مێرمنداڵێك، دەنك دەنك فرمێسك بە سەر گۆنای سوورهەڵگەڕاویدا وەك مرواری بەر دەبێتەوە، باسكیلەكەی بە تەواوی سووتاوە و بۆی دەگری.. ئافرەتێك فرمێسك و دووكەڵ، لیتەیەكی رەشی لەسەر روومەتی دروست كردووە، دایكێك كیژە مێرمنداڵەی لە ئامێز گرتووە و توند بە سینگی خۆیەوەی نووساندووە، بە زمانی عەرەبی هەر شوكری خوای مێهرەبانی دەكرد، بەوەی كچە تاقانەكەی لە ناو خەودا بووە و خەڵك بۆیان رزگار كردووە.. پیاوێك لێوەكانی خۆی دەگەست و دەیگوت: “ماڵوێران بووین، هێچمان نەما، هیچمان بۆ دەرنەچوو”، ئافرەتێكی باساڵاچووش دوای نەمانی بەفرگر و فێنككەرەوەكەی لە دەرەوەی كەرەڤانە سووتاوەكان لە هۆش چوو…
ئەوانە دیمەنێك بوون لە تابلۆی خەمبار و زیان پێكەوتووی كەمپی هەرشەم كە رۆژی چوارشەممە رێككەوتی12\7\2023 بە هۆی ئاگركەوتنەوەیەك بەشێكی(16 كەرەڤان) بە تەواوی سووتان، كە 15 خێزانی تێیدا نیشتەجێ بوون.
ئەو كەمپە كە دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر 270 خێزانی ئاوارەی سنووری پارێزگای نەینەوای داڵدە داوە، كە لە ترسی تیرۆریستانی داعش پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێنابوو.
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی (ستاف ئاسۆ) لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، گوتی: “خۆشبەختانە رووداوەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام لە رووی ماددی، زیان زۆرە و كەلوپەلی ناوماڵیان هیچی نەماوە”. جەختی لەوەش كردەوە كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پەلە و ناگاتە شەو، شوێن و پێداویستیی سەرەتایی ژیان بۆ زیانبەركەوتووان ئامادە دەكات، بە هەموو جۆرێك قەرەبوو دەكرێنەوە و شوێنی خۆیان بۆ نۆژەن دەكرێتەوە”.
ئەوەی لەو رووداوەدا سەرنجی دانیشتووانی كەمپەكەی راكێشابوو، ئامادەبوونی تیمەكانی ئاگركوژێنەوەی بەرگری شارستانی و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو، كە بە خێرایی هەڵمەتی فریاكەوتنەكەیان دەست پێ كردبوو.
تا نووسینی ئەم راپۆرتەش هێشتا ئاگرەكە بە تەواوی دانەمركاوە، ئاگركوژێنەوەكان فیداكارانە لە ناو دووكەڵی چڕدا بە گژ هەر بڵێسەیەكدا دەچن بۆ ئەوەی بە تەواوی كۆنتڕۆڵی بكەن. گەرمای پاشماوەی سووتماك، ئەویش لە مانگی تەمووز تاقەتپڕووكێنە و بە ناچاری ئاگركوژێنەوەكانیش دەكوژێننەوە.. بە گوشاری ئاو، رزگاركار و فریادڕەسەكان دەخووسێنن، بۆ ئەوەی جارێكی دی بڕۆنەوە نێو شوێنە سووتاوەكە و سەرتاسەری سارد بكەنەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیانبەركەوتووانی ئاگركەوتنەوە لە كەمپی هەرشەم قەرەبوو دەكاتەوە
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest
نوێترینەکان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەشداری لە كۆڕبهندی BBF لە ئەڵمانیا بانگهێشت دەكرێت
24/10/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »
لەژێر چاودێریی ڕێزدارمەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی(BCF City) لە قوشتەپە دانرا
21/10/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »