ئەنجامدانی وۆركشۆپێك لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ

دوای واژووكردنی یادداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێككەوتی 16/1/2023 ، ئەنجامدانی 12 وۆركشۆپ لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2023 لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ راگەیەندرا.
رێككەوتی 1/2/2023 لە سمینارێكدا كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو، لە هەنگاوی یەكەمدا سێكتەری پەروەردە و مافی خوێندن لە چوارچێوەی مافەكانی مرۆڤ و ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە تاوتوێ كرا.

سەرەتا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان: بەڕێزان(نوێنەرانی رێكخراوەكان، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتارانی لێژنەی پەروەردە و خوێندن لە پەرلەمانی كوردستان)، ئاماژەی بەوە كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی دامەزراندنیەوە لە ساڵی 2005 تا ئێستا، یەكێك لە سێكتەرەكانی كار و چالاكییەكانی، بایەخدان و گرنگیدانی تایبەت بووە بە پەروەردە و فێركردن. هاوكات گوتی: “ئێمە هزری بارزانیی نەمرمان كردووەتە بنەما بۆ كاركردن لەسەر پەروەردە، كە فەرموویەتی: “چەکی زانست بکەنە شانتان و هەموو توانایەكتان بخەنە كار بۆ رزگارکردنی گەلەکەتان لە نەخوێندەواری”، ئەوەش سەلمێندراوە كە هیچ گەلێك ناتوانێت وەبەرهێنانی مرۆیی بكات، ئەگەر بایەخی تەواوی بە سێكتەری پەروەردە و فێركردن نەدابێت، هەر پەروەردەشە پێشكەوتنی ئابووری و بونیادنانی داهاتوویەكی گەش و پرشنگدار بۆ كۆمەڵگە مسۆگەر و دەستەبەر دەكات”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد، كاتێك بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە، داوای كردووە “لە هەر گوندێكی كوردستان ئەگەر دوو خانەوادەش هەبن، پێویستە قوتابخانەیان بۆ بكرێتەوە”.
ئەوەشی خستە روو كە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران و گیرسانەوەیان لە كەمپەكاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بایەخی بە بنەڕەتیترین مافی ئەوان داوە، كە دەستەبەری فێربوون و خوێندن بووە. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەنیا لە سێ ساڵی رابردوو 51 پرۆژەی جۆراجۆر لە بواری پەروەردە و فێركاری و پەرەپێدانی توانای قوتابیان ئەنجام دراون، كە 147746 قوتابی لێی سوودمەند بوون.
یەكێك لەو تەوەرانەی كە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداگری لەسەر كرد، پرسی دابڕانی قوتابیان لە خوێندن بوو. هۆكارەكانیشی گەڕاندە بۆ ئاوارەبوونی هاووڵاتیان بە هۆی كردەوە تیرۆریستییەكان، پەناخوازی لە وڵاتانی دوور لە شەڕ، هەروەها تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆمبارانكردنی گوندەكانی سەر سنوور لە لایەن توركیاوە، كە بە ناچاری ژمارەیەكی زۆر لەو گوندانە چۆڵ كراون.
بەڕێز موسا ئەحمەد، ئەوەشی راگەیاند كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی دارایی زیاتر لە 18،000 منداڵی ئازیز(بێ باوك) دەكات و یەكێك لە مەرجەكانیشی ئەوەیە كە منداڵ لە تەمەنی شەشە ساڵی بچێتە بەر خوێندن و پاڵپشتیی قوتابخانەكەشی بۆ دەزگا بهێنن. هەروەها ساڵانەش هەموو ئەو ئازیزانەی كە نمرەیان لە سەرووی 90 بێت، خەڵات دەكرێن. باسی ئەوەشی كرد كە هەر لە درێژەی خزمەتكردنی پرۆسەی پەروەردە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەر چیای قەندیل، قوتابخانەی بۆ منداڵانی ئاوارە دروست كردووە، بۆ ئەوەی لە خوێندن دانەبڕێن. لە زۆر شوێنیش كە قوتابیان كێشەی گواستنەوەیان هەبووە، بەهانایانەوە چوون و ئاسانكارییان بۆ كراوە.
سەبارەت بە منداڵانی ناو كەمپەكانیش ئاشكرای كرد، لەو كەمپانەدا كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتییان دەكات، زیاتر لە 90 ناوەندی خوێندن و 68،000 قوتابی هەن. بەڵام هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان زۆر كەمیان كردووە و هەندێكیشیان هەر نەماون.
بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆتایی وتارەكەیدا داوای لە حكومەت و خێرخوازن و رێكخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەكان كرد، بە هەموو شێوەیەك پاڵیشتیی پرۆسەی خوێندن بكەن.

دواتر بەڕێز دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد. وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و دوای پێناسەیەكی كورتی بەهای پەروەردە، رایگەیاند: یەكەم جارە لە ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و لە كابینەی نۆیەم هاتووە، هەرچی تێبینیی نێودەوڵەتییە لە(UPR) كە خولێكی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانە سەر بە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ و هەروەها لەو رێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییانی كە عێراق لە ساڵانی رابردوو واژووی كردووە، هەموویان بە پەكێجێك و لیستێكی هەرێم و بەغدا بووەتە پلانێك كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەسەندی كردووە. جەنابی سەرۆكی حكومەت زۆر بە جددی پاڵپشتی سەرەكیمان بووە، كە لە بواری مافەكانی مرۆڤ هەم پلانمان هەبێت، هەمیش بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە. ئەم پلانەش تەنیا هەوڵێكی نێوخۆیی نییە، مادام داواكارییەكی نێودەوڵەتییە و بۆ هەرێم هاتووە، هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت خۆی لەگەڵ ئەم داواكاری و پرەنسیپە نێودەوڵەتییانە بگونجێنێت”.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە درێژەی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە پەروەردە و فێربوون دەبێت بایەخی زیاتری پێ بدرێت. هاوكات گوتی: “ئێمە بەپێی پڕۆگرامێكی چوار ساڵەمان كە لە بەردەستە، ساڵی یەكەم تەنیا ئەوە بووە كە بتوانین كەموكورتییەكان بەپێی ئەو راسپاردە نێودەوڵەتییە دەستنیشان بكرێن، پاشان بیر لەوە بكەینەوە میكانیزمێك بۆ چارەسەری بدۆزینەوە”.
بەڕێز دیندار زێباری ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە هاوكاریان بن. خوێندنی مافەكانی مرۆڤ لە سێكتەرەكانی پەروەردە لە سەرەتایی تا خوێندنی باڵا، پێویستە جێگای بۆ بكرێتەوە.
لە بەشی كۆتایی ئەنجامدانی ئەو وۆركشۆپەدا، هەر یەك لە بەڕێزان كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، میدیا هوشیار راوێژكاری یاسایی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆنای كیركۆنای نوێنەری یونسكو، بە تێروتەسەلی باسی كۆسپەكانی بەردەم پرۆسەی خوێندن و رێكارەكانی چارەسەریان لە روانگەی جۆراوجۆرەوە تاوتوێ كرد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest