دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ٢٠٠ قوتابخانە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نۆژەن دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەمە لە رێککەوتی ٢٤ی٧ی٢٠٢٢، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەڕێزان (ئالان حەمە سەعید) وەزیری پەروەردە و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری ھەولێر و (موسا ئەحمەد) سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانەیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
نۆژەن کردنەوەی ئەم ٢٠٠ قوتابخانەیە لە کاتێکدایە کە ساڵانێکە نۆژەن نەکراونەتەوە و لە هەندێ ناوچەدا چەکدارانی داعش زیانی زۆریان گەیاندووە بە قوتابخانەکان و ناوچەکە بە گشتی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک هەمیشە گرنگیەکی زۆر بە کەرتی پەروەردە دەدات و کاری کردووە بۆ بەرەو پێشبردنی و کەمکردنەوەی ناڕەحەتی قوتابیان.
هەڵبژاردنی قوتابخانەکان بۆ نۆژەن کردنەوە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ بەرێوبەرایەتی پەروەردەی شارەکان و دابەشکردنی بەسەر شارەکان بەم شێوازەی خوارەوە بووە:
ناوی شارەکان | ژمارەی قوتابخانەکان |
---|---|
هەولێر | 50 |
سلێمانی | 50 |
دهۆک | 50 |
هەڵەبجە | 20 |
کەرکووک | 20 |
موسڵ | 10 |
پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە بە گوژمەی ($2.000.000) ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و بۆ هەر قوتابخانەیەک بری($10.000 ) تەرخان کراوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان جێبەجێ دەکات بە هاوکاری هەر یەک لە (رێکخراوی LDSی ئەمریکی ، دارین گروپ ، کۆمپانیای ناڤێلا ، رێکخراوی وەن ڤیزنی ئەمریکی ، کۆمپانیای مەهتاب )
بە گشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە کار لە4 بواری سەرەکی دەکات کە ئەمانیش بریتین لە ( ئاو و ئاوەڕۆ – بۆیەکردن – ئاسنگەری – کارەبا), ئەو قوتابخانانە دەستنیشانکراون کە پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە هەیە لەم چوار بوارەدا.
لە ئێستادا نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان بەشێکی زۆری تەواو بووە، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش تەواو بوونی نۆژەن کردنەوەکە، قوتابخانەکان پاک دەکەنەوە و دەیشۆن و ئامادەی دەکەن بۆ دەست پێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابیانی ئازیز.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرنگیەکی زۆر بە کەرتی پەروەردە دەدات و هەمیشە بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تاوەکو ئێستا ١٨١ چالاکی تایبەتیان بە کەرتی پەروەردەوە هەبووە.


























