پڕۆژەی هاوکاری کردنی خۆراکی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆڕەک تلیکۆم لە یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان لە رێکەوتی ١٣ی ئەپڕێلی ٢٠٢١ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندرا.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاینییەکاندا رۆڵێکی کاریگەری هەبووە بە تایبەتی لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا”. لە درێژەی کۆنگرەکەدا بەڕێز ئاراز ئازاد نوێنەری کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا کۆڕەک تلیکۆم ساڵانە بەبێ دابڕان بەشداربووە لە پڕۆژەی هاوکاری بەخشین لە مانگی رەمەزاندا.
بەڕێز ئەحمەد عەبدۆ بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەدا ئەم پڕۆژەیە ساڵانە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆڕەک تلیکۆم بەڕێوەدەچێت.
ئەم پڕۆژەیە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و موسڵ بەڕێوەدەچێت و سەرجەم ٥٥٠٠ خێزان تیایدا سودمەند دەبێت.
لە پارێزگای هەولێر ١٠٠٠ خێزان، لە دهۆک ٧٥٠ خێزان، سلێمانی ١٥٠٠، هەڵەبجە ٥٠٠، کەرکووک ٧٥٠ خێزان و لە موسڵ ١٥٠٠ خێزان، پارسێلی خۆراکییان پێشکەش دەکرێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا چەندین پڕۆژەی هاوکاریکردنی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان بەڕێوەدەبات و ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو هاوکاری پێشکەشی ئەو خێزانانە دەکات.