تیمەکانی فریاکەوتن و گەیاندنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتنە تورکیا

لەسەر ڕاسپاردەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رۆژی دووشەممە رێككەوتی 6/2/2023 تیمەکانی فریاکەوتن و کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوونی زیانمەندانی بوومەلەرزە، بەرەو وڵاتی تورکیا بەڕێ کەوتن.
له ‌دوای رووداوی بوومه‌له‌رزه‌ له‌ توركیا و سووریا، تیمێكی شارەزای دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری فریاكەوتن كە چەندین خولی رزگاركردنی لێقەوماوانی كارەساتی بوومەلەرزەیان بینیوە، هەروەها بە سەرجەم پێداویستییه‌ پزیشكیییەكانەوە‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی ئه‌و رووداوه‌، گه‌یشتنه‌ توركیا.
یەكەم كاروانی فریادڕەس كه‌ له‌ 15 ئۆتۆمبێل و 50 كارمه‌ندی شاره‌زا له‌ بواره‌كانی فریاگوزاریی سه‌ره‌تایی و فریاكه‌وتن و رزگاركردن پێكهاتوون، له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ خۆیان گەیاندە توركیا.
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بە هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ ئەو هەڵمەتی دەست پێ كردووە.
تیمه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ به‌هاناوه‌‌چوونی لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی سووریا و رۆژئاوای كوردستانیش ئاماده‌باشیی تەواویان هەیە و، ئێستا سه‌رقاڵی ته‌واوكردنی رێكاره‌ كارگێڕییه‌كانن بۆ ده‌ربازبوون له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی بە هەموو توانایەك بەهانای لێقەوماوانی ئەو كارەساتەوە بڕۆن.
بەپێی زانیارییەكان ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەكانی توركیا زیاتر لە 1500 كەس بووە. 2،800 باڵاخانە و خانووش رووخاون.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی سووریاش رایگه‌یاندووە، به‌ هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ 960 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 2،400 كه‌سیش بریندارن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest