بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەردانی کەمپی خازر دەكات

جاسم ئەلعەتیە بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، رێككەوتی 14\5\2023 سەردانی کەمپی خازری کرد و، لەلایەن ستاف ئاسۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سروە رەسووڵ بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و ناز جەلال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا دوای وەرگرتنی زانیاری لە بارەی رەوشی كەمپەكە و خستنەڕووی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان و ئاریشە و گرفتی دانیشتووانی كەمپەكە و پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، کە لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەنجامیان دەدات. سەردانی ژمارەیەك لە خێزانەكانی دانیشتووی كەمپەكەیان كرد و بەڵێنی هاوكاری بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی دانیشتووانی كەمپەكە دووپات كردەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) سەرپەرشتیی 35 كەمپ دەکات. لە كۆی ئەو كەمپانە 25یان بۆ ئاوارەکانە و 10 کەمپیشیان بۆ پەنابەرانە. بە گشتی 261،151 کەس لە ئاوارە و پەنابەران لەو کەمپانەدا ژیان بەسەر دەبەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest