی كۆگاكان و بەشەكانی دەزگایان كرد، دواتر ڤیدیۆی بیست ساڵی ڕابردووی كار و چالاكییەكانی دەزگا نمایش كرا و میوانەكان تا ڕاددەیەكی زۆر بە پێشینەی هاریكارییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و وڵاتانی جیهان ئاشنا بوون.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ میوانەكان، وێڕای بەخێرهاتنیان، تیشكی خستە سەر ناوی دەزگای خێرخوازی بارزانی، كە هەڵگری ناوی بارزانیی باوكە و هەمووان دەزانن كە خەبات و تێكۆشانی بۆ ئەوە بووە كە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان ماڵێك چێ بكەن. گوتیشی: “ئێمە شانازی دەكەین كە ئەمڕۆ ئەگەر كیماسییەك، یان پێویستییەكی هەبێت، لە هەر پارچەیەكی كوردستان و لە هەر وڵاتێك كاتێك كارەساتێك ڕووی داوە، داخوازی لە جەنابی سەرۆك بارزانی و لەم دەزگایە دەكەن”.
سوپاسێكی تایبەتی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی كرد، كە بوونە هۆی ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو گەنجانە یەكدی ببینن و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڵێن دەدەین بە شێوەیەكی بەرفراوانتر لە خزمتی ئێوە و خەڵكی خۆماندا بین. ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئەورووپی وەك ئێمە پشتیوانی لە خەبات بۆ دۆزی ڕەوای كورد دەكەن و ئێمە سەربڵندین كە پێشوازی لەوانیش بكەین. هیوادارین ئەم بەرنامەیە بەردەوام بێت. ئێمەش بەڵێن دەدەین وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پلانی باشتر و بەرفراوانتر لە خزمەت ئێوەدا بین و هەر یەك لە ئێوەش بە بیروباوەڕی جیاوازەوە لە شار و وڵاتی خۆتان دەتوانن باڵیۆزی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بن”
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، هێمای بۆ ئەوە كرد، كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە بێ هاریكاری خەڵك و حكومەتی هەرێم كارێكی پێناكرێت”، نموونەشی بەوە هێناوە كە لە ساڵی ٢٠١٢ لە كەمپی بەحركە یەكەم كەمپ بوو بۆ پەنابەرانی ڕۆژئاوای كوردستان كە بە هۆی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش ئاوارە بوون، لە دەمژمێر دوازدەی شەو زیاتر لە ١١٠٠ كەس بە گەنج و پیر و پەكەوتە و بە ژن و منداڵەوە هاتنە یەكەم كەمپی هەرێم لە بەحركە و ئەوكات نە دەزگای خێرخوازیی بارزانی نە حكومەتی هەرێمیش ئامادەكارییان بۆ ئەو پێشوازییە نەكردبوو، هەر لەو بارەیەوە گوتی: “سەرۆكی شارەوانی هەولێریش لەگەڵ ئێمەدا بوو. وتمان بەپەلە هەندێ بسكویت و شەربەت و شتی وایان بۆ دابین بكەین، بەڵام هێندەی نەبرد، هەزاران ئۆتۆمبێل هاتن و دوشەك و بەتانی و خۆراك و جلوبەرگیان بۆ هێنان، واتە وەك برا و خوشكی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ كردن، ئەوەیە تایبەتمەندیی خەڵكی كوردستان”.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە پەرلەمانتارێكی ئەڵمانی پرسیوە: ئەگەر لە ماوەی دوو سێ مانگ بە هۆی هاتنی ئاوارە و پەنابەر ٣٠٪ بە ڕێژەی دانیشتووانی وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا بەو پێگە بەهێزەی ئابوورییەی زیاد بكرێت، دەتوانن ئیدارەی بكەن؟ لە وەڵامدا بە “نامومكین”ی زانیوە، بەڵام ئەوە لە هەرێمی كوردستان ڕووی داوە. ئەوەشی خستە ڕوو كە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
لە چل و پێنج ڕۆژدا توانیویانە “نۆ ملیۆن و نۆسەد هەزار ژەمە خۆراك” بەسەر كوردانی ئێزدی دابەش بكەن، بێ ئەوەی یەك حاڵەتی تەسەمم ڕوو بدات، ئەویش لە گەرمیی هەوای نزیكەی پەنجا دەرەجە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوەش كردەوە كە “كورد مەزنترین پارێزەری مرۆڤایەتییە و ئەوەی خەڵكی كوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەری كردووە” لە هیچ وڵاتێك نەكراوە ئەوەش وتەی كەسان و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتییە كە خۆیان لە كوردستان بە چاوی خۆیان بینیویانە و باسیان كردووە.
دواتر بەڕێز دكتۆر ئیسماعیل كامیل سەرۆكی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، وتارێكی پێشكەش كردو ئاماژەی بەوە كرد، ٤٠ ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی و ١٠٨ كۆمەڵەی كوردستانی لە ئەورووپا و جیهان ئەندامن لە كۆنفیدراسیۆنەكەیان و بە ناوی هەموویانە سوپاس و پێزانینی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیسكی دیاسپۆرای بارەگای بارزانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە كە كۆنفیدراسیۆنەكەیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ماڵی خۆی دەزانێت. گوتیشی: “كوردستان ماڵی ئێمەیە و بە هەمووان دەبێت هەوڵی یەكڕیزی و پەیوەندییەكی بەهێز بدەین و باشوور، باكوور، ڕۆژائاوا و ڕۆژهەڵات، جیاوازییان و دوو و دوو نابێ چوار و دەبێت بە یەك و ئێمەش یەك كوردستانمان هەیە”.
سەرۆكی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی سوپاسی لاوانی بەشداربووی كەمپی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و هیوای خواست هەر كامیان لە هەر وڵاتێك دەژین، ببن بە باڵیۆزی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ ئەم دەزگایە هەبێت.
دواتر بەڕێز یاد ئەمین، سەرۆكی فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، وێرای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد كە فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی سەربە كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی و سەر بە دیسكی دیاسپۆرای “بارەگای بارزانی”یە كە ڕێزدار شیفا بارزانی سەرپەرشتی دەكات. جەختی لەوەش كردەوە كە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دڵێكی فراوان و كاری ناوازە و تیمی بەهێز بەدی دەكرێت و جێی شانازین. گوتیشی: “ڕەوەندی كوردستانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەردووكمان زادەی بیرۆكەیەكین كە لە جەنابی سەرۆك بارزانییەوە هاتووە و هەردووكمان بە یەك ئامانج كار دەكەین و بۆ خزمەتی ئەم وڵات و نیشتمانە لەدایك بووین. سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم” بەڕاستی جێی شانازین و تیمی پڕۆتۆكولیش وێنایەكی جوان و دیپلۆماسییەكی ئەكادیمیان هەبووە و سوپاسی هەموویان دەكەین”.
دەزگای خێرخوازیی بە هەماهەنگی لەگەڵ بارەگای بارزانی و كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، بە مەبەستی ئاشنابوونی ڕەوەندی كوردی بە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنی ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەكان و دامەزراوە حكوومییەكان گەشتێكی حەوت ڕۆژەی بۆ ئەو لاوانە ڕێكخست.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2018 یەكەمین كەمپی پەرەپێدانی مرۆیی كردەوە و چەندین كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشدارییان تێدا كرد. ئەم كەمپە تا ئێستا بەردەوامە و بە چەندین پێوەری جیهانی و ئەكادیمی بەڕێوەدەبرێت.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest