هەولێر.. راگەیاندنی پرۆژەی کێبڕکێی توێژینەوەی ناوازە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بە هاوبەشیی زانکۆی لوبنانی – فەرەنسی، رێككەوتی 4\9\2023 لە ڕێورەسمێکدا “پرۆژەی کێبڕکێی توێژینەوەی ناوازە”ی ڕاگەیاند.
بەڕێز موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دەستپێكی ڕێورەسمەکەدا وتارێكی پێشكەش كرد و لەدوای بەخێرهاتنی ئامادەبووانی بەڕێز، لە بەشێك لە وتەكانیدا گوتی: “ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پلانی ساڵانەی خۆمان دادەڕێژین، جگە لە پرۆژە خێرخوازی و هاوکارییەکان کە بە پاڵپشتیی خێرخوازان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان جێبەجێیان دەکەین، دەمانەوێت لە پرۆژە زانستییەکانیشدا پشتیوان بین و بەش بە حاڵی خۆمان هاوکار بین”.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوە كردەوە كە بۆشاییەك لە بواری توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان هەیە، توێژینەوەكان زۆر كەم و لاوازن، بۆیە بە پێویستیان زانیوە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی لوبنانی-فەرەنسی “پرۆژەی کێبڕکێی توێژینەوەی ناوازە” رابگەیەنن.
هاوكات گوتی: “ئێمە هیچ مەرج و ڕێنماییمان بۆ بابەتەكانی توێژینەوەكان نییە، بەڵکوو تەنیا هاوکارین، ئەوە زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆن کە دەبێت مەرجە زانستییەکان دابنێن و چاودێریی توێژینەوەکان بکەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن کە لە کوردستان بابەتی دەست بۆنەبراوی توێژینەوە هەن، كە پێویستە کاریان لەسەر بکەن. ئێمە لە داهاتووش بە هەموو توانایەك هەوڵ دەدەین پاڵپشتیی ئەم جۆرە پرۆژانە بكەین”.
دواتر بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ئەمین ساڵح وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی ئەوەی كرد، “توێژینەوەكان داینەمۆی پێشكەوتنی هەر وڵاتێكن”، سەبارەت بە توێژینەوەكانیش لە هەرێمی كوردستان گوتی: “ژمارەی توێژینەوەكانمان لە ساڵانی رابردووە زۆر بووە، بەڵام زۆر بواری دیكە هەن كە پێویستە كاری جددیتریان لەسەر بكرێت”، هاوكات رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو پرۆژە هاوبەشەدا زۆر بەرز نرخاند و بە گەرمی سوپاسی ستافی دەزگا و ستافی زانكۆی خۆیانی كرد، داوای لە قوتابیان و مامۆستایانی بەرێزیش كرد، هەموو توانایان بخەنە گەڕ، بایەخی تەواو بە توێژینەوەكان بدەن.
لە بڕگەیەكی دیكەی ئەو رێوڕەسمەدا، بەڕێز پڕۆفیسۆر عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای دەستخۆشی و سوپاس و پێزانین بۆ پرۆژە هاوبەشەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زانکۆی لوبنانی-فەرەنسی، ئاماژەی بەوە كرد، كە بژاری “ناوازە” بۆ پرۆژەكە، خۆی شتێكی ناوازەیە و دواتر تیشكی خستە سەر كار و پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و جەختی لەوە كردەوە كە ئەم دەزگایە “سنوورەكانی حزبایەتی، ئایینی، تائیفی و نەتەوەیی بڕیوە و، لە نێوان هیچیان لە هاریكاییەكاندا جیاوازی نەكردووە. داواشی كرد، توێژینەوەكان ئاراستەی خۆیان بەرەو پەرەپێدان بگۆڕن.
لە بەشی كۆتایی رێوڕەسمی راگەیاندنی پڕۆژەی کێبڕکێی توێژینەوەی ناوازە، بەڕێز دكتۆر عەباس بورهان قەرەداغی لە دیبەیتێكدا باسی ئەوەی كرد، جگە لەوەی 54 خولی بەڕێ كردووە، بنەمایان بۆ توێژینەوەكان داڕشتووە، هاوكات نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی كە توێژینەوەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر بۆ بەرزكردنەوەی پلەی زانستی بووە. رۆحییەتی كاركردنی تیمی و بەردەوامبوون لەسەر توێژینەوەكان كەم بووە.
پلانی توێژینەوەی ناوازە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زانکۆی لوبنانی-فەرەنسی لەسەری ڕێک كەوتوون، بریتین لە زانستەكانی مرۆیی، تەندروستی، ئابووری، تەکنەلۆژیا، کارگێڕی و ژینگەیی، توێژەرانی سەركەوتووش بڕی دوو ملیۆن دیناریان پێشكەش دەكرێت

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest