20ی حوزەیزانی هەموو ساڵێک، “ڕۆژی جیهانیی پەنابەران”ـە، که‌ له‌لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه ‌یه‌کگرتووه‌کانەوە لە ساڵی 1951ـەوە ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دیاری کراوە

ئەمساڵ لەکاتێکدا پێشوازی لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دەكەین، کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی قۆناغێکی دژوار و پڕمەترسی بووەتەوە. جەنگی نێو دەوڵەتان و قەیرانی ئابووری و دارایی، هەڵکشانی هەڵاواردن و کاولکاری و بێکاری و هەژاری،‌ به‌شێکی زۆری دانیشتووانی وڵاتانی دنیای ناچار به‌ کۆچکردن و ئاواره‌بوون و دەربەدەری کردووه‌.

بە پێی ئاماری كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، لە ساڵی 2024 ژمارەی پەنابەران لە سەرانسەری جیهان 122 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.

دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش و ڕاگەیاندنی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)، شاڵاوی هاتنی پەنابەرانی دەرەوەی عێراق و تەنانەت خەڵكی ئاوارەی ناوخۆی عێراقیش بەرەو هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 دەستی پێكرد و نزیكەی دوو ملیۆن كەسیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەو كاتەوە ئامێزی بۆ كردنەوە و هەموو تواناكانی خۆی بۆ خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران تەرخان كرد و دواتر ئیدارەی 30 كەمپی لە هەرێمی كوردستان لە ئەستۆ گرت.

لە ئێستادا ئاماری ئاوارە و پەنابەری ناو كەمپەكانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی كەمپەكان بەمجۆرەن:

ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێ لە پارێزگاكانی (دهۆک، هەولێر، گەرمیان، نەینەوا) 186،877 كەسن.  لەو ژمارەیە 17642 كەس پەنابەر و  21759 كەس ئاوارەن كە لە ناو كەمپەكان دەژین. لە دەرەوەی كەمپەكانیش لە پارێزگاكانی (دهۆک، هەولێر، سلێمانی)  582,501 كەس نیشتەجێ بوون و پەرنابەرانی كوردانی ڕۆژئاواش لە دەرەوەی كەمپەكان 169,447 كەسن.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام داكۆكی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەران كردووە، هەر كاتێكیش هەر ژمارەیەكیان بە خواستی خۆیان بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە، بەهانایانەوە و چووە و هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كردوون. لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانیشدا جارێكی دی، داوای پشتیوانیی كۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی هاریكاریبەخش لە ئاوارە و پەنابەران دەكات.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest