دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) دوو ملیۆن لیتر نەوتی بۆ خەڵكی كەم دەرامەت دابین كرد

بە ئامادەبوونی بەڕێزان هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دكتۆر عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی راگەیاندندا لە سۆران، رۆژی دووشەممە رێككەوتی 30/1/2023 پرۆژەی دابینكردنی دوو ملیۆن لیتر نەوت بۆ خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت راگەیەندرا.
سەرەتا بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وێڕای بەرزنرخاندنی فریاكەوتن و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی خێرخوازانی كوردستانی كرد، كە لەو وەرزی سەرماوسۆڵەدا بە دابینكردنی نەوت بۆ خێزانە هەژار و كەم داهاتەكان، بە هانای خەڵكەوە هاتوون. جەختی لەوەش كردەوە، كە پرۆژەكە جگە لە خزمەتكردنی خەڵكی كەم دەرامەت، خزمەتی پاراستنی ژینگەش دەكات.
دواتر بەڕێز دكتۆر عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەكەیدا باسی ئەوەی كرد، ئەمڕۆ لە هەموو كونگرە جیهانییەكاندا پرسی ژینگە تاوتوێ دەكرێت، بە هۆی ئەوەی هەندێك وڵاتانی پێشكەوتوو كە بەروبوومێكی باشیان هەیە، بەڵام بایەخیان بە ژینگە نەداوە، ژینگەیان رووبەڕووی مەترسیی گەورە كردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە هەر رێگەیەكەوە بێت، پێویستە هەوڵی پاراستنی ژینگە بدەین. لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بە دژواربوونی وەزی زستانی سەختی ناوچە كرد، داوای لە حكومەت كرد، بە دابەشكردنی سووتەمنی ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیان بكات. رەخنەشی لە بڕینەوەی داری دارستانەكان لە ناوقەدەوە گرت، كە لە ئێستادا بووەتە دیاردە و زیانی زۆری بۆ دارستان و سرووشت و ژینگە هەیە.
سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە دوابەشی وتاركەیدا، ئەو چالاكییەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرز نرخاند و گوتی: “ئەم پرۆژەیەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە رەهەندە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكەی و خزمەتكردنی خەڵكی كەم داهات، خزمەتی پاراستنی ژینگەش دەكات.
لە لای خۆیەوە بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەكەیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد، ئەو دابەشكردنی نەوتە كە ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت، لە پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆی پارێزگاكانی دیكەش ئەنجام دەدرێت. سەبارەت بە چۆنیەتی و چەندایەتی پرۆژەكەش ئاشكرای كرد: بڕی 2،000،000 لیتر نەوتی سپی بەسەر 20 هەزار خێزاندا دابەش دەكرێت. لە سۆران و هەولێر 600،000 لیتر، هەروەها لە سلێمانی راپەڕین و گەرمیان 600،000 لیتر، لە هەڵەبجە 200،000 لیتر، لە دهۆك و زاخۆش 600،000 لیتر نەوتی سپی دابەش دەكرێن و هەر خێزانێك 100 لیتر نەوتی سپی بەردەكەوێت. ئەوەشی دووپات كردەوە، كە بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی دابەشكردنی نەوتەكە بارودۆخ و تایبەتمەندیی دەڤەرەكە لەبەر چاو گیراوە. بۆ نموونە 50%ی ئەو نەوتەی پشكی پارێزگای هەولێرە لە سۆران دابەش دەكرێت. هەروەها گوندە شاخاوییەكان و وەزری زستانی سارد و ژینگەی پێكەوە گرێ دا. بەوەی كە دابەشكردنی سووتەمەنی رێكارێكە بۆ پاراستنی ژینگە و نەبڕینەوەی داری دارستانەكان.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە تەوەرێكی دیكەی پەیامەیدا گوتی: “ئێمە كە ئەم پرۆژەیەمان پێشكەشی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد، بە سوپاسێكی زۆرە جەنابیان یەك ملیار و 610 ملیۆن دیناری بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان كرد. دیسان دەرگەی پرۆژەكەمان بە كراوەیی هێشتەوە، بۆ هەموو ئەو كۆمپانیا و خێرومەندانە كە بە سوپاسەوە هەمیشە وەك چیایەك پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون، لەم پرۆژەیەدا بە زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بەشدارییان كردووە. هێشتاش پرۆژەكە بەردەوامە، ئێمە بەوەشەوە نەوەستاوین و لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەڕێز وەزیری نەوتی عێراقیش قسەمان كردووە، كە ئەوان بە نرخی حكوومی نەوتەكە بە ئێمە بدەن، بەتایبەتی كە بەرنامەمان هەیە، ماوە پرۆژەكە درێژ بكەینەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی سوودمەندان زیاتر بن. بە سوپاسەوە ئەوان رەزامەندییان دەربڕیوە.
لە بەشی كۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وەڵامی پەیامنێراندا سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی حكوومی بۆ هاووڵاتیان گوتی: “لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بڕێك نەوت هاتووە، كە بە دابەشكردنی ئەوەش دەكرێت بەشێك لەو بۆشاییەی پێداویستی هاووڵاتیان پڕ بكەینەوە”.

لێرەدا بەشێك لە چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ دابەشكردنی نەوت لە سەرلەبەری هەرێمی كوردستاندا دەخەینە روو:
دوای ئەوەی (BCF) پرۆژەی دابینكردنی دوو ملیۆن لیتر نەوتی بۆ خەڵكی كەم دەرامەت و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە شار و گوندەكانی هەرێمی كوردستاندا راگەیاند، بڕی 600،000 لیتری بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی تەرخان كرا.
رێككەوتی 1/2/2023 لە گەڕەكی ئابڵاخی شاری سلێمانی بڕی 400،000
لیتر نەوت بەسەر خەڵكی كەم دەرامەت و خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەش كرا. لەو چالاكییە 4000 خێزان سوودمەند بوون.
شایانی باسە پشكی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و بەردەڕەشیش دەگرێتەوە و 200،000 لیتری لەو سنوورە دابەش دەكرێت.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پرۆژەی دابەشکردنی دوو ملیۆن نەوت بۆ خەڵكی كەم دەرامەتی کوردستان(لە زاخۆ تا گەرمیان)، رێکەوتی 5/2/2023 لە بەشە سووتەمەنیی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 2،000 لیتر نەوتی سپی بە سەر 200 خێزانی دانیشتووی شارەدێی بلێ و گۆڕەتوودا دابەش کرد.


دابەشكردنی نەوتی سپی لە گوندەكانی ناحیەی بەمۆ
دوای ئەوەی بڕی 200،000 لیتر نەوات وەك پشكی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان كرا. لە گوندەكانی ناحیەی بەمۆ / سەر بە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كرا. لەو چالاكییە 10 گوند سوودمەند بوون.

دابەشكردنی نەوتی سپی لە خەلیفان -دۆڵی ئالانە
رێككەوتی 1/2/2023 نەوتی سپی بەسەر دانیشتووانی -دۆڵی ئالانە سەر بە شارۆچكەی خەلیفان دابەش كرا. ئەم چالاكییەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو گوند و شارۆچکەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە.


دابەشكردنی 40،000 لیتر نەوتی سپی لە شارەدێی سیدەکان
رێکكەوتی 5/2/2023 لە بەشە سووتەمەنیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 40،000 لیتر نەوتی سپی بە سەر 400 خێزانی شارەدێی سیدەکاندا دابەش کرا.


دابەشكردنی نەوت لە گوندی كانی خانی
رێکەوتی 5/2/2023 لە بەشە سووتەمەنیی سلێمانی – دووكان، نەوتی سپی بە سەر 80 خێزانی گوندی كانی خان دابەش کرا.

لە قەزای خەبات 400 خێزان و ناحیەی خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 400 خێزان نەوتیان بەسەردا دابەش کرا.
نەوتی سپی لە گوندەکانی پارێزگای ھەڵەنجە دابەش کرا
رێکەوتی 2/2/2023 دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوتی سپی بەسەر خێزانەکانی ناو گوندەکانی سنووری هەڵەبجەدا دابەش کرد.
لەو چالاکییەدا 400 خێزان سوودمەند بوون.
ھەولێر.. قەزای شەقڵاوە و رەواندوز نەوتیان وەرگرت
رێکەوتی 2/2/2023 نەوتی سپی بە سەر 800 خێزاندا دابەش کرد.
شایانی باسە لە قەزای شەقڵاوە 400 خێزان و لە رەواندوز 400 خێزان سوودمەند بوون.
بڕی ھاوکارییەکە بۆ ھەر خێزانێک ١٠٠ لیتر نەوتی سپی بوو.

ھەولێر.. دابەشکردنی نەوتی سپی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناو شاری ھەولێر زیاتر لە 900 خانەوادەی بەسەر کردەوە. رێککەوتی 4/2/2023 نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە 900 خێزانی دانیشتووی هەولێردا دابەش کرا.
کۆیە و تەقتەق
رێککەوتی 4/2/2023 دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوتی سپی لە قەزای کۆیە و ناحیەی تەقتەق دابەش کرد ، لەو چالاكییە زیاتر لە 500 خێزان سوودمەند بوون.
ھەڵەبجە.. دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناحیەی سیروان
رێككەوتی 5/2/2023 دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوتی سپی بەسەر گوندەکانی سنووری ناحیەی سیرواندا دابەش کرد.
سۆران..
رێککەوتی 4/2/2023 دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوتی سپی بە سەر 300 خێزانی ناحیەی سمیلان و گەڵاڵە و قەسرێ دابەش کرد.
پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بە بڕی 100 لیتر بۆ هەر خێزانێكی كەم دەرامەت بەردەوامە و پرۆژەكە بە كراوەیی ماوەتەوە.‎

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest