هاووڵاتیان بەرهەمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەکەمین پیشانگەی کتێبی کوردی لە هەولێر بەرز دەنرخێنن

ڕێبین فەتاح ڕێكخەری یەکەمین پیشانگەی کتێبی کوردی، لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە دوو پڕۆژە لەم پیشانگەیە بەشدارن و شوێنێكی بەرچاو و سەنگێكی تایبەتیان هەیە
یەکەمین پیشانگەی کتێبی کوردی، لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەكرێتەوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە دوو پڕۆژە (كۆمەڵێك پەرتووكی ناوازە و هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان) بەشداری تێدا دەكات، ژمارەیەك لە كەسایەتی و هاووڵاتیانی سڤیلیش، بەرهەمەكانی دەزگا و بایەخدانی بە ڕۆشنبیری و ئاریشەكانی كۆمەڵایەتی بەرز دەنرخێنن. 
یەکەمین پیشانگەی کتێبی کوردی، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 4ی حوزەیرانی 2026 لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر کرایەوە. ماڵی وەفایی ڕێکخەری پیشانگەکەیە و ڕێبین فەتاح بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم پیشانگایە بە نمایشی دەیان هەزار کتێب و بە بەشداریی زیاتر لە 130 ناوەندی چاپ و پەخشی کتێبی کوردی بەڕێوەدەچێت و لە 4 تا 10ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام دەبێت.
ڕێبین فەتاح، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پیشانگەی کتێبی کوردی، گێڕانەوەی ڕێز و پێگەیە بۆ نووسەرانی کورد و بەهایەکی نوێ بۆ ئەدەبی کوردی، هەنگاوێکیشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان نووسەران و خوێنەرانی کورد. هەروەها دەڵێت: “یەکەمین پیشانگەی کتێبی کوردی پانتاییەکە بۆ بەرزڕاگرتن و پێزانین بەرانبەر هەموو ئەوانەی بە هێزی وشە و نووسین، خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردیان کردووە”. ئەوەش دەخاتەڕوو كە لە سێ ڕۆژی كرانەوەی پیشانگەكە  زیاتر لە 37 هەزار کتێب فرۆشراون.
بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی، ئەوەشی خستەڕوو، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە دوو پڕۆژە لەو پیشانگەیە بەشدارە و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “جگە لەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە كۆمەڵێك كتێب و بە تایبەتی كتێبەكانی جەنابی كاك مەسعود بارزانی بەشدارن لەم پیشانگەیە، كە ئەو كتێبانە نادرن و تەنیا لای ئەوان دەست دەكەوێت و خواستی زۆریشی لەسەرە و داهاتەكەشی بۆ كاری خێرخوازیی تەرخان دەكرێتەوە، هاوكات بە پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەشدارن، كە بە مانای كەلیمە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی كۆمەڵگەی ئێمەیە و كاری باشی تێدا دەكەن. هەر بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم پیشانگەیە شوێنێكی بەرچاو و سەنگێكی تایبەتیان هەیە.
ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمجۆرە ڕوانگەی خۆی لە بارەی پیشانگەكە و بەرهەمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەخاتەڕوو: “ئێمە وەك پێكهاتەكان كە هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان نەتەوەكان، سەردانی ئەم پیشانگەیەمان كرد، بۆ ئەوەی زیاتر لە نزیكەوە ئاگاداری مێژوو و فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی و ئەم كتێبانە بین، كە لە پیشانگەی كتێبی كوردی هەن. بەتایبەتی سەردانی شوێنی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)مان كرد، كە ئەم دەزگایە لە هەموو ڕوویەكەوە ڕۆڵێكی زۆر زۆر باشی هەیە، بەتایبەتی لە بواری هاریكاریی مرۆیی، كە بە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو نیازمەندان دەكات، لە هەر نەتەوەیەك و سەر بە هەر ئایینێك بن، ئەوەش زۆر جێی دڵخۆشییە كە ئەم دەزگایە بە كۆمەڵێك كتێبی مێژوویی و بەرهەمی قیادە و سەركردەی كورد بەشدارە، بەتایبەتی مێژوویەك كە جەنابی سەرۆك بارزانی نووسیویەتەوە، دیارە داهاتی فرۆشی ئەم بەرهەمانەش دیسان بۆ كاری خێرخوازیی و هاوكاریی مرۆیی تەرخان دەكرێت، ئەوەش جێگەی دەستخۆشییە و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن”.
د. عەبدولسەلام مەدەنی، كەسایەتیی ئەكادیمی و ڕووناكبیر و چالاكی مەدەنی، دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات بۆ ئەم بەشدارییە و دەڵێت: “ئەوە یەكەم جار نییە كە دەبینم دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشدارە لەو جۆرە دەستپێشخەرییانە و بەردەوام لە پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەكان، واتای زۆر جوان بە كاری خۆی دەدات، لە كاتی هەر ڕووداوێكی نەخوازراویش دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستپێشخەرە و لەو شوێنە دەیبینین، كە شەلتەرێك دروست دەكات بۆ ئەو كەسانەی كە بێ شەلتەرن و هاریكاریی باش پێشكەشی ئەو خەڵكە دەكات. لەگەڵ ئەوەش هزر لە بیر ناكات و لە چاپكردنی كتێب و لە ڕاهێنانەكان و وانەگوتنەوە بە زمانی كوردی بەردەوامە، بۆ ئەوەی زمانی كوردی بپارێزێت. دەستخۆشییان لێدەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن”.
سوهەیلا مستەفا هونەرمەند و شارەزا لە كولتووری كوردی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: “من سەردانی چەندین پیشانگەی نێودەوڵەتیی كتێبم كردووە، بەڵام ئەمە یەكەم پیشانگەیە كە تایبەتە بە كتێبی كوردی و جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە دەستپێشخەرانی كردنەوەی ئەم پیشانگەیە بكەم. گوتیشی: “ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە كە لە نێو هەموو پیشانگەكانی كتێب، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە كۆمەڵێك كتێبی ناوازە و پڕ بایەخ بەشدارە و لە پیشانگەیەش بە هەمان شێوە بەشدار بووە، ئەوەشی كە زیاتر جێی دڵخۆشییە، ئەوەیە كە كۆبەرهەم و نووسینەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەفرۆشرێن، كە خواستێكی یەكجار زۆریان لەسەرە و هەموو داهاتی ئەم بەرهەمانەش دەچێتە خەزێنەیەكی پاك و بێخەوشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە سەرجەمی بۆ كاری مرۆیی بەكار دەهێنن. بێگومان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بێ جیاوازیی، هاوكاریی كەسانی نیازمەند و هەژار و لێقەوماوی كردووە، لە هەر نەتەوە و هەر ئایینێك بن، بەردەوامیش گرنگی بە پەروەردە و ڕۆشنبیری داوە”.
بێكەس حەمەقادر، نووسەر، شاعێر، وەرگێڕ و ڕووناكبیری كورد، لە بارەی چاپەمەنییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت: “تێگەیشتنی ئێمە بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خزمەتكردن و هاوكاریی خەڵكی لێقەوماوە، لەو فەترە زەمەنییەی ماوەی كاركردنشیان دەوری باشیان هەبووە، بەڵام ئێستا كە دەبینم” كتێب چاپ دەكەن، كە داهاتەكەشی هەر بۆ كاری خێرخوازییە، مایەی دەستخۆشییە”. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە چ ڕەخنە و پێشیارێكی هەیە، بۆ ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بتوانێت، هەنگاوی كارامەتر و باشتر هەڵبگرێت، گوتی: “ڕەخنە لە دەزگای خێرخوازیی ناگیرێ، لە بەر ئەوەی دەزگایەكی قازانج نەویستە و هاوكارییەكانی لە بواری كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە و چ جای ئەوەی پەرە بە بواری خوێندن و ڕۆشنبیری بدات، كە ئەوە خزمەتێكی زۆر گەورەیە.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest