دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی كونسووڵی ئەرمینیا لە هەولێر، دوای دانیشتنی لێكتێگەیشتن لە رۆژی دووشەممە رێككەوتی 10/10/2022 بڕیاریان دا 870 خێوەتی کەمپی شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆك بگۆڕن.
گرێبەستی پرۆژەكە لە لایەن بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێز ئەرشاک مۆنکیان كونسووڵی ئەرمینیا لە هەولێر واژوو كرا. دواتر لە كۆنفرانسێكدا بۆ میدیاكاران بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوای بەخێرهاتنی شاندی میوان و ئامادەبووان تیشكی خستە سەر چۆنایەتی و چەندایەتی پرۆژەكە و ئاماژەی بەوە كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی 217500 دۆلاری بۆ كڕینی خێوەتەكان دابین كردووە، هەروەها بەڕێز كونسوولی ئەرمینیا بڕی 24070 دۆلاری بۆ تێچووی گۆڕینی خێوەتەکانی كەمپی شێخان لە ئەستۆ گرتووە. ئاشكراشی كرد، کۆی گشتیی تێچووی پرۆژەكە 241570 دۆلار دەكات.
بەڕێز موسا ئەحمەد لە درێژەی وتەكانیدا سوپاسی هاوكاریی وڵاتی ئەرمینیای كرد و وتی: “كونسولییەی ئەرمینیا پرۆژەی دیكەشیان هەیە لە ناو كەمپەكەدا و پێویستە سوپاسی تایبەتیان بكەین. بەتایبەتی لەو دۆخەدا كە هێشتا زیاتر لە 35 كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان هەن كە لە دۆخێكی زۆر سەختدا دەژین و هاوكاریی نێودەوڵەتییش زۆر كەمی كردووە، هاوكاریی حكومەتی عێراقیش هەر لە سەرتاوە نەبووە. بەڵام وڵاتی ئەرمینیا وێڕای بارودۆخی نالەباری خۆی، كوردستان و ئاوارەكانی كوردستانیان لە یاد بووە، پێشتریش پرۆژەی دیكەیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاواە و پەنابەران هەبووە، ئێستاش ئەو هاوكارییەی ئەرمینیا بەرز دەنرخێنین”.
بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە زیاتر لە شەش مانگە هاوكاریی مانگانەی خۆراك كە لە لایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراقەوە دابین دەكرا، تا ئێستا نەدراوە. هیواشی خواست هەموو لایەنەكان بێنە سەر هێڵ و بۆ خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران پاڵپشت و هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بن. سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد و وتی: “حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانایەكی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران، بەڵام ئەمە ئەركێكی قورسە و پێویستی بەوەیە وڵاتانی هاریكاریبەخش و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ئاژانس و رێكخراەكانی UN لەگەڵماندا بەردەوام بن”.
دواتر بەڕێز ئەرشاک مۆنکیان كونسووڵی ئەرمینیا لە هەولێر لە وتارەكەیدا دوای سوپاسی ئامادەبووان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتی: “ئەرمینیا وڵاتێكی بچووكە و پێش كەمتر لە مانگێك لە لایەن وڵاتی ئازەربایجانەوە تووشی پەلاماردان بووە و سوپای ئەو وڵاتە هەموو جۆرە چەكێكی لە دژی ئەرمینیا بەكار هێنا. زیاتر لە 200 كەس ژیانیان لەدەست دا، سەدان خانووش كاول كران و بە هەزاران هاووڵاتییش ئاوارە بوون. بەڵام وەكوو سرووشتی مرۆیی ئەرمینیا بە پێویستمان زانی لەو پرۆژەیە ئەركێكی بچووك بۆ هاوكاریی برادەرانمان لە كەمپی شێخان لە ئەستۆ بگرین. واژووكردنی گرێبەستی ئەم پرۆژەیەش نیشانێكە بۆ رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و كونسووڵی و باڵوێزخانەكان و هەر لایەنێكی دیپلۆماسی كە ئەوانیش نەوەستن لە بواری دابینكردنی هاوكاری بۆ ئەو كەسانەی كە بە واقیع پێویستیان بە هاوكاری هەیە”. وتیشی: “لە كەمپی شێخان 42 ئازیز (بێ باوك) هەن بۆ هەر كامیان چەكێك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان دابین دەكەین”.
لە وەڵامی رۆژنامەنووسێك كە بۆچی فشار ناخەنە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئاوڕێك لە ئاوارە و پەنابەران بداتەوە؟ سەرەتا بەڕێز موسا ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە چارەسەری كۆتایی ئەوەیە ە ئاوارە و پەنابەران “بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە” بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە. ئەوانە زۆربەیان هاووڵاتیی عێراقین و حكومەتی عێراق دەبوو لانیكەم هاوكاریی هاووڵاتییانی خۆی بكردایە، ئەوەشی خستەڕوو كە لە ڕێگەی گفتوگۆیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی عێراق هەوڵ دەدەن، حكومەتی عێراقی لەو “غەدرە”ی لە ئاوارە و پەنابەرانی دەكەن، ئاگادار بكەنەوە، وتیشی: ” UN و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی كە لە هەرێمی كوردستانن و خۆیان ئەو واقیعە دەبینن و پێویستە ئەوانیش فشارێك دروست بكەن”.
بەڕێز ئەرشاک مۆنکیان كونسووڵی ئەرمینیا لە هەولێر، لە وەڵامی هەمان پرسیاردا وتی: “بەپێی پرەنسیپی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی هیچ كونسووڵگەری و باڵوێزخانەیەك مافی ئەوەی نییە دەستوەردانی كاروباری ناوخۆی وڵاتێك بكات، ئێمەش كە لە هەرێمی كوردستانین ئەركمان تەنیا هاوكاری و راوێژكردنە، بەڵام داهاتی عێراق زۆر بەرز بووەتەوە و هیوادارین ئەوانیش كارە مرۆییەكانیان رانەگرن، بەتایبەت كە داهات زۆر بووە و كێشەكە هەر بەردەوامە”.