به سه‌رپه‌رشتیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، و زانكۆی سۆران، به سپۆنسه‌ری “ئێمپایه‌ر وۆرد” و له‌ژێر دروشمی “به یه‌كه‌وه به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دوور له شێرپه‌نجه – هۆشیاری، توێژینه‌وه، هیوا”، هه‌ڵمه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌یان ڕاگه‌یاند.
به ئاماده‌بوونی مو‌سا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پ.ی.د. شێروان شه‌ریف قورتاس سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، بڵند ئیسماعیل به‌رپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له په‌له‌مانتاران و كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی و چالاكانی مه‌ده‌نی، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و زانكۆی سۆران، له هه‌ڵمه‌تێكی هاوبه‌ش به سپۆنسه‌ری (Empire Building the Future World) و به سه‌رپه‌رشتیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێكه‌وتی 27/7/2026 له هۆڵی ناوه‌ندیی په‌رتووكخانه‌ی زانكۆی سۆران به‌ڕێوه‌چوو، له‌ژێر دروشمی: “به یه‌كه‌وه به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دوور له شێرپه‌نجه – هۆشیاری، توێژینه‌وه، هیوا”، هه‌ڵمه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌یان ڕاگه‌یاند.
پ.ی.د. ڕزگار سه‌عید حسێن، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵمه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه:
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ستراتیژییه، بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت و سنووری تاك تێده‌په‌ڕێنێت و هه‌موو كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه
له سه‌ره‌تای ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌ته‌كه، پ.ی.د. ڕزگار سه‌عید حسێن، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵمه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه، وێڕای به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان، باسی له چۆنیه‌تی دانانی پلانی هه‌ڵمه‌ته‌كه و ئه‌رك و كاره‌كانی لێژنه‌كه‌ی كرد. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته ستراتیژییه، به هاوبه‌شیی زانكۆی سۆران و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت و سنووری تاك تێده‌په‌ڕێنێت و هه‌موو كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه. گوتیشی: “ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵگه، په‌ره‌پێدان و پاڵپشتیكردنی توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگیی نێوان دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كانه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی زانستی و كاریگه‌ر له‌گه‌ڵ شێرپه‌نجه”.
پ.ی.د. شێروان شه‌ریف قورتاس سه‌رۆكی زانكۆی سۆران:
هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگه ڕێكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی زانستی و كاریگه‌ر له‌گه‌ڵ شێرپه‌نجه
دواتر پ.ی.د. شێروان شه‌ریف قورتاس سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و دوای به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان، نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی به “گورز”ێك شوبهاند، كه له په‌یكه‌ره‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌درێت و نازانرێ كه‌ی ئه‌و گورزه له تاك ده‌درێت، بۆیه هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكی به ڕێكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی زانستی و كاریگه‌ر له‌گه‌ڵ شێرپه‌نجه ناو برد.
سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان، هیوای به هه‌زاران نه‌خۆشی شێرپه‌نجه به‌خشیوه و له خزمه‌تكردنی ده‌یان هه‌زار نه‌خۆش به‌رده‌وامه و به‌شداریی كاراشیان له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشان هه‌یه، به‌ڵام لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی، لایه‌نێكی زۆر گشتگیره، كه ته‌نیا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لێی به‌رپرس نییه، به‌ڵكوو هه‌موو داموده‌زگاكان لێی به‌رپرسن، به‌تایبه‌تی ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان و له‌ناو ئه‌وانیش زانكۆكان، كه پێویسته به شێوه‌یه‌كی زانستی له خه‌ڵك نزیك ببنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیاریان بكه‌نه‌وه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه كه چۆن ژیان بكه‌ن.
مو‌سا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی:
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، خزمه‌تكاری یه‌ك به یه‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه په‌یامێكیان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی هیوا له دڵی ئه‌و نه‌خۆشانه‌دا دروست بكه‌ن
دواتر مو‌سا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له وتاره‌كه‌یدا، وێڕای به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان، تیشكی خسته سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه و گوتی: “خۆشحاڵین كه ئه‌مڕۆ به كارێكی جیاوازتر له كاره‌كانی دیكه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ده‌ڤه‌ری سۆران و له خزمه‌ت زانكۆی سۆرانداین”. گوتیشی: “شانازی ده‌كه‌ین كه نه‌مانهێشتووه هیچ كارێكی گه‌وره و گرنگ، هیچ ئه‌ركێكی كاریگه‌ر و دیار، له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا هه‌بێت، ئێمه‌ی له‌ناودا نه‌بین”. ئه‌وه‌شی دووپات كرده‌وه: “ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، پشتگه‌رم به پاڵپشتییه به‌رده‌وام و سه‌رپه‌رشتییه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و جه‌نابی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی بۆردی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماده‌یی خۆمان ده‌رده‌بڕین بۆ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن”.
سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له درێژه‌ی ئاخافتنه‌كه‌یدا بۆ ئاماده‌بوون، نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی به كاره‌ساتێكی گه‌وره هه‌ژمار كرد، كه له ڕووی ته‌ندروستی و ده‌روونی و له ڕووی ماددیشه‌وه ئه‌ركی سه‌رشان خێزانی هه‌ژار و كه‌مداهات و خاوه‌ن نه‌خۆشیی درێژخایه‌ن زۆر قورس ده‌كات. گوتیشی: “شانازی ده‌كه‌ین كه به شێوه‌یه‌كی زانستییانه له‌گه‌ڵ زانكۆی سۆران ئه‌م هه‌ڵمه‌ته فراوانه ڕاده‌گه‌یه‌نین، به‌تایبه‌تی كه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته به سه‌رپه‌رشتیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، هیوادارین بتوانین بیگوازینه‌وه بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته پێویستی به توێژینه‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان پێكه‌وه بتوانین بۆ ئه‌و خه‌ڵكه خۆشه‌ویسته‌مان هیوا دروست بكه‌ین”.
سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، هێمای بۆ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ریش كرد، كه له ماوه‌ی ساڵێكدا، تیمه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن، كه‌سایه‌تی و میدیاكان، نموونه‌یه‌كی جوانیان پێشكه‌ش كردووه كه له ئاستی ناوچه‌كه‌دا نموونه‌ی وا كه‌م بووه.
له به‌شی كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، كه “ئه‌و كارانه باشترینن كه به شێوی تیمی و به هاوبه‌شی ده‌كرێن”، گوتیشی: “ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، خزمه‌تكاری یه‌ك به یه‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه په‌یامێكیان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی هیوا له دڵی ئه‌و نه‌خۆشانه‌دا دروست بكه‌ن”.
د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
ده‌كرێت وه‌ك وڵاتانی دیكه، له هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێك له داهاتی كۆنسێرت، فیسیڤاڵ، كێبڕكێ وه‌رزشییه‌كان بۆ سندووقی شێرپه‌نجه ته‌رخان بكرێت
دواتر د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان، خۆشحاڵیی خۆی له‌وه ده‌ربڕی كه هه‌ڵمه‌تێكی زۆر گرینگ و ستراتیژی، له شێوازی كاركردن له‌سه‌ر شێرپه‌نجه له لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆی سۆران، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه ئه‌نجام ده‌درێت.
وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته كه بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت، ده‌بێته نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه و ڕۆڵی كاریگه‌ری له به‌رنامه‌یه‌كی گشتیی ته‌ندروستی وه‌كوو خۆپارێزی و زوو ده‌ستنیشانكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه ده‌بێت.
له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، سوپاسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و زانكۆی سۆرانی كرد، بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی چه‌ندین هاوكاری و پاڵپشتیی به وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێشكه‌ش كردووه، كه ژماره ناكرێن و وه‌ك هاوبه‌شێكی ڕاسته‌قینه و خه‌مخۆرێكی كۆمه‌ڵگه، نه‌ك هه‌ر له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكوو له ده‌وروبه‌ر و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش هه‌میشه پاڵپشتێكی گه‌وره بووه بۆ كاروباری حزمه‌تكردن. ئه‌وه‌شی دووپات كرده‌وه كه توێژینه‌وه‌كان له زانكۆیه‌كی نموونه‌یی وه‌ك زانكۆی سۆران ده‌بێته ئه‌و نموونه سه‌ركه‌وتووه‌ی كه فاكته‌ره‌كانی نه‌خۆشییه‌كه و ڕێكاره‌كانی چاره‌سه‌ری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خۆشییه‌كه به شێوه‌یه‌كی بابه‌تییانه و زانستی بخاته‌ڕوو. گوتیشی: “جه‌نابی كاك مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه پاڵپشتی خزمه‌تگوزارییه‌كانی شێرپه‌نجه بووه و یه‌كێك له پڕۆژه هه‌ره گرینگ و ستراتیژییه‌كان له ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كه به نوێترین شێوازی سه‌رده‌مییانه كه گه‌یشتووه‌ته قۆناغی كۆتایی”.
وه‌زیری ته‌ندروستی، له به‌شی كۆتایی وته‌كانیدا، ئه‌و پێشنیاره‌ی خسته‌ڕوو، كه وه‌ك وڵاتانی دیكه، له هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێك له داهاتی كۆنسێرت، فیسیڤاڵ، كێبڕكێ وه‌رزشییه‌كان بۆ سندووقی شێرپه‌نجه ته‌رخان بكرێت و كه‌سایه‌تی و سه‌رمایه‌داران و به‌خشه‌ران زیاتر بایه‌خ به‌و سندووقه بده‌ن.
له به‌شی كۆتایی ڕیوڕه‌سمه‌كه، یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌ته‌كه له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له د. کامەران مەلا محەمەد، به‌ڕێوه‌به‌ری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران، پ.د. سه‌میر مسته‌فا، ڕاگری سەنتەری توێژینەوەی زانستی له زانکۆی سۆران و د.عه‌باس ئازاد به‌رپرسی یه‌كه‌ی ته‌ندروستی له ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی واژۆ كرا.
ئا: سالار بابه‌شێخ






















