دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند

بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پارێزگاری هەولێر، سەركونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر، نوێنەرانی مانگی سووری توركیا و مانگی سووری عێراق و ژمارەیەك لە بەخشەران و كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند. داوا لە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەكات، حكومەتی عێراقی ئاگادار بكاتەوە كە برسیكردنی خەڵك نە لە چوارچێوەی بنەماكانی ماڤی مرۆڤە، نە لە هیچ یاسایەك جێی دەبێتەوە.

بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد – سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو – پارێزگاری هەولێر، ئەرمان تۆپچو – كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر و ژمارەیەك لە بەخشەران و نوێنەرانی مانگی سووری توركیا و مانگی سووری عێراق و كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 6\6\2025 لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە كۆشتارگەی هەولێر بەڕێوە چوو، پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربانی پیرۆز ڕاگەیەندرا.

سەرەتا ئومێد خۆشناو پارێزگارێ هەولێر، دوای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە هەمووان و سوپاسكردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشەرانی پاڵپشتی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربانی پیرۆز، داوای لە هاووڵاتییان كرد، لە كاتی قوربانیكردنی مەڕوماڵات بە هەموو شێوەیەك پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بنرو، لە كوشتارگەكان قوربانی بكەن، بۆ ئەوەی تەندروستیی خەڵك نەكەوێتە مەترسییەوە. ئەوەشی خستەڕوو، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەر لە جەژنی قوربان نزیكەی 17,000 سەبەتەی خۆراكیان بە سەر خەڵكی هەژاردا دابەش كردووە، جەختی لەوەش كردەوە كە دابەشكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە كە “زوڵم و ستەمەكانی بەغدا لە چوارچێوەی پێشێلكردنی دەستووری عێراق و یاسا و ڕێكەوتنەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەردەوامە و لە دوای ساڵی 2013 تا ئێستا هەمیشە گرفتی بوودجە و مووچەیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە”.
دواتر، ئەرمان تۆپچو سەركونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر، لە وتەكانیدا سەرەتا لە ڕێگەی میدیاكارانەوە پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد. باسی ئەوەشی كرد كە ساڵی پاریش سەردانی كوشتارگەی هەولێری كردووە و ئەوەشی دووپات كردەوە، كە ئەم كوشتارگەیە بە ستانداردی جیهانی كار دەكات و سوپاسی ستافی كوشتارگەكەیشی كرد.

كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو كە “مانگی سووری توركیا بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری عێراق، ئەمساڵ نۆ تۆن (9,000) كیلۆ گۆشتی سوور دابەش دەكات، كە لە هەولێر ژمارەی سوودمەندانی دەگاتە هەزار خێزان، لە دهۆك 250 خێزان و لە مووسڵیش زیاتر لە 600 خێزان لێی سوودمەند دەبن”.
هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوكارییەكانی جەژنی قوربان و گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی كارەساتی بوومەلەرزەكان لە توركیا بە خێراترین شێواز و وەك یەكەم دەزگا گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكان و بە هانای خەڵكی لێقەوماو هاتن، لە خوای گەورەش داواكارین زیاتر دەستی هاریكاریی مرۆییان فراوانتر بكات “. لە بەشی كۆتایی لێدوانەكانیشیدا بە زمانی كوردی گوتی: “جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت”.
دواتر موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پەیڤێكی پێشكەش كرد و دوای جەژنە پیرۆزە لە موسڵمانانی كوردستان و جیهان و بەخێرهاتنی ئامادەبوون، سوپاسی هەموو ئەو لایەنە بەخشەرانەی كرد، كە هەمیشە پاڵپشتی كار و چالاكییەكانی دەزگا بوون. گوتیشی: “ئێمە ئاخافتنێكی بارزانیی نەمرمان كردووەتە دروشمی كارەكانی خۆمان، كە فەرموویەتی: (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت). ئەمساڵیش بە شانازییەوە كۆمەڵێك چالاكیمان هەیە، وەك زياتر لە 17,000 پاكێجی خۆراك و پارەی كاش بۆ 500 خێزان و دیاری بۆ منداڵان كڕدراوە، لە پرۆسەی دابەشكردنی گۆشتی قوربانی بەردەوامین، كە بە سوپاسەوە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، چالاكییەكانی ئۆفیسەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان بە شێوەیەكی بەرفراوان گواستووەتەوە.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوە كرد كە هاوكات لەگەڵ جەژنی قوربان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەیاننامەیەكی ئاراستەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، لەسەر ئەو ڕەوشەی كە حكومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان دروستی كردووە. جەختی لەوەش كردەوە كە “برسیكردنی خەڵك كێشەی دیكە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لە كۆنفڕانسی مافی مرۆڤیش لە جنێف، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی دەكات. گوتیشی: “ئێمە تەمەننا دەكەین، هەموو لایەنە مرۆییەكان و هەموو ڕێكخراوە مرۆڤدۆستەكان، هاوكار و پاڵپشتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بن، بەتایبەتی كە دەبینن، هەرێمی كوردستان یەكێك لەو شوێنانە بووە، كە لە هەر كارەساتێك كە بە سەر ئەو ناوچەیەدا هاتووە، بە دەستێكی پڕ و دڵێكی فراوانەوە، نەك دەرگاكانی ماڵیان، بەڵكو دەرگاكانی دڵیشیان كردووەتەوە بۆ ئاوارە و پەنابەران، ئێستاش لەو كاتەدا لە جیاتی ئەوەی پاداشتی ئەو خەڵكە بدرێتەوە، بەداخەوە برسی دەكرێن. بۆیە بە ئەركی هەموو ڕێكخراوە مرۆییەكانی دەزانین، بەتایبەتی ئەوانەی ئەندامن لە(UN)، پێگەی خۆیان بەكار بهێنن، بۆ ئەوەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی عێراقی ئاگادار بكاتەوە، كە برسیكردنی خەڵك نە لە چوارچێوەی بنەماكانی ماڤی مرۆڤە، نە لە هیچ یاسایەك جێی دەبێتەوە”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest