دەزگای خێرخوازیی ستێرلینگی ئەمریکی، بە هەماهەنگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سیستەمی وزەی خۆر بۆ ژمارەیەک قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێكەوتی 13/4/2025، شاندێکی دەزگای خێرخوازیی ستێرلینگی ئەمریکی، بە سەرۆکایەتی خاتوو (بریتنی ستێرلینگ)، بەرپرسی دەزگای ستێرلینگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێریان کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاوە پێشوازییان لێکرا.
دەزگای ستێرلینگ یەکێکە لەو دەزگا مرۆییانەی كە کار و پڕۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی جێبەجێ دەکات، ساڵی ڕابردووش وەکو دەستپێک، سیستەمی وزەی خۆری لە 10 لە قوتابخانەی شاری هەولێر دامەزراند، وەکو سەرچاوەیەکی نوێی وزەی کارەبا، بڕیاریشە لەو پڕۆژەیە بەردەوام بن.
لە دیدارێکدا، کە هەر یەکە لە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر عەبدوڵڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئامادەی بوون، جەخت لە کاری پێکەوەیی و بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان دەزگای ستێرلینگ و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرایەوە.










