سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری کۆنفرانسی وەڵام دانەوەی مرۆیی لە ساڵی 2023 دەكات كە لە هەولێر ئەنجام درا بە بەشداری نوێنەری لایەنە حكومی و رێكخراوە جیهانی و لۆكاڵیەكان.
لە رێكەوتی 21/7/2022 کۆنفرانسی وەڵام دانەوەی مرۆیی لە ساڵی 2023 بەرێوەچوو و تیایدا بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری ئەم كۆنفرانسەی كرد و لە پانێلێكی تایبەت وتارێكی پێشكەش كرد، بەڕێزیان تیشكیان خستە سەر بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كە بەراورد لەگەل ئەو وڵاتانەی كە ئاوارە و پەنابەری بۆ چووە زۆر باشتر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێزیان ئاماژەیان بەوە دا كە ئەوان وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لایەنە حكومیەكان هیواخوازن ئاوارە و پەنابەران بە زووترین كات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و زۆر ئاسانكاریان بۆ كراوە ،بەڵام پێویستە ئەم گەڕانەوە ئارەزوومەندانە بێت.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی ئاوارەكان كرد وتی: كێشە هەیە بۆ نمونە 3113 خێزان لە زۆنی حەسەن شام ئامادەن بەم گەرمایە لە ژێر خێوەت بمێننەوە ، دەبێت كێشەیان هەبێت لە گەڕانەوە، ئەمە سەرەڕای بوونی كێشە لە سێكتەرەكانی تر و كێشەكانی دیکە.
دواتر ھەر لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی مرۆیی دا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ستایشی رۆڵی خەڵكی كوردستانی كرد لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران كە هەموو جۆرە خۆراكێكیان دابەش كردوە و جیهانی مرۆڤایەتی قەرزاری خەڵكی كوردستانە بەرانبەر ئەو هاوكارییانەی كە پێشكەشیان كردووە.
جێی باسە ئەم كۆنفرانسە بە بەشداری نوێنەری چەندین رێكخراو و دەزگای حكومی و نێودەوڵەتی بەرێوەچوو و تیایدا باس لە وەڵامدانەوەی مرۆیی تا سالی 2023 كرا و پلان و بەرنامەی تایبەت خرا یە ڕوو.






