شاندێکی هاوپەیمانان سەردانی کەمپی بەحرکە دەكەن

شاندێکی هاوپەیمانان کە پێک هاتبوون لە ژەنەڕاڵ پاتریک مۆڕاند، بەرپرسی ھەماھەنگیی سەربازی – مەدەنی لە سوپای ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، ڕائد بێنۆت بوریاو/ سوپای فەرەنسا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، بەرپرسی دۆسیەی مرۆیی، ڕائد جین سباستیان/ سوپای فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان، نەقیب مارک لاڤرێرۆ/ یەکەی سەربازی – مەدەنی و قەیرانە مرۆییەکان لە سوپای فەرەنسا/ ھەرێمی کوردستان، رێككەوتی 18\5\2023 سەردانی کەمپی بەحركە لە سنووری پارێزگای هەولێریان كرد و، لەلایەن كارگێڕیی كەمپ و نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی ئاوارەکان کرا و دواتر سەردانی ژمارەیەك لە خێزانەكانی دانیشتووی كەمپەكەیان كرد و پاڵپشتیکردنی وڵاتەكەیان بۆ هاوكاری و باشتركردنی باری گوزەرانی دانیشتووانی كەمپەكە دووپات كردەوە.
لە كۆتاییدا شاندەكە سوپاس و پێزانینان بۆ کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێناو مرۆڤایەتی دەربڕی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) سەرپەرشتیی 35 كەمپ دەکات. لە كۆی ئەو كەمپانە 25یان بۆ ئاوارەکانە و 10 کەمپیشیان بۆ پەنابەرانە. بە گشتی 261،151 کەس لە ئاوارە و پەنابەران لەو کەمپانەدا ژیان بەسەر دەبەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest