لە درێژەی سەردانەكانی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) لە ویلایە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەریەك لە بەڕێزان ئاوات مستەفا و كارزان نوری ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێككەوتی 14/8/2023 سەردانی رێكخراوی “Peace Winds”ی ئەمریكییان كرد لە واشنتۆن و لە لایەن بەڕێز واین نیسلی بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا.
لەو دیدارەدا سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی تیشكی خستە سەر كەمبوونەوەی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ هەرێمی كوردستان و گرینگی بەردەوامبوونی رێكخراوی ناوبراو لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان و گرنگیدان بە مەشقی پیشەیی و فێركردنی خەڵك بۆ دۆزینەوەی هەلی كار.
شایەنی باسە رێكخراوی “Peace Winds”، یەكێكە لە هاوبەشە هەرە گرنگەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەرێمی كوردستان و تا ئێستا چەندین پرۆژەی لە سێكتەرەكانی ژیانەوانی و مەشقی پیشەیی و دۆزینەوەی هەلی كاری ئەنجام داوە، بڕیاریشە لە داهاتوو پرۆژەكان لە نێوان رێكخراوی ناوبراو و دەزگای خێرخوازیی بارزانی فراوانتر بكرێت.
بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە هەمان رۆژ پێشوازی لە سەرۆكی رێكخراوی (Infinitus Salvatour) و دامەزراوەی پاس لە ئەمریكا كرد، كە بڕیار وایە لە داهاتوویەكی نزیكدا هاوكارییەكانیان بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دەست پێ بكەن. هەر لەو دیدارەدا بە وردی باس لە گیروگرفت و كێشەكانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرا.