رێككەوتی 7/10/2021 لە سەرۆكایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆتایی بەخولێكی سێ رۆژە لەبواری (بەڕێوەبردنی پرۆژەكان) بەڕێوەچوو كە بەهاوكاری لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەڕێوەچوو، لەخولەكەدا مامۆستایانی پسپۆڕ وانەكانیان بەشێوەی تیۆری و پراكتیكی پێشكەشكرد و لەكۆتایی خولەكەدا بڕوانامەی دەرچوون پێشكەشی (13) بەشداربووكرا.
لەدەستپێكی رێوڕەسمی كۆتاییهاتنی خولەكەدا، هەریەكە لە بەڕێز (پ.د كاوە شێروانی) سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مامۆستایانی راهێنەر و بەشداربووان بەشدارییان كردو چەند وتارێك لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە خولانە كرا.
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:
دروستكردنی تیمی كاركردن یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەتوانرێ سەركەوتنی تێدا بەدەست بێت
لەدەستپێكی وتارەكاندا، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد و تیشكی خستەسەر گرنگی كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە لەپێناو بەهێزكردنی توانای كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبواری بەڕێوەبردنی پرۆژەكان كرد و رایگەیاند: زۆر سوپاسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و مامۆستایانی بەڕێزی ئەم زانكۆیە كرد كە رۆڵیان بینیوە لە رێكخستنی ئەم خولە و سوودێكی زۆر باشی بە كادیرانی ئێمە گەیاندووە. هەروەها رایگەیاند: ئەم خولانە كاریگەری زۆر باشی هەیە لە بەڕێوەچوونی پرۆژەكان و رێكخستنە ئیدارییەكان و چۆنێتی كۆنتاكت دروستكردن لەگەڵ رێكخراوەكان، ئومێدەوارین دەرچووانی ئەم خولە، سوودێكی زۆر باش لەم خولە وەرگرتبێت و درێژە بە تواناكانیان لەبوارەكاندا بدەن و زانست و زانیاری زیاتر بەكاربێنن بۆ دەوڵەمەندكردنیان. دروستكردنی تیمی كاركردن یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەتوانرێ سەركەوتنی تێدا بەدەست بێت.
پرۆفیسیۆر د. كاوە شێروانی، سەرۆكی زانكۆی پۆلی تەكنیكی هەولێر:
شانازی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە خزمەتێكی زۆر بە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە
دواتر بەڕێز پرۆفیسیۆر د.كاوە شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆلی تەكنیكی هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و راگەیاند: شانازی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە خزمەتێكی زۆر بە عێراق هەرێمی كوردستان كردووە و جێگە و پێگەیان بەرز و دیارە. ئێمە هەموو كات ئامادەییمان هەیە لەبوارە جیاوازەكاندا خزمەت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەین، ئەمە یەكەمین پرۆژەیە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجامی دەدەین و دڵنیاین لەداهاتوودا لەبواری راهێناندا پرۆژەی گشتگیر و زیاترمان دەبێت. كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كارمەندان زۆر پێویستە بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری نوێ و بەكارهێنانی لەكاروباری رۆژانەدا.
پ. ی. د. ئازاد، راگری كۆلێژی كارگێڕی زانكۆی پۆلی تەكنیكی هەولێر:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییە، بە دەزگای خۆمانی دەزانین
پرۆفیسیۆری یاریدەدەری د.ئازاد، راگری كۆلیژێری كارگێڕی زانكۆی پۆلی تەكنیكی هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و راگەیاند: بیرۆكەی ئەم خولە بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵی بوو و پەسەندمان كرد، لەبەر ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییە، بە دەزگای خۆمانی دەزانین، هەروەك چۆن بارزانیی نەمر موڵكی هەموو كورد بووە لەچوارپارچەی كوردستان، ئاوهاش لەم دەزگایە دەڕوانین و بەردەوام دەبین لەكردنەوەی خولی دیكە لەبوارە جیاوازەكاندا و بەماڵی خۆمانی دەزانین.