پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا کارە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرز دەنرخێنن و، هیواخوازن هاوکاری و هاوبەشیی نێوان دەزگا و رێکخراوە مرۆییەکانی ئەڵمانیا پتەوتر بکرێت.
شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە سەرۆکایەتیی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگا و ئەندامیەتی ئاوات مستەفا و رەواج حاجی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و شێرۆ سمۆ جوق، بەرپرسی ئۆفیسی شنگال رێككەوتی 27/4/2023 سەردانی پەرلەمانی ئەڵمانیان کرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا كە هەر یەکە لە پەرلەمانتاران ئەنگلیکا بریگگێر، نیلس شمید و رۆدریک کیسیوێتەر ئامادە بوون، هەروەها ماکس لوکس پەرلەمانتاری ئەڵمانی لە یەکێتیی ئەوروپا بە شێوەی ئۆنڵاین بەشدار بوو، سەرەتا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد، بەتایبەت هەردوو پەرلەمانتار ماکس لوکس و ئەنگلیکا بریگگێر، کە رۆڵی دیاریان لە نووسینەوەی یاسایی بەجینوسایدناساندنی تاوانکارییەکان لە دژی کوردانی ئێزدی هەبوو.
موسا ئەحمەد، وێڕای خستنەڕووی هەوڵ و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و پەیامی مرۆیی و لێقەوماوان، داواشی لەو پەرلەمانتارانە کرد، هانی رێکخراوە مرۆییەکانی ئەڵمانیا بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر بە پیر چالاکی و بەهاناوەچوونەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بێن و هەماهەنگیان پتەوتر بکەن.
پەرلەمانتارەكان وێڕای دەستخۆشیکردنیان لە کارە و چالاکییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێزانین و دەستخۆشی تایبەتیشیان هێنایە زمان، بۆ خێرا بەهاناوەچوونی تیمە فریاگوزارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزە لە سووریا و تورکیا.
پەرلەمانتارەکان دووپاتیشیان كردەوە كە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و کارە مرۆییەکان و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن. هیواخوازیش بوون پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوبەشیی دەزگا و رێکخراوە مرۆییەكانی ئەڵمانیا بۆ خزمەتی لێقەوماوان زیاتر بێت.