هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ لێقەوماوانی كارەساتی بوومەلەرزەی توركیا بەردەوامە

لەژێر رێنمایی و راسپاردەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی،
رۆژی دووشەممە رێككەوتی 6/2/2023 تیمەکانی فریاکەوتن و کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوونی زیانمەندانی كارەساتی عەردهەژێن(بوومەلەرزە)، بەرەو وڵاتی تورکیا بەڕێ کەوتن.
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بە هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان(JCC) و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ ئەو هەڵمەتی دەست پێ كردووە.
تیمێكی شارەزای دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری فریاكەوتن كە چەندین خولی رزگاركردنی لێقەوماوانی كارەساتی بوومەلەرزەیان بینیوە، بە سەرجەم پێداویستییه‌ پزیشكیییەكانەوە‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی ئه‌و كارەساتە، لەگەڵ یەكەم كاروانی فریاكەوتن كه‌ له‌ 15 ئۆتۆمبێل و 50 كارمه‌ندی شاره‌زا له‌ بواره‌كانی فریاگوزاریی سه‌ره‌تایی و فریاكه‌وتن و رزگاركردن پێكهاتوون، له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ خۆیان گەیاندە توركیا.
دوای رووداوی كارەساتباری عەردهەژێن(بوومەلەرزە) لە توركیا، تیمەكانی فریاگوزاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژانی 7 -8/2/2023 بەمجۆرە هەڵمەتی فریاگوزارییان ئەنجام دا:
لە شاری ئورفا 2،000 ژەمە خۆراكیان بە سەر زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكاندا دابەش كرد.
لە نورداخ 5000 بەتانییان دابەش كرد.
لە دیلۆک 426 کارتۆنی دەرمانیان پێشكەش كرد.
لە ئادیەمەن 2000 ژەمە خۆراکیان دابەش كرد.
هەروەها 1،000 سۆپای غاز و كارەبایی و 4،000 بەتانی و دۆشەك بە هاوكاریی كۆمپانیای كۆرەك ئامادە كراوە، كە لە شارەكانی ئورفا و دیلۆك دابەش دەكرێن. 10 بارهەڵگر ئاوی خواردنەوەش بە هاوكاریی كۆمپانیای UB ئەمادە كراوە، كە لە شارەكانی ئورفا و مەرەش دابەش دەكرێن.
هەڵمەتی فریاگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ لێقەوماوانی كارەساتی عەردهەژێنی توركیا بەردەوامە و ژمارەی قوربانیانی ئەو كارەساتەش لە هەڵكشاندایە. بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی توركیا، ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەكان لە توركیا گەیشتووەتە 12،873 كەس و تا ئێستا نزیكەی 70،000 برینداریشی هەیە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest