ئیدارەی سۆران… بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی خەلیفان كرایەوە

رۆژی پێنج شەممە رێككەوتی 17/2/2022 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەراسیمی كردنەوەی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی خەلیفان بەڕێوەچوو كە لەسەر ئەركی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروستكراوە بە گوژمەی ( 208,000,000 IQD) ، لەو مەراسیمەدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرا.

بەهاوکاری و هیمەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیمان ئەم نەخۆشخانەیە لە ئیدارەی سۆران و لە شارۆچکەی خەلیفان بکەینەوە

لەسەرەتای پرێس كۆنفرانسەكەدا، بەڕێز (هەڵگورد شێخ نەجیب) سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی دیکە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی لەگەڵ جەنابی د. سامان وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. دلۆڤان بەرێوەبەری گشتی و بەڕێز کاک موسا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خەلیفان نەخۆشخانەی فریاکەوتنمان کردەوە بۆ شارۆچکەی خەلیفان ئێمە بە سەراحەت لەکەرتی تەندروستی هەوڵدەدەین بەرەو پێشی ببەین لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران یەک لە کەرتە هەرە گرینگەکان کە ئێمە گرینگیمان پێداوە کەرتی تەندروستییە ئەمە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی شارۆچکەی خەلیفان. هەروەها رایگەیاند: دەزانین ئەم ئیدارەیە پێویستی زیاتر هەیە ئێمە زیاتر پێویستە کەرتی تەندروستی لە شارۆچکەی خەلیفان فراوانتر بکەین، چونکە لە سنوورێکی بەرفراوانی لەسەرە، بەڵام بەهاوکاری و هیمەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیمان ئەم نەخۆشخانەیە لە ئیدارەی سۆران و لە شارۆچکەی خەلیفان بکەینەوە.
من لێرەوە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سوپاسی جەنابی وەزیر و هەموو ئەوانە دەکەین کە هاوکار بوونە بۆ ئەوەی بتوانین بە خزمەتێکی بچووکیش بێ خزمەتی شاری شارۆچکەی خەلیفان بکەین. ئێمە لە ئیدارەی سۆران هەوڵدەدەین هەرچی کەم و کورتی دیکەش هەیە هەم لە نەخۆشخانەی پێشتریش و هەم نەخۆشخانەکانی دیکەی سەر بەناحیەکانی خەلیفان و گوندەکانی ناحیەی خەلیفان لە بنکەی تەندروستییەکانی زیاتر گرینگی بە کەرتی تەندروستی بدەین و و کەم و کورتییەکانیان پڕبکەینەوە. دووبارە پیرۆزبایی لە خەڵکی خەلیفان دەکەین بۆ ئەم دەستکەوتە و هیوادارین سوودی هەبێت و هیوادارین دانیشتووانی ئەم سنوورە بتوانن بەشێوەیەک سوودی لێ وەربگرێت کە خزمەتی ئەم دەڤەرە بکات جارێکی تر سوپاسی هەمووان دەکەم و هیوادارم ئەم پرۆژەیە و پرۆژەی تر بەرفراوان لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران جێبەجێ بکرێت.

رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەرتی تەندروستی بەرز دەنرخێنین

پاشان د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەیەکی زۆر گرنگ ئەویش پرۆژەی کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە وەکو بەشێکی گرنگی فریاکەوتن لەناو نەخۆشخانەی خەلیفان، هەموومان دەزانین کە بنکەی تەندروستی خەلیفان وەکو بنکەیەکی تەندروستی سەرەکی لە ماوەی ساڵانی رابردوو هەر لە زووەوە خزمەتێکی زۆری گەیاندووە بە هاوڵاتیانی خۆشەویست، بەڵام پێویستی بەوە بوو کە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن و بەشی فریاکەوتن بۆ حاڵەتە کتوپڕەکان بۆ کەمکردنەوەی ئیحالەکردنی نەخۆش بۆ ناو سەنتەری سۆران یان بۆ ناو شاری هەولێر، بۆیە ئەم بەشی فریاکەوتنە لە ماوەیەکی زۆر کورت و نزیکدا لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەکو هەمیشە وەکو پرۆژەیەکی خێرخوازیی دەستپێشخەری ئەم بەشە گرینگەیان کرد و جێگای خۆیەتی سەرەتا سوپاس و پێزانین و سوپاسی ئەم هەڵوێستە و ئەو پرۆژە گرنگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەین خۆیان و هاوبەشەکانیان بە دروستکردنی و دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە لە ناحیەی خەلیفان، هەروەها ئاماژەی بەوەدا: گرنگی ئەم پرۆژەیە تەنها بۆ رەنگە دانیشتوانی سنووری ناوشاری خەلیفان و دەوروبەری گوندەکانی نەبێت بەڵکو لەسەر گەورەترین هێڵە و رێگای سەرەکییە لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر کە ئەم رێگایە هەم رێگایەکی گەشتیاری و هەم رێگایەکی بازرگانییە لەگەڵ سنوور و چەندین هاوڵاتی دیکە رۆژانە لە هەموو سنوورەکانی هاتووچۆ لێرە دەکەن، ئەم بەشی فریاکەوتنە لەسەر هێڵی گشتی یان شەقامی گشتیدا بە دڵنیایەوە خزمەتێکی زۆر بە دانیشتوانی ئەم سنوورە بە هەموو ئەو رێبواران و ئەو گەشتیار و ئەو کەسانەی کە بەو رێگایەدا تێدەپەڕن. کردنەوەی بنکەی تەندروستی نەخۆشخانە و سەنتەرە پسپۆڕیەکان لەناو شار و لە دەرەوەی شار و قەزا و ناحیەکان گرنگی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانا و هەروەها گەیاندنی خزمەتگوزاریەکان، بێگومان بە پاڵپشتی و بە پشتگیری تەواوی بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لەگەڵ هاوبەشانمان لە رێگەی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ رێکخراوەکانی NGO رێکخراوەکانی UN و لە سەرووی هەموویانەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە رووی بیناسازی و لە رووی ژێرخان و لەرووی پێداویستی پزیشکی و ئامێر و ئامبوڵانس و کردنەوەی بنکە لە ناو شار و دەرەوەی شار و لە کەمپەکان و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی رۆڵی گەورەیان هەبووە، بۆیە جارێکی تر سوپاس و دەستخۆشیان لێ دەکەینەوە.

 

تەمەننا دەکەین پرۆژەی دیكەی لەم چەشنە پێشکەش بە خەڵکی کوردستان بکەین

دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پرێس كۆنفرانسەكەدا وتەیەكی بەبۆنەی كردنەوەی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی خەلیفان پێشكەشكرد و رایگەیاند: بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین کە ئەمڕۆ لێرەین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتێکی تر بە خۆشەویستانمان لە خەلیفان و گوندەکانی دەوروبەری تەمەننا دەکەین کە ئەو پشتیوانییە هەر بەردەوام بێت لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بتوانین پرۆژەی جوان و لەو شێوەیە پێشکەش بە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بکەین. جێی خۆیەتی کە بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی برای بەڕێزمان هاوبەش لەو کارە جوان و پیرۆزەدا بکەین کە کاک نەهرۆ رواندزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق تەمەننا دەکەین کە هەموو لایەکمان رێی خۆشکەربین بۆ پەرەدان بەو کولتورە جوانەی بەخشین بەو کلتورەی کە نەک کوردستانیان، بەڵکو جیهانی مرۆڤایەتی شانازی دەکات بەو بەخشەرانەی بەو بەخشینەی لە لێرەدا وەکو کلتورێک کە هەموو لایەنەکانی ژیانی گرتوەتەوە، ئێمە تەمەننا دەکەین وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناوەندێک بین بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو خێرخوازییانەی کە دەیانەوێت لە پرۆژەی جوان جواندا خزمەتی کوردستانیان بکەن. ئێمە شانازی دەکەین کە رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ بە پشتیوانی ئەو خۆشەویست و بەڕێزانە کە کارەکانی ئێمە گەورەتر دەبن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest