موسا ئەحمەد: لە مانگی ڕەمەزان زیاتر لە 4.5 ملیار دینار هاوكاریی جۆراوجۆرمان پێشكەش كردووە

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی، داتا و زانیاریی چالاكییەكانی دەزگای لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەخاتەڕوو كە لە حەوت سێكتەری جیاواز كاریان كردووە، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە تێچووی هاوكارییەكان لەم مانگەدا زیاتر لە 4 ملیار و 577 ملیۆن و 635 هەزار دینار بووە.
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی، كە ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 18/3/2026 لە سەرۆكایەتیی دەزگا لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە كرد، كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پاڵپشتیی خواپێداوان و خێرومەندانی كوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ متمانەی زیاتر بەدەست دەهێنێت، هەموو ئەوانەش وای كردووە، لە بۆنە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكان ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی هەبێت”. باسی ئەوەشی كرد، دەزگا ساڵانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە چەندین سێكتەری جۆراوجۆر كاری كردووە و كارەكانی جێی بایەخ بوون و كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە هەبووە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پیرۆزبایی جەژنەكانی ڕەمەزان و نەرۆزی سەر ساڵی كوردی، لە تێكڕای مرۆڤایەتی و موسڵمانان و هەموو كوردستانییان كرد. لە بارەی چالاكییەكانیش گوتی: “ئێمە لە ڕەمەزانی ئەمساڵ، لە حەوت سێكتەری جیاواز لە هەرێمی كوردستان و چوار پارێزگای دیكەی عێراقیش كارمان كردووە، هەروەها لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاومان هەبووە لە خزمەتكردنی ئاوارە و خەڵكی خۆجێیی ناوچە كوردییەكان”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەمجۆرە داتا و زانیاریی چالاكییەكانی دەزگای لە مانگی ڕەمەزان خستەڕوو:
ژمارەی سوودمەندان لە خوانی بەربانگ: 85,676 كەس، كە تێچووەكەی دەكاتە 257,028,000 دینار.
ژمارەی سوودمەندان لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک: 65,901 خێزان كە تێچووەكەی دەكاتە 2,099,432,000 دینار.
ژمارەی سوودمەندان لە دابینکردنی نان: 244,033 خێزان. كە تێچووەكەی دەكاتە 113,813,200 دینار.
ژمارەی سوودمەندان لە هاوکاریی نەختینەیی (زەکات): 4,255 خێزان. بڕی پارەكە دەكاتە: 617,595,000 دینار.
ژمارەی سوودمەندان لە پڕۆژەی نوژین(دابینكردنی خانوو) 15 خێزان بوون. تێچووەكەی بە پارە دەكاتە 1,011,525,000 دینار.
ژمارەی سوودمەندان لە ڕێگەی پڕۆژەی کەناڵەكانی ڕاگەیاندن: 255 خێزان. بڕی هاوكارییەكانی بە پارە، گەیشتووەتە: 88,200,000 دینار.
لە دابینكردنی جلوبەرگ بۆ جەژنی ڕەمەزان: 6,291 منداڵ سوودمەندبوون. تێچووەكەشی گەیشتووەتە 390,042,000 دینار.
کۆی گشتیی ژمارەی سوودمەندانیش لە هەر 7 سێكتەرەكە: 314,459 خێزان بوون كە دەكاتە (91،967 كەس).
کۆی گشتیی بڕی هاوكارییەكانیش 4,577,635,200 دینار بووە.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ میدیاكاران، جەختی لەوە كردەوە كە تا ڕۆژی جەژن ئەو چالاكییانە بەردەوام دەبن، بەتایبەتی لەناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و جارێكی دی سوپاسی بێ سنووری هەموو بەخشەران و خێرخوازان و هاوکارانی دەزگای کرد، کە بە دەستكراوەیی و دڵ فراوانییەوە پشتگیریی کارە مرۆییەكانی دەزگا دەکەن. جەختیشی لەسەر گرنگیی بەرزکردنەوەی ڕۆحی هاوکاری و یارمەتیدانی کەسانی نیازمەند و لێقەوماو كردەوە.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest