دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بە هاوبەشیی زانکۆی لوبنانی – فەرەنسی، پرۆژەی کێبڕکێی توێژینەوەی ناوازەی بۆ توێژەران لە بوارە زانستییە جۆراوجۆرەکان ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ناوەڕۆکی پرۆژەی کێبڕکێی توێژینەوەی ناوازە، زۆربەی بەش و بوارەکان دەگرێتەوە، لەوانە بوارەکانی: زانستی مرۆیی، زانستی تەکنەلۆژیا، زانستی تەندروستی، زانستی ئابووری و كارگێڕی، زانستی ژینگەیی و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، توێژەران دەتوانن توێژینەوەکانیان رەوانە بکەن بۆ ئەوەی بەشداری کێبڕکێکە بکەن.
هاوکات لێژنەیەکی پسپۆڕ، کە لەچەند پرۆفیسۆرێک لە هەر یەکێک لە بوارە جیاوازەکان پێکهاتوون و هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکان دەکەن، توێژینەوەی براوەش، لە هەر یەکێک لەو بوارانە بە جیاواز، خەڵاتی دوو ملیۆن دینار وەردەگرێت و توێژینەوەکەش لە گۆڤاری زانستیی (قەڵای زانستی) زانکۆی لوبنانی – فەرەنسی بڵاودەکرێتەوە.
وەرگرتنی توێژینەوە بۆ کێبڕکێکە، لە رێکەوتی 5ی 9ی 2023 دەستیپێکردووە و لە رێکەوتی 5ی 11ی 2023 کۆتایی دێت، ئەنجامی کێبڕکێش لە رێکەوتی 7ی 12ی 2023 لە هۆڵی کۆنفرانسەکان، لە زانکۆی لوبنانی – فەرەنسی لە هەولێر، رادەگەیەنرێت.
مەرج و تایبەتمەندییەکانی توێژینەوە و توێژەر بۆ بەشداریکردن:
- پێویستە توێژەر بە لایەنی كەم دەرچوو، یان قوتابیی بەكالۆریۆس بێت.
- توێژینەوەكە پێشتر لە هیچ شوێنێك بڵاو نەكرابێتەوە.
- توێژینەوەكە تەنیا بەراوردكاری، یان شیكاری نەبێت، بەڵكو پێویستە دەرئەنجام و چارەسەر لەخۆ بگرێت.
- توێژینەوە بە هەر زمانێک (کوردی – عەرەبی – ئینگلیزی) بێت، قەبوڵکراو دەبێت.
کاتی وەرگرتن و راگەیاندنی ئەنجام:
- وەرگرتنی توێژینەوەكان لە رێکەوتی 5ی 9ی 2023 دەستیپێکردووە و لەرێکەوتی 5ی 11ی 2023 كۆتایی دێت.
- ئەنجەمەكان رێككەوتی 7ی 12ی 2023 لە هۆڵی كۆنفڕانسەکانی زانكۆی لوبنانی – فەڕەنسی رادەگەیەندرێن.
خەڵاتی براوەكان:
- بڕی (2،000،000) دوو ملیۆن دیناری عێراقی وەک خەڵات دەدرێتە توێژینەوەی یەكەم لە هەر بوارێك.
- توێژینەوەكان لە گۆڤاری زانستیی “قەڵای زانست”ی زانكۆی لوبنانی فەڕەنسی بڵاودەكرێتەوە.
توێژەران دەتوانن لە رێگەی ئەم ئیمەیڵەوە توێژینەوەکانیان رەوانە بکەن: rec@lfu.edu.krd