بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، رۆی فێلیپس و كارین فێلیپس نوێنەرایی دەزگای خێرخوازیی (LDS)ی ئەمریكی، رێككەوتی 30\5\2023 لە كۆنگرەیەكی میدیاییدا پرۆژەی دروستكردنی 127 پۆلی خوێندنی لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاندرا.
سەرەتا بەڕێز ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشەكانی لە سێكتەری پەروەردە، ئاماژەی بەوە كرد، كە لە رێككەوتی 1\6\2023 پرۆژەكە دەكەوێتە واری جێبەجێكردن و مەبەستی سەرەكییش كەمكردنەوەی سێ دەوامییە لە ناوەندەكانی خوێندن، ئەوەشی خستەڕوو كە لە لایەن رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەزامەندیی دروستكردنی زیاتر لە 294 ژووری خوێندن دراوە، كە زۆربەیان جێبەجێ كراون.
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە سەرەتای دەستبەركاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، 139 قوتابخانە سێ دەوامیی بوون، ئێستا كەم بوونەتەوە بۆ 50 قوتابخانە، جەختی لەوەش كردەوە، كە ئەو پرۆژەیەش كە لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشەكانی ئەنجام دەدرێت، وادەكات كەمتر لە 10 قوتابخانەی سێ دەوامی بمێنن. هاوكات گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵی رابردووش 203 ناوەندی خوێندنی لە هەرێمی كوردستان بە كەركووكیشەوە نۆژەن كردەوە، ئەمساڵیش دوو ملیارد دیناری بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان كردووە، كە هەوڵ دەدەین پێش دەوامی ساڵی 2023 -2024 پرۆژەكە كۆتایی بێت. بۆیە سوپاسێكی تایبەتیی هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و(LDS) دەكەین كە بەردەوام هاوكارمان بوون”.
دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە گرینگییەكی زۆری بە بواری پەروەردە داوە و، هیچ ساڵێكیش نەبووە كە پرۆژەیەكی كاریگەری لە هەموو سێكتەرەكان نەبێت. هاوكات سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی(LDS) دەربڕی و گوتی: “بەڕاستی (LDS) برایانە لە هەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵماندا بوون و هاوبەشییان كردووە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوە كردەوە، كە جەنابی سەرۆك بارزانی بەردەوام رێنمایی كردوون، بۆ ئەوەی دروشمی بارزانیی نەمر كە فەرموویەتی: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”، بە كرداری بكەن. هەروەها جەنابی مەسرور بارزانی كە سەرۆكی بۆڕدی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)یە، رێبەرایەتیی كردوون، كە بە دەستی پڕ لە هەموو ئەو لایەنانەی كە پێداویستییەكانی ژیانی خەڵكی خۆمانە و لە میوانداریی ئەو خەڵكەش كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، رۆڵی باڵا بگێڕن. سەبارەت بە پرۆژەكەش گوتی: “ئێمە تا لە تواناماندا بێت، پرۆژەكە بەرفراوانتر دەكەین، هەمیشەش پشتگەرم بووین بە سەرمایەداران و خێرخوازان و هاوبەشەكانی خۆمان لە ناوخۆ و دەرەوە، كە هەمیشە گوتوومانە وەك چیا لە پشت ئێمە وەستاون”. داواشی لە خاوەن كارەگەكانی بەتایبەتی چیمەنتۆ، شیش، بلۆك و پێداویستییەكانی خانووبەرە كرد، دەستی هاوكاریی درێژ بكەن، بۆ ئەوەی بە تەواوی بتوانن سێ دەوامی لە ناوەندەكانی خوێندن بنبڕ بكرێت و ژینگەیەكی لەبارتر بۆ خوێندنی قوتابییان دەستەبەر بكەن.
دواتر بەڕێز رۆی فێلیپس وتارێكی پێشكەش كرد و سەرەتا خۆشحاڵیی خۆی سەبارەت بە ئامادەبوونی خۆی و هاوسەرەكەی(كارین فێلیپس نوێنەری دەزگای خێرخوازیی (LDS)ی ئەمریكی) لە رێوڕەسمی راگەیاندنی پرۆژەكە دەربڕی. هاوكات گوتی: “شەرەفمەندین بە بەشداریكردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ منداڵان و دایك و باوكیان لە هەرێمی كوردستان. ئەم پرۆژەیە زۆر جوانە و كۆمەڵێك گۆڕانكاری بۆ نەوەی داهاتوو دروست دەكات، یەكێك لە ئەولەوییەتەكانی دەزگای (LDS)یش بابەتی پەروەردەیە، لەگەڵ پێشكەوتنی كوردستان منداڵەكانیش دەبێت هەل و دەرفەتی باشیان بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی باشتر هەبێت”.
دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی هاوبەشیی رێكخراوی(one vision) ی كرد و گوتی: “ئەوانیش لەو پرۆژەیەدا بەشدارن و لە ساڵانی رابردووش هەماهەنگیی بەرچاویان لەگەڵ ئێمە هەبووە، بەداخەوە نوێنەریان نەیتوانی ئەمڕۆ لەم رێوڕەسمەدا ئامادە بن”.
لە بەشی كۆتایی راگەیاندنی پرۆژەكەشدا بەڕێز ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی پرسیاری میدیاكارانی دایەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی دروستكردنی 127 پۆلی خوێندنی لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest
نوێترینەکان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەشداری لە كۆڕبهندی BBF لە ئەڵمانیا بانگهێشت دەكرێت
24/10/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »
لەژێر چاودێریی ڕێزدارمەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی(BCF City) لە قوشتەپە دانرا
21/10/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »