لە رێکەوتی 11/1/2019 شاندێکی باڵای فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان لە حکومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتی بەرێز محمد تاهیر تەمیمی سەرۆکی فەرمانگەکە سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات و لە لایەن بەرێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ئەندامانی دەستەی کارگێری پێشوازیان لێکرا.
شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بەرامبەر ئەو هەوڵ وکۆششانەی داویانە لەم چەند مانگەی رابردوو لە موسڵ ودەورووبەری کە خەڵکەکەی دووچاری لافاو بونەتەوە. بەڕێز محەمەد تاهیر گوتی:” ئێمە شانازی دەکەین کە دەزگایەکی خێرخوازیی وا گەورە لە هەموو ناوچەکانی عێراق خزمەتی خەڵکی لێقەوماو دەکات”. هەروەها باس لەو شێوازە خێرایەی وەڵامدانەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرا بۆ وەلامدانەوەی لێقەوماوان وچۆنیەتی گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان پێیان.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وێرای بەخێرهاتنی شاندەکە باسی لەو رێگریانە کرد کە دووچاری دەبنەوە لە کاتی گەیاندنی یارمەتی بۆ ناوچە مەرگەساتبارەکان و داوای کرد هاوکاری زیاتر بکرێت لە نێوانیاندا بۆ راپەراندنی کارەکان و گوتی: “پێویستە زیاتر گرنگی بە ئاوارەکان بدرێت لە دابینکردنی پێداویستییە زستانییەکان بە تایبەتی سوتەمەنی و کەشێکی وا درووست بکرێت کە ئاوارەکانی ناو کەمپ هەست بە ئارامی و جێگیری بکەن”.