موسا ئەحمەد: هەمیشە لە خەمی ئەوەداین زۆرترین پڕۆژەی مرۆیی لە کەرکووک ئەنجام بدەین

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ئیداری و ژمارەیەك لە میدیاكاران و نوێنەری ڕێكخراەكانی مەدەنی لە کەرکووک، دیداری ساڵانەی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەركووك بەڕێوەچوو و دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ژمارەیەک لە بەخشەرانی شارەکە دەكات و ڕۆڵی کەناڵ و دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن لە ڕووماڵکردنی چالاکییە خێرخوازییەکانیش بەرز دەنرخێنن.

بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هیوا ئەحمەد مستەفا، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی، دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 12ی هەڵەبجەی پارتی، سیروان عاسی، بەرپرسی لقی 25ی دەوروبەری کەرکووک و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ئیداری لە کەرکووک، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 19ی 5ی 2026، دیداری ساڵانەی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەركووك بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر ئامار و داتای تایبەت بە بەخشین و پڕۆژە و کارەکانی ئۆفیسی کەرکووک بە هاوکاری و پاڵپشتیی بەردەوامی بەخشەران لە شارەکە، کە پانتاییەکی گەورەی گرتووە لە کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: “کەرکووک پێگەیەکی گرنگی هەیە و هەمیشە لە خەمی ئەوەداین زۆرترین هاوکاری و پڕۆژەی مرۆیی لەم پارێزگایەدا ئەنجام بدەین.”

موسا ئەحمەد لە گوتارەکەیدا، پەیامێکی ئاراستەی بەخشەرە ئامادەبووەکانی دیدارەکە کرد و ڕایگەیاند، شانازی و سەرفرازییە کە بە پاڵپشتی و پشتیوانی و بەخشینی ئێوە توانراوە پڕۆژەی گرنگی مرۆیی ئەنجام بدرێت، وەکو دابینکردنی خانوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی نووژین، چاودێریی ئازیزان، دابەشکردنی پارسێلی خۆراک، پڕۆژەی گۆشتی قوربانی، دابینکردنی جلوبەرگ و جانتا و پێداویستیی خوێندن و دەیان پڕۆژەی دیکە.

کاری خێرخوازی و فەلسەفەی بەخشین

لە چوارچێوەی دیدارە ساڵانەكەی ئۆفیسی کەرکووک، پانێلێکی تایبەت بە کاری خێرخوازی و فەلسەفەی بەخشین، بە بەشداریی کارزان نووری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دکتۆر حەسەن شێخانی، مامۆستای زانکۆ، بەڕێوەچوو و تێیدا بە وردی تیشكیان خستە سەر گرنگیی بەخشین و کاری مرۆیی.

هاوكات بەشداربووان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەخشین تەنیا هاوکاریی دارایی نییە، بەڵکو کارێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی دوولایەنەیە، چونکە هەم هۆکارێكە بۆ ئاسوودەیی دەروونیی بەخشەر و هەم پێداویستییەکانی چین و توێژە نیازمەندەكان دابین دەکات.

 هەردوو بەشداربووی پانێلەکە، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەخشین، چ کەم بێت چ زۆر، گرنگیی زۆری بۆ کۆمەڵگە هەیە و لەگەڵ هەموو ئایین و ئایینزا و بیروباوەڕەکان یەکدەگرێتەوە، لە رێگەیەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە و کۆمەڵگەش یەکدەخات.

رێزلێنان لە بەخشەران.. داینەمۆی کاری خێرخوازیی

هەر لە درێژەی ڕێوڕەسمی دیدارەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەک لە بەخشەرانی شارەکە کرا.

لەو بارەیەوە، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی بەخشەران کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی پاڵپشتی و بەخشینی ئەوانەوە توانیویانە پڕۆژە گرنگە مرۆییەکان جێبەجێ بکەن.

ئاماژەی بەو پڕۆژانەش دا، کە لە چوارچێوەی هاوکارییەکاندا ئەنجام دراون، لەوانە: دابینکردنی خانوو لە پڕۆژەی نووژین، چاودێریی ئازیزان، دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک، پڕۆژەی گۆشتی قوربانی، دابینکردنی جلوبەرگ و پێداویستیی خوێندن.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هاوکاری و بەخشینی خەڵکی کەرکووک ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەرکەوتنی پڕۆژە مرۆیی و خێرخوازییەکان هەبووە.

 

گەیاندنی پەیامی مرۆیی.. هاندان بۆ بەخشین

لە چوارچێوەی دیدارەکەدا، ڕۆڵی کەناڵ و دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن لە ڕووماڵکردنی چالاکییە خێرخوازییەکان بەرز ڕاگیرا و سوپاسنامە و ڕێزلێنانی تایبەت پێشکەش بە ژمارەیەک لە نوێنەرانی میدیان کرا، بەهۆی هەوڵ و ماندووبوونیان لە گواستنەوە و ڕووماڵکردنی چالاکی و پڕۆژە مرۆییەکان، هاوکات هاندانی خەڵک بۆ بەخشین و بەشداریکردن لە کارە مرۆیی و خێرخوازییەکان.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەی دووپات كردەوە، میدیا هاوبەشێکی سەرەکیی سەرکەوتنی کارە خێرخوازییەکانە و ڕۆڵی گرنگ لە گەیاندنی پەیامی مرۆیی و هاندانی کۆمەڵگە بۆ پاڵپشتیی کاری خێرخوازی دەبینێت.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest