شەقڵاوە.. دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێوارەئاهەنگێك بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت رێک دەخات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، بە هاوبەشیی لەگەڵ بەڕێزان شوان زراری، ئامانج هیلال كاوانی، دكتۆر جەنگی جەلال، رێككەوتی 11\9\2023 لە شەقڵاوە، ئێوارەئاهەنگێكی بۆ بەدیارخستنی توانا و بەهرەی خاوەن پێداویستییانی تایبەت رێك خست.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دەستپێكی رێوەڕسمەكەدا، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و دەربڕینی سەرسامییان بە كار و بەرهەمە جوانەكانی خاوەن پێداویستییانی تایبەت، گوتی: “ئێمە پەیڤێكی بارزانیی نەمرمان كردووەتە دروشمی كارەكانی خۆمان كە فەرموویەتی: شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”. دواتر روو لە بەهرەدارانی خاوەن پێداویستی تایبەت كە لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون، گوتی: “ئەمڕۆ ئێوە كارێكی ناوازە و جوانتان پێشكەشی ئێمە كرد، ئێوە هزرێكتان پێ بەخشین كە بەڕاستی دەبێت زیاتر بیری لێ بكەینەوە و زیاتر كاری لەسەر بكەین. ئێوە سەلماندتان كە ئێمەین پێویستیمان بە ئێوە هەیە. نەك ئێوە پێویستیتان بە ئێمە هەبێت”. گوتیشی: “بە كار و بەرهەمە جوانەكانتان نیشانتان دا، مرۆڤی كورد (بە ژن و پیاویەوە) چەندە ئامادەیە لەسەر پێی خۆی بوەستێ و ژیانێكی شەرەفمەندانە و شایستە بۆ خۆی دابین بكات”.
بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە داوایان لە بەڕێز قایمقامی شەقڵاوە كردووە، شوێنێك دابین بكەن، بۆ ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو شوێنەدا، جێگایەكی تایبەت بۆ نمایشكردن و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانی هەر یەك لەو بەهرەدارانە دروست بكات.
دواتر بەڕێز كاروان كەریم خان قایمقامی شەقڵاوە، وتارێكی پێشكەش كرد و دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرمایەدارنی بەڕێز دەربڕی و گوتی: “بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیان لەسەر شایانی خۆیان دروست كردووە و خۆشحاڵین كە ئێمەش پێشباری ئەو كارە دەبین و لە خزمەتی خاوەن پێداویستییانی تایبەتدا دەبین”.
قایمقامی شەقڵاوە جەختی لەوە كردەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، توانیویەتی لە ماوەی رابردوو بە روانگەیەكی مرۆڤدۆستانە لە بوارە جیاجیاكاندا خزمەت بكات. باسی ئەوەشی كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی رابردوو 203 قوتابخانەی نۆژەن كردووەتە، ئەمساڵیش بڕیار وایە چەندین قوتابخانەی دیكە لە دەڤەری شەقڵاوە نۆژنەن بكرێتەوە. بە وتەیەش كۆتایی بە وتارەكەی هێنا: “ئەو دەستانەی بۆ هاوكاری نەوی دەكرێن، زۆر پیرۆزترن لەو دەستانەی بۆ دوعاكردن بەرز دەكرێنەوە”.
دواتر بەڕێز دكتۆر جەنگی جەلال، لە ئاخافتنەكەیدا، باسی پرۆژەیەكی كرد كە لە ساڵی 2021 بۆ 40 خاوەن پێداویستیی تایبەت لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی جێبەجێیان كردووە، ئەمڕۆش 17 كەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە بەهرە و كاری دەستیی خۆیان لەو ئێوارەئاهەنگەدا بەشدارن، هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، كە دەستپێشخەریی كردووە، بە بیرۆكەی ئەوەی شوێنێكی تایبەت بۆ بەرهەمەكانی خاوەن پێداویستییانی تایبەت دابین بكرێت.
دواتر بەڕێز سامان عەبدوڵڵا بە ناوی دەستەی كارگێڕیی رێكخراوی باوەش بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، كە وەك باسی كرد” 1125 ئەندامیان هەیە، لە وتەكانیدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ بیرۆكەی دابینكردنی شوێنێك بۆ نمایشی بەهرەكانی خاوەن پێداویستییانی تایبەت دەربڕی و بە سوپاس و پێزانین بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشانی لەو بوارەدا كۆتایی بە وتەكانی هێنا.
بەشی كۆتایی ئەو ئێوارەئاهەنگەش، پێشكەشكردنی چەند ستران و ئێوارەخوان بوو بۆ ئامادەبوون، خاوەن بەهرەكانیش هاوكاریی نەختینە و پارسێلی خۆراكیان پێشكەش كرا.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest