هونەرمەندان دەستخۆشی لە کارە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن

خێرۆ عەباس، رۆژین و هانی سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن
سێ هونەرمەندی ناوداری کوردستان سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن، دەستخۆشی لە کارو چالاکییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و، ئامادەیی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ دەزگا دەردەبڕن.
هەر سێ هونەرمەندان خێرۆ عەباس، رۆژین و هانی، کە بەشدارییان لە كۆنسێرتی “هیوا و هێز بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە” كردبوو، رێکكەوتی 30/4/2023 سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)یان كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
لەو دیدارەدا هەر سێ هونەرمەند وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بە کار و بەرهەمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێکار و هەوڵەکانیان بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە بەرز نرخاند، هەروەها كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێكتەرە جیاوازازەکان و بەتایبەتی لە بواری تەندروستی بە پێزانینەوە باس کران.
هەر سێ هونەرمەند، ئامادەیی تەواویان دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن لە هەر چالاکییەکی دیکەی مرۆیی دەزگا و هیواخوازیش بوون لە ئایندەش بتوانن بەشداری لە کەمپێین و چالاکییەکانی دیکەی مرۆیی دەزگا بکەن.
لە سەردانەکەیان هەر سێ هونەرمەند بەشە جیاوازەکانی سەرۆكایەتیی دەزگایان بەسەر کردەوە. وەک رێزلێنانێک بۆ بەشدارییان لە کۆنسێرتی هیوا و هێز بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێزلێنانی تایبەتی پێشکەسی هەر سێ هونەرمەندەکە کرد.
کۆنسێرتی “هیوا و هێز بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە”، لە رۆژانی (28 -29/4/2023 ) لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
رۆژی یەکەمی كۆنسێرتەکە لەلایەن ڕۆژین خانمە هونەرمەندی باكووری كوردستان و هەڵوێست محەمەد هونەرمەندی باشووری كوردستان پێشكەش كرا.
ڕۆژی دووەم هانی موجتەهیدی خانمە هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و خێرۆ عەباس هونەرمەندی دیاری ڕۆژئاوای كوردستان كۆنسێرتەكەیان پێشكەش كرد.
جەماورێكی زۆری هاووڵاتییان پێشوازییان لەو هەنگاوە مرۆییە كرد و بەشداری كۆنسێرتەكان بوون. سەرجەم داهاتی كۆنسێرتەكانیش بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە تەرخان كرا.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest